دامەزراندنی دادگای كۆبانێ بۆ تاوانەكانی داعش
2019-03-26 17:58:47
هیوا سەید سەلیم
لە چەژنی نەورۆزدا، لەسەردەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات دوا پێگەی چەكدارنی تیرۆرستی داعش لە باغۆز دەستی بەسەر داگیرا، وە هەر لەوێش كۆتایی بە دەوڵەتی خەلافەت هێنرا، كە لە ساڵانی رابردوو داعش لە سوریا و عێراق ڕایگەیاندبوو.
لە ئەنجامی شەڕی ئازادكردنی باغۆز و شەرەكانی پێشتر، بە هەزاران چەكداری داعش وەك دیل كەوتونەتە دەست هێزەكانی هەسەدە، كە لەنێو ئەو چەكدارانەی داعش كە دیلی شەرڤانانن، هەڵگری رەگەزنامەی جیاجیا لە ولاتانی عەڕەبی و ئەورپی و ئەمریكی هەن، كە لەسەرتایی سەرهەڵدانی ئەو رێكخراوە وەك بەشداریەك لە ئەوەی خۆیان ناویان نابوو جیهاد هاتبوونە سوریا و عێراق، وە بەشداریان لە هەموو تاوانەكانی داعش لە بەرامبەر خەڵكی سڤیل كردبوو.
ژمارەی زۆری دیلەكان بەتایبەت لەوانەی هەڵگری ڕەگەزنامەی بیانین، وای لە هێزەكانی هەسەدە كرد كە داوایەك ئاڕاستەی ولاتەكانیان بكات، تا بێن خاوەنداریەتی لە هاوڵاتیەكانیان بكەن، تا شەرڤانان ئەو چەكدارانەیان ڕادەست بكەن، بۆ ئەوەی لە وڵاتی خۆیان لەسەر ئەو تاوانانەی ئەنجامیان داوە دادگایی بكرێن.
لەبەرامبەر ئەو بانگەوازەی هەسەدە زۆربەی زۆری وڵاتان هەڵوێستێكی ئیجابیان نەنواند، بۆ وەرگرتنەوەی ئەو چەكدارانە، ئەمە وایكرد كە ئەمجارەیان ئیداری رۆژئاوا بانگەوازێك ئاڕاستەی ڕای گشتی بكات بۆ دامەزراندنی دادگایەكی نێودەوڵەتی بۆ دادگایكردنی تاونبارانی داعش لە رۆژئاوای كوردستاندا.
دامەزراندنی ئەو دادگا نێودەوڵەتیە لە ئێستادا لەبەر چەندین هۆكاری سیاسی و یاسایی و ئەمنی بۆتە پێویستیەكی هەنوكەیی، بۆیە پێویستە وڵاتان بەپیر ئەو بانگەوازەوە بێن و لە نموونەی دادگا نێودەوڵەتیەكان، دادگایەك لە رۆژئاوای كوردستان دابمەزرێنن، باشترین شوێنیش بۆ ئەو دادگایە شاری كۆبانێیە، هەروەها وا باشە ئەو دادگایە هەر بەناوی دادگای كۆبانێ ناوبنرێت.
دوای جەنگی جیهانی دووەم وڵاتانی براوەی جەنگ بە تایبەت( ئەمەریكا و یەكێتی سۆڤیەت و بەریتانیا) بڕیار لەسەر دامەزراندنی دادگایەكی سەربازی بۆ داگایكردنی سەرانی نازیەت لە ئەڵمانیا دەدەن، كە بە دادگای نۆرنمبێرگ ناسراوە.
دامەزراندنی دادگای نۆرەمبێرگ لە مێژووی هاوچەرخدا رووداوێكی گرنگ بوو، بە تایبەت كاتێك ئەو دادگایە توانی بە دەیان تاونباری گەورەی سەرانی نازی بە سەرۆكایەتی هیتلەر دادگای بكات و سزای لە سێدارەدان یان بەندكردنی هەتاهەتایەیان بەسەر بسەپێنێت.
لە ئێستاشدا كە شەڕی تیرۆرستانی داعش دوای ئەو هەموو قوربانیە زۆرە بەكۆتا هاتووە، دەكرێت دادگای نۆرمبێرگ بكرێتە نموونە بۆ دامەزراندنی دادگای كۆبانێ بۆ دادگایكردنی تیرۆرستانی داعش، چونكە داعش لە شێوەی نازیەكان تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و جینۆسایدیان ئەنجام داوە.
نموونەی جینۆسایدی ئێزیدیەكان و وێرانكردنی عەفرین و دەربەدەركردنی كاكەیی و كریستانەكان و دیل كوشتن و بەكارهێنانی چەكی قەدەغەكراو و ئیغتساب و گۆڕی بە كۆمەل و دەیان تاوانی تری بێ وێنە.
بۆ هەموو ئەمانە دەكرێت دامەزراندنی دادگای كۆبانێی نێودەوڵەتی بۆ تاوانەكانی داعش، لە ژێر چاودێری نەتەوەیەكگرتووەكان و بە پشتیوانی ئەو وڵاتانەی كە بەشێك بوونە لە هاوپەیمانیەتی بۆ شەڕی داعش بە تایبەت (ئەمەریكا و روسیا و فەرەنسا و بەریتانیا و ئەلمانیا) دابمەزرێت، وە دادوەرەكانیش هی خودی ئەو ولاتان بن بە هاوكاری هێزەكانی هەسەدە دەست بكەن بە دادگایكردنی سەرجەم ئەو تاونبارانە كە ئێستا لە كەمپەكان دەست بەسەرن.
بە دامەزراندنی ئەو دادگایە چارەنووسی ئەو چەكدارانە بە دادگایكردنیان بە كۆتادێت، ئەو چەكدارانەش لە شێوەی نازیەكانی سەردەمی جەنگی جیهانی بەسزای خۆیان دەگەن، جیهانیش لەو دڵەەواكێیە رزگاری دەبێت كە بە مانەوە و یەكلانەبوونەوەی چارەنووسی ئەو چەكدارە دیلانەی داعش تێیكەوتووە.
هەروەها ئەو دادگایە دەبێتە هۆكاری گێڕانەوەی مافێكی مۆڕاڵی گەورە بۆگەلی كوردستان بە گشتی و قوربانیانی دەستی داعش لە قوربانیانی ئێزیدی بە تایبەتی ، هەروەها هەموو ئەوانەی كە بوونەتە قوربانی تاوانەكانی داعش لە سوریا و عێراق و رۆژئاوا و باشووری كوردستان، لە ڕووی سیاسی و دبلۆماسیش دەبێتە دەستپێكێك بۆ داننان بە ئیدارەی رۆژئاوا و مافەكانی میللەتێك كە لەسەر دەستی داعش هەموو جۆرە تاوانێكی بەرامبەر ئەنجام دراوە.