Draw Media

کێ براوەیە لە پێکهێنانی کابینەی نوێدا؟

کێ براوەیە لە پێکهێنانی کابینەی نوێدا؟

2019-03-29 14:30:30


کەمال چۆمانی

لەناو سیستەمی گەندەڵدا، هیچ لەوە ئاسانتر نییە کە پۆست و پارە ببەیتەوە، بەتایبەت کە کەسێک بی بانگەشەی ریفۆرم و گۆڕانکاریی بکەیت و دەستەڵاتدارێتیی بە هەڕەشەت بزانێت، جا بەپێی قەبارەی هەڕەشەکە و کاریگەرییت دەتوانیت بەرژەوەندییە خودییەکانت مسۆگەر بکەیت. بۆیە، براوە ئەوە نییە کە پۆست و پارەی زیاتر دەباتەوە، ئەوانەشی تێگەیشتنیان بۆ بردنەوە لە سیاسەت و حوکمڕانیی و حیزبایەتییدا لەو چوارچێوەیە دەخولێتەوە، کەسانی بەرژەوەندخواز و خۆپەرستن و سیاسەت وەک پڕۆسەیەک بۆ بەدەستهێنانی ئامانج و بەرژەوەندییە خودییەکان دەبینن و دەکەن نەک بەرژەوەندییە گشتیی و نیشتیمانیی و جڤاکییەکان. 
پارتیی و یەکێتیی لەو چوارچێوەیەدا هەمیشە براوەن. یاریی یەکێتیی و پارتیی لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦شەوە کۆتایی هاتوە. ئەو دو هێزە رێککەوتون کە چۆن پۆستەکان و سەرچاوەکان و بازاڕ دابەشبکەن. هەر چەند ساڵێک جارێک دوای ئەوەی رۆڵی هێزەکان کەمێک گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، یارییەکی ناشیرین دەکەن لەڕێی میدیا دەمشڕ و سێبەر و هەندێک بەیاننامە و لێدوانی ئاگرینی و خەڵکی خۆیان وا لێ دەکەن وەک بڵێی هەڕەشەیەکی وجودیی لەسەر خۆیان و کوردستانە تا بتوانن جارێکی تر پۆست و سەرچاوەکان و بازاڕ دابەشبەکەنەوە. ئێستا کە باڵانسی هێز کەمێک گۆڕانکاریی بەسەردا هاتوە، ئەو یارییە دەستیپێکردوە و ماوەیەکی تر کۆتایی پێ دێت.
لەناو ئەو زەلکاوە پیسەی هەرێمی کوردستاندا سیاسەتکردن و کارکردن ئاسان نییە. هەر بۆیە تەنانەت کاتێک کەسێکی بەڕێزی وەک کۆچەر بیرکار سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لە زانکۆی سەلاحەدین دکتۆرای فەخریی پێدەبەخشرێت و لەلایەن بەرپرسانی حکومەت و هەرێم و حیزبەکانەوە پێشوازیی لێ دەکرێت، زۆر خەڵک رەخنەی لێ دەگرن چونکە دەترسن بکەوێتە ناو گەمە گڵاوەکانی ئەو دو هێزەوە چونکە کەم وا هەیە کەسێکی باش لێیان نزیک بوبێتەوە و دواتر خراپ نەبوبێت.
بۆیە؛ بردنەوەی راستیی ئەوەیە لەناو ئەو زەلکاوەدا تەنها ئەوەیە خۆت و دونیابینییت نەدۆڕێنیت. هەر نزیکبونەوەیەکیشت لەو دو هێز و حکومەتە، نابێت لەسەر حیسابی خەڵک و بیروڕاکانت بێت، هەر سازشێکی جدیی کۆتایی خۆتە.
ئێستا کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنرێت. شەڕی پۆست و دەستەڵاتدارێتیی و دابەشکردنەوەی بازاڕ و سەرچاوەکانە. بۆ من کەسیان براوە نین. هەمویان دۆڕاون. ئەو دۆڕانەش تەنها یەکێکی ترە لە کۆی هەمو دۆڕانەکانی ٢٨ ساڵی رابردو. بردنەوە لە دیدی خەڵکەوە ئەوەیە پێکهێنانی کابینەی نوێ ببێتە هۆی خۆشگوزەرانیی و حوکمڕانیی چاک و دیموکراتیک، کە بەداخەوە پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەکە ئەوە نیشاندەدات کە کابینەی خزمەتگوزاریی باش و حوکمڕانیی چاک و دیموکراتیک نییە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand