Draw Media

تایبەتمەندیی و لێهاتوویی كاندیدی سەركەوتوو

تایبەتمەندیی و لێهاتوویی كاندیدی سەركەوتوو

2018-04-12 09:03:32


د. تەیسیر مشارقە
 لێهاتوویی پەیوەندیكردن پەیوەستە بە هونەرەكانی باوەڕپێهێنان و بە بازاڕكردن و ریكلامی بانگەشەی هەڵبژاردن و رێوشوێنەكانی بەدەستهێنانی رای گشتی، ئەم لایەنە گرنگە پێویستی بە ژمارەیەك تایبەتمەندی هەیە كە پێویستە لە كاندیدەكانی هەڵبژاردنەكاندا هەبن.
كاندیدی سەركەوتوو ئەوەیە كە خاوەنی ژمارەیەك لەم تایبەتمەندییانەی خوارەوە بێت:
-    توانای ئەوەی هەبێت بە زوویی و خێرا ئاشنای خەڵك و جەماوەر بێت و جەماوەرەكەی بناسێت.
-    كاندیدی هەڵبژاردن پێویستە سەرنجەكانی چڕبكاتەوە لە بیرۆكە و شارەزایی هاوبەش لەگەڵ دەنگدەران و بایەخدان بە خاڵی بەیەكگەیشتن و دووركەوتنەوە لە خاڵە ناكۆكەكان.
-    توانای دیاریكردنی ئامانجەكانی هەبێت لە گەیشتن بە پەرلەمان، یان ئەنجومەنی پارێزگا، یان ئەنجومەنی شارەوانی. پێویستە كۆبوونەوەی تایبەت لەگەڵ جەماوەر بكات بۆئەوەی ئەو ئامانجانە ئاشنایان بكات كە دەیەوێت بەدیانبهێنێت.
-    پێویستە چاوپێكەوتنە تایبەتەكانی لەگەڵ ئەو جەماوەرەدا بێت كە دەیەوێت دەنگیان بەدەستبهێنێت بۆئەوەی بزانێت چیان دەوێت؟ و داواكارییان چییە؟
-    كاندید دڵنیابێت كە هەموو ئامانجەكانی واقعین و مایەی جێبەجێكردنن و لە كۆبوونەوەكاندا جەختبكاتەوە كە ئامانجەكانی واقعین و جێبەجێ دەكرێن.
-    كاندید توانای ئەوەی هەبێت پەیامەكانی بە باشی بگەیەنێت و بە زمانێك بدوێ‌  كە گونجاو بێت بۆ جەماوەرەكەی.
-    كاندید توانای ئەوەی هەبێت ئاستی هۆشیاری و تێگەیشتنی ئەو جەماوەرە بزانێت كە قسەیان بۆدەكات.
-    پێویستە لەسەر كاندید وتاری باوەەڕپێكەر بۆ جەماوەر هەڵبژێرێت و راستی و زانیاری دروست بەكاربهێنێت و حەز و ئارەزووی پێداویستییەكانی دەنگدەران لە خۆبگرێت.
-    كاندید توانای ئەوەی هەبێت ئەو خاڵە بنەرەتییانە دیاریبكات كە دەیەوێت قسەیان لەسەر بكات.
-    كاندید توانای ئەوەی هەبێت هێزی عەقلی ئەو خەڵكانە بزانێت كە بە ئامانجیان دەگرێت و پێویستە توانا و پلەی خۆڕاگری دەنگدەران و نەریت و كلتوریان بزانێت و تا چ ئاستێك دەتوانرێت گۆڕانكاری بكرێت.
هەموو ئەو  تایبەتمەندییانەی سەرەوە راستی و بابەتیی و بەهێزی ئەوە رەتناكاتەوە كە پێویستە كاندید توانای وتاردان و قسەكردنی باش و نوسینی هەبێت و توانای گوێگرتنی هەبێت و جگە لە مانەش توانای باوەڕپێهێنان و كاریگەری و توانای پێشكەشكردن و نمایشكردنیشی بەهێز بێت.
وەرگێڕانی/ نامیق رسوڵ
د. تەیسیر مشارقە، دكتۆرا لە راگەیاندندا و مامۆستا بەشی راگەیاندنی زانكۆی بەترا لە ئەردەن 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand