Draw Media

عەببادی و وەقتی زایع

عەببادی و وەقتی زایع

2019-03-27 18:12:19


 ئاریان فەرەج

عەببادی بە بیانووی ناكۆكی نەوتی لەگەڵ هەرێم، بڕینی موچەی فەرمانبەرانی درێژەپێدا كە پێش خۆی بە چاوساغیی زۆڵە كوردان و بۆ ملكەچ پێكردنی كوردستان پەیڕەوكرابوو. دوای ئەوەی سەری خۆی خوارد و دەرفەتێكی نوێ بۆ لێكگەیشتنی هەولێر و بەغدا هاتەپێش، یەك لەو پرنسیپانەی وەك سیاسەت و وەك یاساش پەسەندكرا، ئەوە بوو كە چیتر قوت و نان و موچەی خەڵك بە ناكۆكییە نەوتی و سیاسییەكانەوە گرێنەدرێن و پەنا بۆ سزادانی خەڵكی كوردستان نەبرێت. 
عەبادی كە دەرسی لە رابردوو وەرنەگرتووە و هێشتاش خوێنە شۆڤێنییەكەی جارانی تیا دەسوڕێ، بە پشتگیریی ئەوانەی دەیانەوێت بە بەدكاری و عەزیەتدانی میللەتی خۆیان بیسەلمێنن كە لە بەغدا دەسترۆیشتوون و هەولێر باش ناكات نایانخوێنێتەوە، پێدەچێ دیسان كلكیان لێكگرێدابێتەوە و بە هەمان نامەرد فورسەتییەكەی جاران خەریكی پیلانگێڕان وگێچەڵ بن بە موچەی خەڵكی ئازارچەشتووی هەرێم. 
ئەم بەدكاری و دژایەتییەی خەڵكی كوردستان، ئەگەرچی نەزۆك و بێ نەتیجەیە و لە كاتی زایعدایە و هیچی لێ شین نابێت، بەڵام ئاستی بوغز و كینە و دڵرەشیی كەسانی وەك عەببادی و هاوكوفەكانی و بێ حورمەتی ئەوانە نیشان دەدات كە لە پێناو بەدەستهێنانی دەسەڵات و ئیعتبار بۆ خۆیان، ئامادەن هەموو شتێك بفرۆشن. ئامادەن میللەتی خۆیان بخەنە تەهلوكەوە تا بە ناچاری حورمەتێكیان لێ بنێ كە شایستەی نین. 
ئەوانەی بەم پیلانەوە سەرقاڵن و دەستیان بە بڵاوكردنەوەی ترس و دڵەراوكێی بڕینی موچە كردووە، بە هەمان قەوانی رابردوو و بۆ هەمان مەرامی رابردوو كەوتونە خەتاباركردنی حكومەتی هەرێم كە گوایە بەهۆی رادەستنەكردنی نەوتەوە، دەبێتە سەبەبكاری دوبارە بڕینی موچەی خەڵك. 
لە هەمبەر ئەم پیلانە نەزۆك و نانەوەی ترس و نیگەرانییەدا، خەڵكی كوردستان دەبێ لەو راستییە دڵنیا بن كە موچەی خەڵك بە هیممەتی كوردپەروەران و دەسەڵاتدارانی نوێی بەغدا، لە یاسای بۆدجەی ئیتیحادیدا لە خیلافاتی نەوت جیاكراوەتەوە و مەترسی لەسەر نەماوە، ئەوانەش كە ئێستا پیلان لە موچەی هەرێم دەگێڕن، وەك جاران دەسەڵاتدار نین، خەڵكانێكی مایەپوچ و بایع موخەللەسی وەك عەبادی و ئەوانەن كە بە پیسكردنی سەرە رێی كانی، بوونی خۆیان دەسەپێنن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand