گرانبوونی بازاڕ، هۆكارو چارەسەر
2019-03-23 18:50:58
عومەری چنگیانی
كێشەی گرانبوونی بازاڕ و زەحمەتبوونی بژێوی و هەردەم خۆزگە بە ڕابردووی پڕ لە خێر و خۆشی و بەرەكەتوفەڕ خواستن، تایبەت نییە بە ناوچە و سەردەمێك و بەس، بگرە زۆر بەداخەوە ئەوە بووەتە دیاردەیەك و هەموو دنیای گرتووەتەوە، ئیترهەر شوێنە و بە پێی خۆی و زۆر و كەمی هۆكارەكان لە جێگایەكەوە بۆ جێگایەك دەگۆڕێت.
سروشتی تاكەكانیش وای لێهاتووە هەركە گۆڕانكارییەك - با زۆر كەمیش بێت – بەسەرداهاتیاندا هات، یەکسەر کار دەکاتە سەر بازاڕیش؛ لێرەدا من باسم لە كوردستانی خۆمان و دانیشتوانی هەرێمە، كە دیارە ئەو گۆڕانكارییە چاوەڕوانكراو و كەمێ جێبەجێكراوەی لەماوەی هەفتەی ڕابردووەوە بەسەر مووچەی مووچەخۆرانی كوردستاندا هاتووە، كە كەمێك مووچەیان ئاسایی بووەتەوە و ئەوەی لێیان گل دەدرایەوە، ئیتر حکوومەت لێیانی گل ناداتەوە و نابڕرێ و، ڕەنگبێ دوایی پاشەكەوتخراوە كۆنەكەیشیان بە پێی نەخشە و پلان بدرێتەوە، جا ئەم جووڵەیە لە بازاڕدا چونكە بووە هۆی گرانیەکی بەرچاو لە كاڵا و شتومەك و بگرە لە خۆراك و زەویوزار و هەموو شتێكدا، ئەوقافی كوردستان بەرچاوڕوونیەکی دەركرد بۆ وتاردەری مزگەوتەكان تا بیرهێنانەوەیەك لەسەر باسی گرانكردنی بازاڕ بكەن و چارەسەرەكەی لە ئیسلامدا چۆنە ڕوونی بكەنەوە؛ منیش وێڕای ئەوەی كە لای خۆمەوە بە ئەركم زانی لە سیوچوارەمین وتارمدا لە سەر دوانگەی "مزگەوتی خەدیجەكوبرا"وە لە 15/3/٢٠١٩ لە ژێر ڕۆشنایی چەندین ئایەت و فەرموودەدا تیشكم خستە سەری ولەڕێگای ناونیشانی"OmerChngyiani"یوتوب و فەیسبوكی خۆم www.facebook.com/Chngiyani ـەوە بڵاوم كردەوە، وا پوختەیەكیشی دەخەمە دووتوێی گوڵخەرمانەكەمیشەوە و دەیخەمە بەر دیدەی ئێوەی بەڕێز.
دەسپێك:
كێشەی گرانی بازاڕ كێشەیەكە و زۆرجار ڕووبەڕووی خەڵك و بگرە حكوومەتەكانیش دەبێتەوە و دەكرێ هۆكاری سروشتی و هۆكاری ناسروشتیشی بۆ هەبێت.
تیشك خستنە سەر هۆكارەكان و پاشان دەستنیشانكردنی چارەسەر لە ڕوانگەی ئایینە پیرۆزەکەی ئیسلامەوە بە گەڕانەوە بۆ دەقە پیرۆز و پڕ بەهاو بەخششەكانی قورئان و فەرموودەی دروستی پێغەمبەر - دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت - و گفتار و كرداری یارانی – خوایان لێ ڕازی بێت – ئەركی بانگەوازخواز و قەڵەمە خەمخۆرەكانە.
هۆكارەكانی گرانی بازاڕ:
یەكەم؛ هۆكارە سروشتی و ئاساییەكانی گرانی بازاڕ:
1. دەكرێ گرانبوونی ئەو شتانەی كە لەبنەڕەتدا هاوردە كراون بگەرێتەوە بۆ خودی گرانبوونی ئەو ماکە خاوە یاخود(مواد خام)ـەی كە لە جێگای خۆیاندا لێیان دروست دەكرێت وەك گرانبوونی ئاسن و كانزا و هتد.
2. زیادکەوتنی کرێبار و نرخی گواستنەوەی كاڵا لەوڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر و بەپێویستدانانی و هەندێك خەرجی و باج و سنوورانە.
دووەم؛ هۆكارە ناسروشتی و نائاساییەكانی گرانیی بازاڕ:
1. رەنگە حەزی بژێوی و خۆشبژێوی و زێدەڕۆیی لە خەرجی و خۆدەرخستن و فیشاڵكردن، هۆكارێکی هەرە گرنگی ئەو بارە نائاساییە بێ.
لێرەوە ئیسلام هانی شوێنكەوتووەكانی دەدات كە لەو خووە بەدە بەدووربن، چونكە ئەو زێدەڕۆیی و بەربادییە، سەردەكێشێ بۆ گەندەڵکردنیگەل و كۆمەڵگا و لەكۆتاییشدا ڕووخانیان.
2. لەوەیش خراپتر باوەشكردنەوەی تاكەكان بەژیانی دنیادا تا ئەندازەیەك كە بەكەمی نەبێت باسی مردن و دوای مردن و ژیانی ڕۆژی سەڵایان هەر نەیەتەوە بیر.
هەربۆیە دەبینین قورئان لە چەندین جێگادا هۆشداری لەبارەی زێدەڕۆیی (تەرەف)ـەوە دەدات و بگرە وەبیرمان دێنێتەوە كە كێشەیەكی سەرەكی سەرجەم پێغەمبەران – دروود و سڵاوی خوایان لەسەربێت - لەگەڵ نەتەوەكانیان ئەوە بووە:
1. لە سیوچوار و سیوپێنج و سیوشەشەمین ئایەتی سوورەتی"سبأ"دا ئەو تەرەف و زێدەخەرجكردنە هاوتا دەكات بە سەرپێچی و هەقوەشێری (كفر) و دەفەرمێت:
"لە هیچ گوند و ئاوەدانییەكدا ترسێنەر پەیامبەرێكمان نەناردووە كە لە بەرانبەریدا زێدەڕۆچی و فیشاڵچی و خۆدەرخەرو تەرەفخوازەكان نەهاتبنە دەنگ لەبەرانبەریان و وتبێتیان: بەڕاستی ئێمە باوەڕمان نیە بەو شتانەی ئێوە بۆتان هاتووە و ئێوە هێناوتان و پێتان وتراوە بیگەیێنن! هەروەها گوتوویانە ئێمە لە ئێوەی بڕوادار سامان و منداڵی زیاترمان هەیە. ئێمە لەوانە نین كە سزا دەدرێن – دەكرێ ئاماژە بێت بۆ بێبڕوایی بە كۆتەدای خەڵك و بێمنەتی و هاوكات بێبڕوایی بە لێپێچانەوەی ڕۆژی دوایی، یان وایان داناوە كە بە سامان، ڕۆژی دوایییان پێ دەستەبەر دەبێ – دەی لەوەڵامدا پێیان بێژە بەڕاستی پەروەرێنی من ڕۆزی و خۆشگوزەرانی دەبەخشێتە هەر كەسێ كە خۆی ویستی لێبێت و لە هەركەسیش بیەوێ بۆی بگرێتەوە یان ئەندازەڕێژی لەگەڵ بكات وا دەكات، وەلێ مرۆڤ زۆربەیان تێناگەن و نازانن."
2. لە سەحیحی موسلیمدا هاتووە كە عومەر – خوای لێ ڕازی بێت – لەمیانەی ئەوكارانەی كە هەمیشە پێیەوە ناسرابوو ناردنی نامە و هۆشداریدان بوو بە پەرسەكانی، جا لە نامەیەكدا كە بۆ عوتبەی كوڕی فەرقەدی دەنێرێ لەعێراق و ئازەرباینگان (ئازەربێجان)، پێی دەڵێ:
"ئەم داهاتەی لەبەردەستتدایە بەرهەمی ماندووبوونی تۆ نییە؛ بەرهەمی رەنجەشانی باوكت نییە؛ بەرهەمی ماندووبوونی دایكت نییە؛ مسوڵمانان لەوشتانە تێربكە كە خۆت و خانەوادەكەتی لێتێردەكەیت. لە كارەكەتدا خۆت لەوە بپارێزە كە زۆر خۆشگوزەران و خۆی و تێروتەسەل بی؛ خۆت لە پۆشینی پۆشاكی هاوەڵبۆخواپەیداكەران بپارێزە، خۆت لە پۆشینی ئاوریشم بپارێزە."
چارەسەری گرانیی بازاڕ:
گەورەترین چارەسەرەكانی گرانی بازاڕ لای مسوڵمان بریتییە لە:
1. گۆشكردنی ویژدانی تاك لەسەر لەخواترسان:
ببینن خوای گەورە لە نەوەدوشەش و نەوەدوحەوتەمین ئایەتی سوورەتی"ئەعراف"دا دەفەرمێت: "گەرگوندنشین و مەردمگەلەكە بڕوایان بێنایە بەخوا و تەقوای خوایان بكردایە، فەڕوبەرەكەتمان لە ئاسمان و زەوییەوە بۆ واڵا دەكردن، بەڵام ئەوان پێغەمبەرانیان بەدرۆ زانی و ئێمەیش تۆڵەی كردەوەكەیانمان لێ سەندن * باشە ئەو گوندنشین و مەردمگەلانە پشتڕاست بوونەتەوە لەوەی كە لە كاتی خەویاندا ئێمە بەڵایان بەسەردا نابارێنین؟"
2. تەوبەی زۆر و "استغفرالله"کردن:
وەرن سەیرێكی سوودەكانی استغفرالله بكەن وەك ئایەتەكانی سوورەتی "نوح" ڕوونی دەكەنەوە و لە ئایەتی دە تا دوانزەدا دەفەرمێت:
"نوح دوای بێهیوایی لە بڕواهێنانی خەڵكەكە فەرمووی: من بە خەڵكەم گوت: وەرن داوای لێبوردن بكەن لەخوا چونكە بەