گۆڕان لە نێوان خەمی گشتی و بەرژەوەندی تایبەتدا.
2019-03-29 18:53:48
كاردۆ محەمەد
گۆڕان ؛وەک ڕەوتێکی سیاسی و مۆدێلێکی جیاوزی کارکردن سیاسی و ڕێکخراوەیی بە تێڕوانین و ڕێبازێکی نوێ هاتە مەیدان، لە ڕەوتی کارکردنی دا لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجەکانی، ڕووبەڕووی گەلێک ئاستەنگ و لەمپەر بۆتەوە. مێژووش سەلماندوویەتی و پێماندەڵێت، بزووتنەوەی سیاسی لە ڕەوتی خەباتکردنی دا لە پێناوی چاکسازی و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسیدا ناتوانێت بۆ جێبەجێکردنی کارنامە و گەیشتن بە ئامانجە باڵاکانی بە ڕاستەڕێیەکی ڕاست و هەمان تاکتیک بڕوات. هەروەک چۆن لە کاتی سەرکەوتن بەسەر چیادا ،نابێت قەدبڕ سەرکەویت، بەڵکو دەبێت بە ڕێچکە و گەوە گەوە بۆی بڕۆیت.
گۆڕان لە ناوچەیەکی جوگرافی ئاڵۆز و لە ناو کلتورێکی تایبەت ولە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا سیاسەت دەکات، سەرەڕای گەشەکردن و پاشەکشێکردن و هەڵە و هەڵوێستە پۆزەتیف و پڕ سەروەرییەکانی، شوناس و پێگەی خۆی پاراستووە ،تا ئێستاش لە ململانێیەکی سەختدایە و ڕوناکی مۆمەکەی جێگەی ئومێدی بەشێکی زۆری ئەو چین و توێژەکانی کوردستانە کە بەرژەوەندی خۆیان لە بەرنامە و کارنامەکەیدا دەبیننەوە، بێگومان ،ئەمەش بێ گرێ و گرفت نییە . گۆڕان، وەک هێزێکی جیاواز لە خودی خۆیدا لە مەنەلۆگ و لەگەڵ ئەوانی تریش لە دیالۆگدایە بۆ گەیشتن بە کۆڕا و بڕیاری دروست ،لە بابەت پرسە هەستیار و چارەنووس سازەکان دا، ئەمەش بە بیرکردەوە و هەڵسەنگاندنی دروست و زانستی ، لەگەڵ هەڵسوڕاو و پەرۆشانی چاکسازی گۆڕانکاری لە سەرجەم جومگە و ئۆرگانەکانی گۆڕاندا دەبێت، هەنگاونان بۆ چوونە دەسەڵات هاوبەشبوون یان مانەوە بە ئۆپۆزسیۆن، بە پابەندبوون بەو بنەمایانەی گۆڕانی بۆ دروستکراوە و لەسەری دامەزراوە، بەکار و هزری هاوبەشی هەڵسوڕاو لایەنگرانی خۆی و بە دامەزراوەییکردنی خۆی نەبێت. ناتوانێت جێگەی ئومێدی هەمووان بێت . بەردەوامی لە نوێگەری و تازەکردنەوە و پابەندبوون بەو بڕیارانەی جڤاتی گشتی و نیشتیمانی داویەتی کە دەبێت لە کۆنگرەدا دەستوری گۆڕان مشتوماڵ بکرێتەوەو لە کەشێکی لەبار و دیموکراسیدا نوێنەرانی هەڵبژێرێتەوە و ئۆرگانەکانی تازە بکاتەوە، ئەمەشیان ئەو داواکاری و ڕێگە ڕاستەیە بۆ ئەوانەی لە خەمی گشتی و گۆڕاندان، هیچ پاساوێکیش ڕەوایەتی نادات بە دواخستنی پرۆسەی تازەکردنەوە و یەکخستنی تواناکان و جێبەجێکردنی دەستورێک کە بە حزوری رەوانشاد نەوشیروان موستەفا کۆڕای لەسەر بووە، چونکە زۆر جار ڕۆژهەڵاتییەکان لە ترسی نەیاری دەرەکی داینەمۆی گۆڕانکاری ناوەکیان پەکخستووە، بێگومان ئەو کاتە زەفەریان پێبراوە ،لە وشککردنی ڕەگەکانی گەشەکردنیان و سیسبوون و وەرینی گەڵا و گۆڵیان، بۆیە دەبێت بزووتنەوەی گۆڕان و گۆڕانخوازان لەوە بە ئاگاتر و وشیارتربن کە ئەزموونی هێزە سونەتی و شکستخواردووەکان دووبارە بکەنەوە، دەبێت ئەمە خەمی گشتی و خەمی گۆڕانخوازان بێت.