Draw Media

تانوسینەوەی دەستور خواتان لەگەڵ..!

تانوسینەوەی دەستور خواتان لەگەڵ..!

2019-03-28 18:21:39


هێمن مەحمود

 28 ساڵە هەرێمی كوردستان ئازادەو دەسەڵاتی پەرلەمان و حكومەت لەهەرسێ پارێزگای هەولێرو سلێمانی و دهۆك باڵادەستەو لەدوای 2003یشەوە بەشێكی زۆری ناوچەكانی كەركوك و موسڵ و خانەقین بەدەستەوەیە، تا ئێستا هەڵبژاردن بۆ پێنج خولی پەرلەمانی كراوەو 8 كابینەی حكومەت پێكهاتووەو كابینەی نۆیەمیش بەڕێوەیە، كەچی هێشتا حزبەكانی ئەم هەرێمە كە دەسەڵاتدارەكانیان (پارتی و یەكێتی)ن و خۆیان بەخاوەنی هەردوو زۆنی سەوزو زەرد دەزانن نەیانتوانیوە یاخود راستتر نەیانویستوە ئەم هەرێمە دەستورێكی هەبێت كە خواستەكانی دیموكراسی و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و بنەماكانی حوكمڕانیەكی مۆدێرن و سەركەوتوی تیادا جێگیركرابێت دیارە ئەمەش لەبەر یەك هۆكاری سادە كەئەویش ئەوەیە گەر دەستورێكی چاك هەبوو، حزبی خراپ وحوكمڕانی خراپ لەناودەچێت.

بەچاوخشاندنەوەیەكی خێرا بە هەوڵەكانی نوسینەوەی دەستور دەبینین پەرلەمان بە یاسای ژمارە (16)ی ساڵی (2008) بڕیاریدا لیژنەیەك دروستبكرێت تاوەكو رەشنوسەكە ئامادە بكرێت بۆ ئەوەی لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندبكرێت‌و دواتر لە ماوەیەكی دیاریكراودا بخرێتە راپرسییەوە، ئەوەبوو پرۆژە دەستوری هەرێم بە بڕیاری ژمارە (8)ی ساڵی (2009) لەلایەن لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەند كرا، دواتر یاسای ژمارە (16)ی ساڵی (2008) دووجار لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە هەمواركرایەوە، 

لە رۆژی 30 حوزەیرانی 2013شدا لەمادەی دووەمی یاسای ژمارە (19)ی پەرلەمانی كوردستان تایبەت بە درێژكردنەوەی  ویلایەتی سەرۆكی هەرێم باس لەوەكراوە كەدەبێت پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان تا رۆژی  19-8-2015 بەسازان هەمواربكرێتەوە.

ئەوە رووداوەكانی رێگەگرتن لەسەرۆكی پەرلەمان(گۆڕان) لەلایەن پارتییەوە لەساڵی 2015 بەهۆی هەوڵدان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم مێژووییەكی زۆر كۆن نیەو هەموان لەیادمانە كەچی روویدا و  ئەوهەوڵانەی كە بۆ نوسینەوەی دەستور دران چ لەپێش روداوەكان و چ لەدوای رووداوەكانیش هەمویان شكستیان پێهێنراو تا ئەم ساتەش هیچ نیەتێكی جدی بۆ نوسینەوەی دەستور لەئارادانیە.

بەپێی خوێندنەوەی خۆم وەك میدیاكارێكی گۆڕان كە لەساڵانێك لە ململانێ سیاسی و میدیایی و خەباتی ئۆپۆزسیۆنی و پەرلەمانی و هەوڵەكان بۆ تێپەڕاندنی دەستور لەلایەن یەكێتی و پارتیەوە بۆم دروستبووە، ئەوەی كاك نەوشیروان لەرابوردودا شەڕێكی گەورەی كردبۆ ئەوەی رێگه بگرێت لەپارتی و یەكێتی تا نەهێڵێت دەستورێكی خراپ تێپەڕێنن، هەموشمان ئەو تێڕوانینەی رەوانشادمان باش لەیادە كە پێی وابوو نەبونی دەستور لەبونی دەستورێكی خراپ باشترە، هەربۆیە دەسەڵات دەستورێكی ناوێت دژی خۆی بێت، بۆیە تەنها كات دەكوژێت وشەڕی كات دەكات.

بەبڕوای من لەئێستاشدا ئەو پرۆژە یاسایەی سەرۆكایەتی هەرێم بەهەمان دەسەڵاتی پێشووەوە كە ئێستا خراوەتە روو بۆ ئەوەی لەپەرلەمان تێپەڕێندرێت و باس لەوەدەكات تا نوسینەوەی دەستور سەرۆك بەدەسەڵاتەكانیەوە بەردەوام دەبێت هەڵەیەكی گەورەیە و ڕێگا خۆشكەرە بۆ حوكمی سەرۆكی هەتا هەتایی و مانەوەی دەسەڵات لەدەستی یەك بنەماڵەدا، چونكە حزبەكانی دەسەڵات تا دەستورێك نەنوسنەوە كە بەدڵی خۆیان و بنەماڵەكانیان بێت ناهێڵن هەرێم دەستوری هەبێت، هەركاتیش دەستوریان نوسیوە دڵنیابن بەدڵی خۆیان و سەرۆك و بنەماڵەكانیانە، خۆ ناشێت باوەڕمانكردبێت ئەو حزبانەی 28 ساڵ باوەڕیان بەدەستور نەبوبێت ئێستا لەشەوو رۆژێكدا باوەڕیان گۆڕابێت دەستور بنوسنەوە..؟

 ئەوەشمان بیرنەچێت هەموو سەرەتای خولێكی نوێی پەرلەمان ئەم شانۆگەریی دەستورە بەڕێوەدەچێت و دواتر پەردەی بەسەردا دادەرێتەوە، بۆیە تا نوسینەوەی دەستور خواتان لەگەڵ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand