رۆژێکی مێژوویی لە ژیانی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتیدا
2019-03-24 21:01:24
رەفیق سابیر
*تورکیا دەیەوێت قەندیل بکاتە بارەگای سەرەکیی تیرۆریستانی ئیسلامی لە جیهاندا
*پێویستە تیرۆریستانی داعش لە دادگایەکی نێونەتەوەیی، لە رۆژئاڤا، دادگایی بکرێن
رۆژی ٢٣ ئادار هێزەکانی سوریای دیموکرات، رۆژئاڤای کوردستان و تەواوی رۆژهەڵاتی روباری فوراتی لە تیرۆریستانی داعش پاک کردەوە بەمەش گەلی کوردستان و گەلانی ناوچەکە و جیهان، لە هەڕەشە و پەلاماری گەوەرترین و ترسناکترین هێزی تیرۆریستی ئیسلامی، کە لە ٥٤ وڵاتەوە هاتبوون، دەرباز بوون. ئەمڕۆ جێگری وەزیری بەرگری ئەمێریکا، لە لێدوانێکدا ئەم سەرکەوتنەی بەرز نرخاند و وتی: ئەم سەرکەوتنەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە مەیدانی جەنگدا، بۆ ئیمە ئیلهامبەخشە.. کاتی ئەوەیە هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە رێبەرایەتی شەڕی داعشیان کردووە لە سوریا و هێزی ئەمنی عێراقی، کە رابەرایەتی شەری داعشیان کردووە لە عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانان، (ئیعتیرافیان) پێ بکرێت لەو دەورەی بینیویانە.
لە سەرەتای راپەڕینی گەلانی سوریا، لە ساڵی ٢٠١١ بە دەیان هەزار تیرۆریستی ئیسلامی، سەرەتا بە ناوی (ئەلنوصرە) دواتر بە ناوی داعش و هەندێ ناوی ترەوە، لەلاین تورکیاوە ئامادە و پڕچەک کران و دواتر گەیەندرانە سوریا و بەگژ گەلی رۆژئاڤای کوردستاندا کران. ئەوان شەڕی خۆیان، لە سوریا، بە کوشتنی کورد و وێرانکردنی ناوچەکانی سەرێ کانی و کۆبانێ و چەند ناوچەی تر. دەست پێ کرد. هەر ئەو کاتە کۆمەڵێک رێکخراوی سیاسی و کۆمەڵی مەدەنی، لە سوریا و باکوری کوردستان، ئەم هێرشانەیان بە کوشتاری بەکۆمەڵ و جینوسایدی کورد ناوبرد. ئەوان پێیان وابوو کە تورکیا و هەندێک دەوڵەتی عەرەبی، ئەم ئەرکەیان بە گروپی تیرۆریستیی ئەلنوسرە و داعش و عەرەبە رەگەزپەرستەکانی سوریا سپاردووە، چونکە خۆیان ناتوانن، لە ترسی کاردانەوەی نێودەوڵەتی، کوردی رۆژئاڤای کوردستان جینۆساید بکەن. دواتر بە بەلگەوە پەیوەندیی نێوان تورکیا و داعش و تیرۆریستانی ئیسلامی ئاشکرا بوو. تورکیا تا ئێستا دەیەوێت گەلی کورد لەو ناوچە کوردییانە دەرپەڕێنێت، کە بە درێژایی نزیکەی هەشتسەد کیلۆمیتری سنووری نێوان سوریا و تورکیا دەبێت. لە جیاتیان تورکمان و تیرۆریستانی ئیسلامی و خیزانەکانیان لەو ناوچانە جێگیر بکات. ئەگەر ئەم پلانە سەری بگرتایە، کوردی رۆژئاڤا، وەک ئەرمەنەکانی دەوڵەتی عوسمانی ئێزیدییەکان، تاڵان دەکران و بەشێکیان لەناو دەبردران، بەشەکەی تریشیان، پەرتەوازەی نێو سوریا وڵاتان دەبوون، یان بە پێی سورەی ئەنفال و عورفی ئەسحابەکانی ئیسلام، دەکرانە کۆیلە و سەبایا و کەنیزە و غولمان، کە ئەمە لە تەواوی مێژووی دەسەڵاتی ئیسلامیدا، ئامانجی هەرە گەرەی غەزوکردن و داگیرکردنی وڵاتان بووە.
مانەوەی کورد و ئاسوری و ئەرمەن، لە باکوری سوریا، ئەنجامی خەبات و خۆڕاگریی کچان و کوڕانی هێزی سوریای دیموکرات و کۆمەکی هاوپەیمانانە. بەرهەمی قوربانیدانی گەلی رۆژئاڤایە ، کە یازدە هەزار شەهید و زیاتر لە بیست هەزار برینداری، لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و هاوپەیمانانی، کردە قوربانی.
بەڵام هێشتا گەلی رۆژئاڤا، لە مەترسیی شەڕ و جینۆساید، دەرباز نەبووە. تورکیا و سوریا، لە دەرفەتێکی گونجاو دەگەڕین تا پەلاماری ئەو ناوچانە بدەن. تورکیا، سەرەتا بە هۆی داعش و ئەلنوسرە و گروپی تری تیرۆریستییەوە، ئەم کارەی دەکرد، دوو ساڵێکە، راستەوخۆ پەلاماری رۆژئاڤا دەدات، ناوچەی داگیرکراوی ئافرین و جەرابلوس بە تورک دەکات.
ئەمڕۆ تورکیا کراوەتە سەنتەری پێگەیاندن و داڵدەدانی تیرۆریستانی ئیسلامی لە جیهاندا. بە پێی هەندێک سەرچاوە، لەوانە روانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەشکرێکی هەشتا هەزار تا سەد هەزار چەکداری تیرۆریستیی ئیسلامی لە ئیدلیب و جەرابلوس و هەندێ ناوچەی تری سوریا هەن. هەموویان، بە سوپای ئەلنوسرەی تیرۆریستی و پاشماوەکانی داعشیشەوە، تورکیا چاودێری و سەرپەرشتی و کۆمەکیان دەکات. خەونی سوڵتانیانەی ئەردوگان و ژیاندنەوەی ئیمپراتۆریای بەدناوی عوسمانی، پێویستیان بە لەشکرێکی تیرۆریستیی فرەنەتەوەیی لەم جۆرە هەیە.
بەڵام ئەم لەشکرە، بەلای زۆرەوە، دەبێتە بارگرانییەک بۆ تورکیا. روسیا، کە تا ئێستا دەوڵەتی سوریای پاراستووە، دەیەوێت، لە نزیکترین دەرفەتدا، ناوچەی ئیدلیب، لە سوپای ئەلنوسرە و تیرۆریستانی تر، پاک بکاتەوە. سەرەنجام زۆرینەی ئەم تیرۆریستانە، کە لەشەڕی کورد و گەلانی تری سوریادا بەهێز و پڕئەزموون بوون، بە ناچاری، پەنا بۆ تورکیا دەبەن. لەوێ دەتوانن رێکخستنەکانیان، کە لەنێو تورکیادا بڵاو بوونەتەوە، فراوانتر و چالاکتر بکەن و کاری تیرۆریستی ئەنجام بدەن. دوور نییە ئەزموونی پاکستان لەگەڵ گروپی ئەلقاعیدە، کە خۆیان پەروەردەیان کردن، لە تورکیادا، دووبارە ببێتەوە. بە رای من پلانی تورکیا بۆ داگیرکردنی قەندیل، لە بنەڕەتدا بۆ ئەوەیە، ئەو ناوچە سەخت و عاسێیە، وەک تورابورای جارانی ئەفغانستان، بببێتە بارەگای سەرەکیی تیرۆریستانی ئیسلامی لە جیهاندا. بەم کارە هەم ئاگرەکە لەنێو ماڵی خۆی دوور دەخاتەوە، هەم ئەم هێزە تیرۆریستییە، وەک هێزی پشتیوانی خۆی، سەرەتا لە دژی باشووری کوردستان و رۆژئاوا و عێراق، دواتریش، لە دژی هەر وڵاتێکی تر بەکار دەهێنێت.
٢
دوای تێکشاکنی داعش هەزارانیان، کە لە وڵاتانی جۆراوجۆرەوە، بۆ شەڕی گەلی کوردستان و سوریا وعێراق هاتوون، کەتوونەتە دەست هەسەدە. ئەوانە، تاوانی جۆراوجۆریان بەرامبەری دەیان هەزار کەس کردووە. زۆربەی ئەو تاوانانە، لەوانە جینۆسایدی ئیزیدییەکان و کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی مەدەدەنی، بەکۆیلەکردن ژن و منداڵ و بەکارهێنانیان وەک کۆیلەی سێکسی و فرۆشتنیان، بە تاوان دژی مرۆڤایەتی دادەندرین. ئەم تیرۆریستانە، بە پێی هەر قانوونێکی نێودەوڵەتی، دەبێ لەو وڵاتە دادگایی بکرین، کە تیادا تاوانیان کردووە. هەسەدە دوا دەکات دادگایەکی نێودەوڵەتی، لە رۆژئاوا، دابمەزرێندێ و لەوێ تاوانبارانی داعش دادگایی بکرێن. ئەمەش دروسترین و باشترین چارەسەرە. چونکە داعش رێخراوێکی ناوچەیی، یان تایبەت بە سوریا و عێراق نییە، بەڵکو رێکخراوێکی جیهانییە و بە هەڕەشەیەکی جیهانی دادەندرێت، کە تا ئێستا لە دەیان وڵاتی دونیا کاری تیرۆریستیی ئەنجام داوە. هەروا، لە شەڕی دژی داعش، لە سوریا، کە هەسەدە، رابەریەتی دەکات، نزیکەی حەفتا دەوڵەت، لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بەشداری شەڕەکەیان کردووە. هەندێکیان، لەو شەڕەدا، قوربانییان داوە، یان وڵاتەکانیان بەر پەلاماری تیرۆریستانی داعش کەوتوون. لە هەمان کاتدا نەتەوەیەکگرتووەکان کوشتاری بەکۆمەڵی ئێزیدییەکانی، کە داعش لێی بەرپرسە، بە جینۆساید ناساندووە. لەبەر ئەوە پێویستە داعشییە دەستگیرکراوەکان، لە دادگایەکی نیودەوڵەتیدا، دادگایی بکرێن. ئەگەر ئەم دادگایە، بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش (یان ئەگەر بشێ نەتەوەیەکگرتووەکان) دابمەزرێندرێ، زۆر باشە. بەڵام ئەگەر نەکرا، وڵاتانی هاوپەیمان، کە بەشداری شەڕی داعشیان کردووە، خۆیان دەتوانن دادگایەکی نێودەوڵەتی پێک بهینن و چاودێری و سەرپەشتی دادگاییکردنەکە بکەن.
بەڵام ئەگەر لەبەر هەر هۆکارێک ئەم دادگایە پێک نەهێندرا، دەسەڵاتی سیاسی لە رۆژئاوای کوردستان دەتوانێ، بە کۆمەکی ئەمێریکا و هاوپەیمانانی شەڕی دژی داعش، دادگایەکی تایبەت دابمەزرێنێت. ئەو دادگایە، بە ئامادەبوونی چاودێری نێودەوڵەتی و ئامادەبوونی مێدیای جیهانی، تاوانبارانی داعش و هاوکارانیان، بە پێی قانوونی سوریا، یان ئەو قانوونەی لە رۆژئاوا کاری پێ دەکرێت، دادگایی بکات و سزایان بدات.
پێکهێنانی ئەم دادگایە، لە رۆژئاوای کوردستان، کۆمەک بە داد و ئازادی و مافی مرۆڤ دەکات. هەروا دەتوانێت، لە داهاتوودا، رێگا لە دووبارەبوونەوەی جینۆساید و کاری جانەوەرانەی وەک کارەکانی داعش بگرێت. لە هەمان کاتدا دەتوانێت هەموو ئەو وڵات و لایەن و ریکخراوانە ئاشکرا بکات، کە لەپشت دیاردەی داعشەوە بوون. داعشیان پەروەردە و پڕچەک کرد و بەگژ گەلی کوردستان و گەلانی عێراق و سوریایاندا کردن.
هەسەدە، بە کۆمەکی ئەمێریکا و هاوپەیمانان، رۆژئاڤا و ناوچەکەی، لە مەترسی داعش دەرباز کرد. ئێستا پاراستنی ئاسایش و ئاوەدانکردنەوە و بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان و چەسپاندنی یەکێتیی نەتەوەیی و نیشتمانی و دیموکراسی ئەرکی گەورەی گەلی رۆژئاڤایە.