یاری لەگەڵ زلهێزەكان
2019-03-27 08:57:43
فەرید ئەسەسەرد
هەر چەند سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان زۆر بە متمانەوە هەڵسوكەوت دەكا، بەڵام ئەو یارییەی كە لەگەڵ روسیا و ئەمریكا دەیكا یارییەكی مەترسیدارە و زۆر ئەستەمە بە ئاسانی پێشبینی سەرەنجامەكەی بكرێ. یارییەكە گەیشتۆتە رادەیەك كە یاریكەرەكە هەر دەبێ لەسەری بەردەوام بێ و پەراوێزێكی فراوانی بۆ پاشگەزبوونەوە نییە.
ململانێی نێوان ئەمریكا و روسیا گوێزراوەتەوە ناو خاكی توركیا و بە شێوەی ململانێ لە نێوان موشەكی پاتریۆتی ئەمریكی و موشەكی ئێس 400 ی روسی رەنگی داوەتەوە. هەردوولا لە پێشبڕكێدان بۆ فرۆشتنی موشەك بە توركیا. بەڵام مەسەلەكە مەسەلەی بازاڕ نییەو هەروەها مەسەلەی ئەوە نییە كە كام موشەك لەوی تر باشترە. مەسەلەكە ئەوەیە كە هەڵبژاردنی هەر كام لەم دوو موشەكە، دەشێ ببێ بە وەرچەرخانێكی گەورە لە مێژووی توركیا و كاریگەریی قوڵ لەسەر رێچكەی ستراتیجی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی بەجێ بهێڵێ.
توركیا دەوڵەتێكی ئاسایی نیە. كاتێك دەوڵەتێكی ئەندامی پەیمانی ناتۆ بڕیار دەدا چەك لە نەیاری پەیمانەكە بكڕێ، ئەمە بەم واتایە دێت كە ئەو دەوڵەتە بەپێی رێساكانی یاریی هاوپەیمانێتی كار ناكا.
ناتۆ زۆر لەم هەڵسوكەوتەی توركیا نیگەرانە. رۆژنامەی تایمز لە سەروتاری هەفتەی رابردوو بەمجۆرە گوزارشتی لەو نیگەرانییە كردووە و وتویەتی توركیا بە كڕینی موشەك لە روسیا، هەڕەشە لە ئاسایشی هاوپەیمانەكانی دەكا لە ناتۆ.
نیاز وایە لە حوزەیرانی داهاتوودا توركیا دەست بە وەرگرتنی موشەك بكا لە روسیا. تا ئێستا ئەردۆغان وا دەردەكەوێ كە نیازی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی نییە. نەك هەر ئەمە، بەڵكو بە متمانەیەكی زۆرەوە قسەیەكی واشی فڕێداوە كە روسیا كۆپییەكی لە ئێس 400 پێشكەوتووتری هەیە كە بە ئێس 500 ناسراوە. ئەمەش بەم مانایە دێت كە ئەگەر توركیا ئێس 400 بكڕێ، رەنگە دواتر ئێس 500 یش بكڕێ. پەیامەكە زۆر روون بوو. بەڵام كێشە گەورەكەی توركیا لەوەدایە كە مەسەلەكەی گەیاندۆتە ئاستێك كە پەشیمانبوونەوە لێی بۆتە كارێكی ئەستەم.
ئەگەر توركیا سوور بێ لەسەر كڕینی ئێس 400، ئەمریكا دەستەوەستان ناوەستێ. تەنانەت رەنگە مەسەلەكە بگاتە رادەی هەڵپەساردنی ئەندامێتیی توركیا لە ناتۆ یاخود دەركردنی. لە هەردوو ئەگەردا رۆژئاوا توركیا لە دەست دەدا و روسیا توركیا دەگرێتە باوەش، جگە لەوەی كە ناتۆ بنكەی ئینچەرلیك لە دەست دەدا. دوور نیە یەكێتیی ئەوروپا، توركیا لە لیستی كاندیدەكانی ئەندامێتی دەركا و رایەڵە ئابوورییەكانی لەگەڵ بپچڕێنێ. دەشێ ئەم هەنگاوانە كاریگەریی خراپ لەسەر ئابووریی توركیا و لیرەی توركی بەجێ بهێڵن. هەروەها دەشێ ئەمریكا بگەڕێتەوە سەر بەكارهێنانی كارتی كوردی سوریا و توركیای پێ بترسێنێ.
ئەگەر توركیا لە كۆتاییدا لە كڕینی موشەكە روسییەكان پاشگەز بێتەوە، بە دڵنیاییەوە روسیا دەستەوەستان ناوەستێ و هەموو كارتەكانی بەكار دێنێ. لانی كەم دەتوانێ وەرزی گەشتیاری لە توركیا وێران بكا و گەورەترین كێشە بۆ لیرەی توركی دروست بكا، هەروەك دەشتوانێ كۆتایی بە هەموو مامەڵە ئابورییە ستراتیجییەكانی لەگەڵ توركیا بێنێ، جگە لەوەی كە لە ئەمریكا باشتر دەتوانێ كارتی كورد بە قازانجی خۆی بەكار بێنێ، سەرباری ئەوەی كە دەتوانێ بە پشتگیری كردنی سوپای ئەسەد، هەموو ناوچەی ئیدلب لە گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزیسیۆن پاك بكاتەوە كە ئەمەش بە واتای كۆتایی هاتنی لێك تێگەیشتنەكانی ئەستانە دێت. وەك دەردەكەوێ، توركیا لە هەردوو دۆخدا زیانی بەر دەكەوێ. تاكە بژاردەی بەردەم توركیا لەو هەلومەرجەدا، ئەوەیە كە ئەو بژاردەیە هەڵبژێرێ كە كەمتر زیانی پێ دەگەیەنێ. رەنگە واز هێنان لە كڕینی موشەكی ئێس 400 كەمتر زیان بە توركیا بگەیەنێ. لە راستیدا نازانرێ سەركردایەتیی توركیا چ بژاردەیەك هەڵدەبژێرێ، هەر وەك روونیش نییە چۆن بیر دەكاتەوە. لە هەردوو ئەگەردا وەرگرتنی هەر هەڵوێستێك سەركێشییەكی گەورەیە و ئاكامەكانی مەترسیدارن.
بەپێی شیكردنەوەی سەروتارەكەی تایمز، رەنگە سەركردایەتیی توركیا ئومێد لەسەر ئەوە هەڵچنێ كە لەگەڵ روسیا یان لەگەڵ ئەمریكا بگا بە سەودایەك لەسەر كوردی سوریا. كامیان سەوداكەی لەگەڵدا بكا، واز لە لایەنەكەی تر دێنێ. بەڵام تەنانەت لەم سیناریۆیەش، توركیا بە سەلامەتی لێی دەرناچێ.
رەنگە توركیا بتوانێ ئەجینداكەی لە دژی كوردی سوریا جێبەجێ بكا، بەڵام ئەمە هیچ لەوە ناگۆڕێ كە توركیا لە سەوداكەدا دەبێ خۆی لە نێوان روسیا و ئەمریكا یەكلا بكاتەوە و خۆی لە سەنگەری یەكێكیاندا بدۆزێتەوە. ئەمەش وا لە لایەنەكەی تر دەكا، دەست بەجێبەجێكردنی هەڕەشەكانی بكا و زیان بە توركیا بگەیەنێ.
یاری لەگەڵ زلهێزەكان یارییەكی مەترسیدارە. هیچ كام لە زلهێزەكان دەستبەرداری بەرژەوەندییەكانی نابێ و لە كۆتاییشدا یاریكەرە بچوكەكان باجەكەی دەدەن.