Draw Media

یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و سیستمی پەرلەمانی

یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و سیستمی پەرلەمانی

2019-03-28 17:50:19


جەمال حەمە رەشید 

هەرێمی کوردستان دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و دروست کردنی دەسەڵاتێکی خۆیی وەک یەکەم ئەزمونی حوکمڕانی کوردی هاوچەرخ ، سیستمێکی فەرمانڕەوایی بنیاتنا، هەرچەندە لە واقعی نەبونی دەستوردا سیماکانی ئەو سیستمی فەرمانڕەوایی یە تەواو ڕون و ئاشکرا نەبوە کە ئایا سیستمێکی تەواو پەرلەمانی یە یان سەرۆکایەتی یە یان نیمچە سەرۆکایەتی یە.

لە ڕوانگەی فقهی دەستوریەوە چەند جۆرێک لە سیستمی حکومڕانی هەیە، ئەگەر سیستمی حوکمڕانی بەند بێت لەسەر هاوسەنگی و هەماهەنگی نێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسا دانان و جێبەجێ کردن، ئەوا ئێمە لەبەردەم سیستمێکی پەرلەمانیداین (نمونە دەوڵەتی بەریتانیا).

بەڵام ئەگەر سیتمەکە وەستا بێتە سەر جیاکاری تەواو لە نێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێ کردن لەگەڵ گرنگی زیاتری ئەمەی دواییان، ئەوا ئێمە لەبەردەم سیستمێکی سەرۆکایەتیداین (نمونەی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا یان ڕوسیا).

لە کاتێکدا سیستمی حکومەتی جەمعیە ( سیستمی دوو ئەنجومەنی) زیاتر تیایدا دەسەڵات چڕ بوەتەوە لە ئەنجومەنی یاساداناندا و بە شێوەیەک دەسەڵاتی جێبەجێ کردن زیاتر وەک پاشکۆی دەسەڵاتی یاسادانان دەردەکەوێت (نمونە وەک دەوڵەتی سویسرا).

دواهەمین جۆری سیستمی حوکم بریتی یە لە (سیستمی نیمچە سەرۆکایەتی) یان (سیستمی تێکەڵاو) کە بەشێک لە تایبەتمەندی هەردوو سیستمی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە خۆ گرتوە (نمونەی وڵاتی فەڕەنسا).

سەبارەت بە سیستمی پەرلەمانی کە لەسەر چەند بنەمایەک بەندە، گرنگترینیان بونی سەرۆکێکی نا بەرپرسە کە (ئایا مەلیک بێت یان سەرۆک)، بە واتای ئەوەی کە پێگەکەی زیاتر پرۆتۆکۆلیەو دەسەڵاتی ڕاستەقینە لای سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانە.

هەروەها لە سیستمی پەرلەمانیدا هاوسەنگی و هاوکاری و هەماهەنگی زیاتر هەیە لە نێوان دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێ کردندا، واتە بونی ئەنجومەنێکی وەزیرانی بەرپرس لە ڕوی سیاسی یەوە لەبەردەم پەرلەماندا، وە پەرلەمان دەتوانێت متمانە بکێشێتەوە لە حکومەت لە بەرامبەر ئەوەی کە حکومەت مافی ئەوەی هەبێت و بتوانێت پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە.

بەڵام سیستمی سەرۆکایەتی پایە سەرەکیەکەی بریتی یە لە جیاکاری ڕەها لە نێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێ کردن لەگەڵ بونی سەرۆکێکی هەڵبژێردراو لەلایەن گەلەوە. لەم سیستمەدا دەسەڵاتی جێبەجێ کردن بەرپرس نیە لە بەرامبەر پەرلەمان، هەروەها پەرلەمان ناتوانێت متمانە لە حکومەت وەربگرێتەوە. وەزیرەکان لەم سیستمەدا تەنها وەک فەرمانبەری جێبەجێکارن بە دوای سەرۆکەوە، وە سەرۆک خۆی خاوەن بڕیاری یەکلاکەرەوەیە وەک بەرزترین بەرپرسی دەسەڵاتی جێبەجێ کردن لە وڵاتدا.

نمونەی سیستمی نیمچە سەرۆکایەتی یان (تێکەڵاو) کە لە فەڕەنسا کاری پێ دەکرێت (دەستوری فەڕەنسا ساڵی 1958) دوو جۆر دامەزراوەی لێ پەیدا بوو کە دامەزراوەی دەسەڵاتی جێبەجێ کردن کە پێکهاتوە لە (سەرۆکی دەوڵەت ) و (سەرۆک وەزیران)، وە دامەزراوەی یاسادانان (پەرلەمان).

بەڵام دوانەی دەسەڵاتی جێبەجێ کردن لە سیستمی نیمچە سەرۆکایەتی جیاوازە لە دوانەی دەسەڵاتی جێبەجێ کردن لە سیستمی پەرلەمانی، کاتێک سەرۆک کۆمار ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێت (هەمواری دەستوری فەڕەنسا ساڵی 1962)، بە بێ ئەوەی ئەمە ببێتە هۆی نەهێشتنی سیماکانی تری سیستمی پەرلەمانی، واتە لە ڕوی دوانەی دەسەڵاتی جێبەجێ کردنەوە لە سیستمی پەرلەمانی دەچێت کاتێک سەرۆک کۆمار و سەرۆکی وەزیران هەیە و ئەنجومەنی وەزیران بەرپرسە لە ڕوی سیاسی یەوە لە بەردەم پەرلەماندا، واتە پەرلەمان دەتوانێت حکومەت لە کار بخات لە کاتی کشانەوەی متمانە لە کۆی ئەنجومەنی وەزیران، هەروەها دەسەڵاتی جێبەجێ کردنیش دەتوانێت پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە لە کاتی بونی جیاوازی گەورە لە نێوانیاندا.

لە لایەکی ترەوە ئەم جۆرە سیستمە نزیک دەبێتەوە لە سیستمی سەرۆکایەتی لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن گەلەوە، کە ئەمەش وا دەکات سەرۆک کۆمار خاوەنی دەسەڵاتێکی یاسایی فراوان بێت کە دەستور بۆی فەراهەم کردوە. بەڵام ڕۆڵی سەرۆک وەزیران تەواوکەری ڕۆڵی سەرۆک کۆمارە بە پێی پێگەی ئیداری کە دەستور ڕۆڵی پێداوە لە نەخشی سیاسەتی کەرتە حکومیە جیاوازەکاندا، هەرچەندە هێندەی دەسەڵاتە دەستوریەکانی سەرۆک کۆمار نیە.

ئێستا لەبەر ڕۆشنایی ئەم کورتە باسەی سەرەوە سەبارەت بە جۆرەکانی سیستمی حوکم لە جیهاندا، کاتێک سەیری سیستمی حوکم دەکەین لە هەرێمی کوردستان ناتوانین بە تەواوی یەکلا بکرێتەوە کە ئایا سەر بەکام جۆر لەم سیستمانەی سەرەوەیە کە باس کرا، بەڵام بە پێی داخوازی زۆرێک لە لایەنە کوردستانیەکان بێت زۆرینە خوازیاری بونی سیستمێکی پەرلەمانین کە لە ڕەشنوسی پرۆژەی دەستوری هەرێمی کوردستان لە ماددەی یەکەمدا جێگیر کراوە کە دەڵێت (سیستمی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پەرلەمانی کۆماری دیموکراتیە..) ، بەڵام کاتێک سەیری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ژمارە (1) ی ساڵی 2005 دەکەیت، دەبینیت کە سەرۆکی هەرێم خاوەن دەسەڵاتێکی گەورەی فراوانە کە بە هیچ شێوەیەک ناگونجێت لەگەڵ سیستمی پەرلەمانیدا.

بۆ ئەوەی بتوانین بەرەو سیستمێکی پەرلەمانی گونجاو بڕۆین، تا ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی دەستوری خۆی، پێویستە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم هەموار بکرێتەوەو تەواو بگونجێنرێت لەگەڵ سیستمێکی پەرلەمانی دروستدا، بۆ ئەمەش دەبێت زۆرێک لە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم کەم بکرێتەوەو گۆڕانکاری تێدا بکرێت بەم شێوەی لە خوارەوە باسی دەکەین:

- مادەی دوو لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم باس لە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم دەکات بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە لایەن هاوڵاتیانەوە، دەبێت ئەم مادەیە هەموار بکرێت بە شێوەیەک کە سەرۆکی هەرێم لە لایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت.

- بڕگەی شەشەم لە مادەی دەیەمی یاساکە کە باس لە بونی دەسەڵاتی لێبوردنی تایبەت لە بەند کراوان دەکات لە لایەن سەرۆکی هەرێمەوە، ئەم دەسەڵاتە جگە لەوەی دەستخستنە ناو دەسەڵاتی دادوەریە و ناگونجێت لەگەڵ بنەمای لەیەک جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، هاوکات ناگونجێت لەگەڵ سیستمێکی پەرلەمانی دروستدا. هەر بۆیە ناکرێت سەرۆکی هەرێم خاوەنی ئەو دەسەڵاتە بێت.

