Draw Media

یەکێتی و شەراکەتی راستەقینە !

یەکێتی و شەراکەتی راستەقینە !

2019-03-27 18:02:42


کاروان عەلی شامار

(١)
شەش مانگ تێپەردەبێت بەسەر ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا وەلێ ھێشتا ھێزە سیاسیەکانی بەشدار لە کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نەگەشتون بەرێکەوتن، ھۆکارەکان زۆرن بۆ پێکنەھێنانی حکومەت بارتەقای زیاتر لە پێداگری یەکێتی بۆ شەراکەتی راستەقینە گرفتەکانی ناوخۆی پارتی دیموکراتیش فاکتەرن بۆ نەسازانی لایەنەکان !

(٢)
ئەو شەراکەتەی ھەنوکە یەکێتی داوای دەکاو پێداگری لەسەر دەکا بە ئیدیۆمێکی سادە واتە بەشداری راستەقینەی ئەو حیزبە لە سێکتەرەکانی دارایی و نەوت و ھێزە چەکدارەکان، یەکێتی سنورێکی جوگرافیای گەورەی لە ژێر دەستدایە ئەمە سەرباری مێژوەکەی و خەبات و قوربانیدانەکەی، ئەم فاکتانەش پێمان دەڵێ کە ناکرێ ھێزێکی وا گەورە پەرگیرکرێت و بەشداریەکی لاوازی ھەبێت لەحکومەتدا!

(٣)
جوڵەکانی ئەم دواییەی یەکێتی بۆتە جێگەی رەزامەندی و دڵخۆشی ھاونیشتیمانیان، ئەمەش بەھۆی درککردنیان بە دەرکەوتنی ئاماژە مەترسیدارەکانی لاسەنگی ھێز لە ھەرێمدا! کابینەی نوێ حکومەت گەر بەو شێوە پێکبھێنرێ کە پارتی دەیەوێ ئەوا ھاولاتیان زەرەرمەندی یەکەم دەبن و دواتریش ناوچەکە! چون سەرباری ئەو ناعەدالەتیە جوگرافی و ئابوریە کە لە زۆنی سەوز دروستکراوە بەبەراورد بە زۆنی زەرد لە زۆرێکیش لە فەرمانگە حکومیەکانی پایتەختدا بیرۆکراسیەتی ئیداری دەرھەق بە ھاوڵاتیانی ئەم دەڤەرە پەیرەودەکرێت!

(٤)
راستە پێکھێنانی حکومەت تارادەیەک دواکەوتووەو بەمەش جێکەوتەی ئابوری و کۆمەلایەتی و سایکۆلۆجی ھەبووە لەسەر ھاوڵاتیان، وەلێ مانەوەی ئەم دۆخە باشترە لەوەی ھەرچی جومگەو سێکتەری گرنگی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەیە بکەوێتە ژێر ھەژمونی تاکە حیزبێک و وەکۆی تەواوی حیزبەکانی تر میوان و سێبەر بن لە کابینەی نوێدا، وە چوار ساڵی داھاتوو ھەرێمەکەمان دەرگیری دەیان گرفتی ناوخۆی و دەرەکی بکرێ!

(٥)
حزبە تازەکانی سلێمانی لەسەرەتای دروست بونیانەوە ئەوەندەی فاکتەرن بۆ پاشخستنی سلێمانی ئەوەندە خەمی پێشخستنی پارێزگاکەو بەرژەوەندنی ھاونیشتیمانیان نەبووە، بێئاگا لەوەێ بەھۆی ململانێی سیاسیەوە ناوچەکە لە زۆرێک لە خزمەتگوزاریەکان بێبەش کراوەو نغرۆی قەیرانی جیا جیا کراوەتەوە. سادەتر بڵێین ئەو پلانەی وا لە ھەگبەی پارتیدایە بۆ تێکدانی ئاشتەوای کۆمەلایەتی و پاشخستنی زۆنی سەوز، کەخۆی ناتوانێ ئەنجامی بدات بە بەشێک لەو ھێزە پۆپۆلیستانەی دەکا!

(٦)
خولاصە، بەشداری و شەراکەتی راستەقینەی ( ی ن ک) لە حکمەتی ھەرێمدا واتە (خزمەتی زیاتری ناوچەکەو گەرانەوەی پارسەنگی ھێزو رێگری لە ھەژمونی تاک حیزبی و دەسەلاتی دیکتاتۆری و حوکمی بنەماڵەیی، ھەروەھا رێگری لە بردنی قوتی ھاونیشتیمانیان و مولزەمکردنی حکومەت بە رێکەوتن لەگەل بەغداو جۆرێک لە شەفافیەتی داھاتی نەوتو دەستەبەرکردنی چوار ساڵی ئاشتی و ئاوادانی خۆشگوزەرانی بۆ ھاوڵاتیان، وەلێ بە پێچەوانەوە ھەموو ئەگەرەکان ئاوەژوو دەبنەوە!
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand