رۆژئاڤا چۆن سەرکەوت و باشوور بۆ دۆرا ؟!
2019-03-24 20:51:14
ئاریان رەئوف
هێزەکانی سوریای دیموکرات لە مەراسمێکی تایبەت لە رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٣ی ئازاری ٢٠١٩ کۆتایی دەسەڵاتی داعشی لە سوریا و سەرکەوتنی هێزەکانیانی راگەیاند. ئەم سەرکەوتنە، کەم وێنەیە لە میژووی خەباتی هاوچەرخی کورد و وەرچەرخانێکی گرنگیشە بۆ پێگەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەراست.
سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی لە سوریا لە ساڵی ٢٠١١ ، بوە مایەی سەرهەڵدانی پشێویی لە سوریا، ئەمە زەمینەی بۆ کورد لە سوریا خۆشکرد و یەپەگەش ئەو هەلەی قۆستەوە و توانی بەشێکی زۆر لە ناوچە کوردیەکانی سوریا بخاتە ژێر رکێفی خۆی . دواتریش کە داعش بەشێکی خاکی سوریای داگیرکرد، یەپەگە توانی بەرگری بکات و ناوچەی زیاتریش رزگاربکات. لە جەنگی کوبانیش توانی لوتبەرزی داعش تیک بشکێنێت و لە ئاستی سیاسەتی نێودەڵەتی و رای گشتی جیهانی پاڵپشتی بە دەست بهێنێت. دوای سەرکەوتنی کوبانی لە چوارچیوەیەکی پلانێکی ستراتیژی بۆ جێکردنەوەی پێکهاتەکانی تر لە سوریا هێزەکانی سوریای دیموکرات پێکهێنرا و سەرکەوتنەکان بەردەوامی هەبوو تە سەرئەنجام کۆتایی بە دەسەڵاتی داعش هێنا . بەکورتی لە بەهاری عەرەبی و شەری داعش رۆژئاڤا لە نەبونەوە هاتە بون و ئەوەتە لە سەردەستی شەرڤانان پێگەی دەسەڵاتی داعش لە جوگرافیایەکی دیاریکراو لە ناوبرا. بەڵام لە باشوور ( هەرێمی کوردستان) بە پێچەوانەی رۆژئاڤا لە شەری داعشدا، بە دۆراوی لێی دەرچوو. ئەمە لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ لە ژیر دەسەلاتی بەعس رزگاری بووە و لە ساڵی ٢٠٠٥ لە چوارچێوەی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق خاوەن پێگەی خۆیەتی، و هەروەها بە بەراورد بە حکومەتی فیدراڵی عێراق، هەرێمی کوردستان بە هێزتر بوو هەر لە ٢٠٠٥ تاکوو ٢٠١٧، بەڵام لە شەری داعش بە دۆراوی لێی دەرچوو، چونکە بەشێکی زۆر لە خاکەکەی لە دەستدا و لە ئاستی نێو خۆی عێراق و ئقلیمی و نێودەوڵەتیش بە تەواوەتی لاوازبوو، ئەمە لە کاتێکدا بەشێک لە هیزە سیاسیەکان بەرنامەو پلانیان نیشتمانیان هەبوو بۆ ئەوەی هەرێم بە سەرکەوتویی لە شەری داعش دەربچێت، بەڵام بە پێچەوانەوەی خواستی ئەوان هێزە دەسەڵاتدارەکان هەنگاویان نا . لێرەدا جێی خۆیەتی بپرسین بۆ چی کورد لە رۆژئاڤا سەرکەوت و لە باشوور دۆرا؟
دیارە وەڵام بۆ ئەم پرسیارە فرە رەهەندە و لە نوسینیکی وەهادا ناتوانێن تیشک بخەینە سەر هەموو رەهەندەکانی،هەربۆیە لێرەدا هەوڵ دەدەم چەند سەرەقەڵەمێک بخەمەروو :
1- رۆژ ئاڤا پرۆژەیەکە، باگراوەندێکی فیکری لە پشتە، وهێزە شەرکەرەکان پابەند بوون پێوەی، وەک ناوەند سەنتەری لەم پرۆژە فیکریەیان دەروانی. بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەگەر چی لەو دۆخەدا بانگەشە بۆ راگەیاندنی دەوڵەت دەکرد. بەڵام ئەوە نە پرۆژە بوو نە فیکری لە پشت بوو، بەڵکو زیاتر پروپاگەندەیەک هەربۆیەش نەک دەوڵەت دروست نەبوو بەڵکو پرۆژەی هەرێمیشی لاوازکرد.
2- لە رۆژ ئاڤا هێزی نیشتمانی دروست کرا لە سەر بنەمانی دیسپلینی و عەقیدەی سەربازی و پابەند بوو بە ئامانجە نیشتمانیەکان. بەلام لە باشوور هێزە شەرکەرەکان زیاتر دابەشبون بە سەر پارتە سیاسیەکان و کەسایەتی نێو پارتە سیاسیەکان و میرەکانی جەنگ. ئەمەنەش لە سەربنەمای بەرژەوەنیە تایبەتەکانیان ئاراستەیی هیزیان دەکرد.
3- لە رۆژئاڤا داموودەزگای نیشتمانی بونیاتنران و دەسەڵاتی مەدەنی و سەربازی لێک جیاکرانەوە. بەڵام لە باشوور داوم دەزگا دەوڵەتیەکان پەکخران ( پەرلەمان و حکومەت) و رۆڵ بە کاریزمایی حیزبی درا کە رۆڵی دامودەزگا ببینێت، و لە روانگەی بەرژەوەنی تایبەتی ئاراستەی سیاسەتی هەرێم بکات. هیچ رۆڵێکیش بۆ دەزگا مەدەنیەکان نەمایەوە بەڵکوو تەنها دەزگا سەربازیەکان رۆڵیان هەبوو لە نێو ئەوانیشدا کەس رۆڵی دەزگای دەبینی.
4- هێزە ئیقلیمیەکان رۆڵیان لەسەر سیاسەتی رۆژئاڤا نەبوو، هەرچەند هەوڵیان دا رۆژئاڤا بخەنە ژێر رکێفی خۆیان چ بە هەرەشە یان بە هێزی نەرم. بەڵام بە پێچەوانە باشوور خۆی رێگەی بۆ هێزە ئقلیمیەکاندا خۆشکرد کە هەریەکێکیان چەند شارێکی هەرێم وەک ناوچەی دەسەلاتی خۆی تەماش بکات، و سیاسەتی هەرێم ئاراستە بکات.
5- لە رۆژ ئاڤا دیموکراسی زیاتر گەشەی کرد و ئەنجومەنە خۆجێەکان لە هەموو ناوچەکان دروستکران، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بە پاساوی شەری دژ بە تیرۆر سەرجەم ئەنجومەنە خۆجیەکان بە تەواوەتی بێ رۆڵکران و پەرلەمانیش داخراو هەڵبژاردنیش بە ویستی تایبەتی دواخست.
6- لە رۆژ ئاڤا دەسکەوتەکانی شەر و هاوکاریە سەربازیە نیودەوڵەتیەکان خرانە خزمەتی سەرخستنی ئامانجە نیشتمانیەکان، بەڵام لە باشوور دەستکەوتەکانی جەنگ بۆ میرەکانی جەنگ و هاوکاریە سەربازیەکانیش بۆ سەرکردەکانی میرەکانی جەنگ بوو، بۆ ئەوەی مانەوەیان لە دەسەلات لە رێگەی سەربازی زیاتر مسۆگەرتر بکەن.
7- داعش لە روانگەی رۆژئاڤا هیزێکی درندەی دژ بە مرۆڤایەتی بوو، هەبۆیە هیچ مامەڵەیەکی بازرگارنی لەگەڵدا نەدەکرد، بەڵام لە باشوور ئەگەرچی داعش بە دوژمنی هەرێم ناسێنرا بوو بەڵام لە لایەن میرەکانی جەنگ چەندین جۆر بازرگانی لە گەڵ دەسەلاتی داعشدا دەکرا هەمووشی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بوو.
8- ژنان لە رۆژ ئاڤا رۆڵێکی گرنگیان بینی لە بەرەنگاری بونەوەی داعش لە مەیدانی جەنگدا، هەرەها لە ئیدارەدانی کانتۆنەکان ئەمەش دەسکەوتێکی گەورە بوو لە ئاستی جیهان، بەڵام لە باشوور رێگریان لێ دەکرێت وەک خۆیان رۆڵ بگێران.
9-
ئەمانە و چەندین کاری تر هۆ کار بوون بەوەی کە رۆژ ئاوا لە جەنگی دژ بە داعش بە سەرکەوی لێی دەربچێت، بە پێچەوانەکەشی باشوور بە دۆراوی لێی دەبچێت، چلە روی سیاسی بێت یان ئابووری و سەربازی .