- بڕگەی حەوتەم لە مادەی دەیەمی یاساکە، کە باس لە پەسەند کردنی حوکمی لە سێدارەدان یان سووک کردنی دەکات بۆ بەند کردنی هەتا هەتایی، ئەم دەسەڵاتەش لەبەر هەمان هۆکاری بڕگەی پێشتر کە لە سەرەوە باس کرا ناکرێت سەرۆکی هەرێم خاوەنی بێت.

- بڕگەی دەیەم و یانزەیەمی مادەی دەیەمی یاساکە، کە باس لە هاتنە ناوەوەی هێزەکانی فیدراڵ دەکات بۆ ناوەوەی هەرێم بە ڕەزامەندی پەرلەمان. وە ناردنە دەرەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بە ڕەزامەندی پەرلەمان. لە ڕاستیدا لە سیستمی پەرلەمانیدا ئەم دەسەڵاتە پێویستە لای سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بێت بە هاوبەشی پەرلەمان.

- بڕگەی سیازدە لە مادەی دەیەمی یاساکە، کە باس دەرکردنی فەرمانی دەست لە کار کێشانەوە دەکات بۆ وەزیر یان ئەنجومەنی وەزیران لە لایەن سەرۆکی هەرێمەوە لە دوای کێشانەوەی متمانە لە پەرلەمانەوە لێیان. ئەم دەسەڵاتەش وەک زیادە وایە، پێویستە دوای کێشانەوەی متمانە لە وەزیر یان ئەنجومەنی وەزیران لە لایەن پەرلەمانەوە، ڕاستەوخۆ بڕیارەکە بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە و پێویست بە دەرکردنی فەرمان نەکات لە لایەن سەرۆکی هەرێمەوە چونکە ئەم دەسەڵاتە وەک کۆت و پێوەندێک وایە بۆ دەسەڵاتی پەرلەمان لە لایەن سەرۆکی هەرێمەوە.

- بڕگەی پازدە لە مادەی دەیەمی یاساکە، کە باس لە دامەزراندنی خاوەن پلە تایبەتەکان دەکات ، پێویستە ئەم دەسەڵاتە لای سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بێت.

- بڕگەی شازدە کە باس لە دامەزراندنی دادوەران و سەرۆک و ئەندامانی داواکاری گشتی دەکات ، خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم دەسەڵاتە پێویستە ئەنجومەنی دادوەری بێت نەک سەرۆکی هەرێم. ئەمەش لە پێناو پاراستنی سەروەری یاسا و بنەمای لەیەک جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان.

- بڕگەی حەڤدە لە مادەی دەیەمی یاساکە، کە باس لە بەخشینی روتبەی سەربازی بە ئەفسەرانی هێزە چەکدارەکان دەکات، پێویستە ئەم دەسەڵاتەش لای سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بێت چونکە لە سیستەمی پەرلەمانیدا سەرۆک وەزیران فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانەو خاوەن دەسەڵاتی ڕاستەقینەیە.

- مادەی سیازدە، بڕگەی یەکەمی یاساکە، کە باس لەوە دەکات سەرۆکی هەرێم فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانە، دەبێت سەرۆکی هەرێم خاوەنی ئەو دەسەڵاتە نەبێت لەبەر ئەو هۆکارەی لەسەرەوە باس کرا.

- مادەی شازدە لە بڕگەی سێهەم کە باس لە کێشانەوەی متمانە دەکات لە سەرۆکی هەرێم لە لایەن پەرلەمانەوە. پێویستە ئەم بڕگەیە لە یاساکە لا ببرێت لە سەر ئەو بنەمایەی کە دەڵێت (کاتێک دەسەڵات نەبو نابێت بەرپرسیارێتیش هەبێت)، لە سیستمی پەرلەمانیدا سەرۆک دەسەڵاتی کاریگەری نیە بەو پێیەش نابێت بەرپرسیاریەتی هەبێت، لێسەندنەوەی متمانەش لە لایەن پەرلەمانەوە واتە بەرپرسیارێتی سیاسی کە ئەمەش لە سیستمی پەرلەمانیدا سەرۆکی هەرێم یان وڵات نیەتی.

لە سیستمی پەرلەمانیدا دەسەڵاتەکانی سەرۆکی وڵات زیاتر پرۆتۆکۆلین و سەرۆک وەک سیمبولی پاراستنی دەستوور سەیر دەکرێت، سەرۆک زیاتر وەک ناوبژیوانێکە لە نێوان دامەزراوە دەوڵەتیەکانی وەک حکومەت و پەرلەمان.

 * ماستەر لە یاسای گشتی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand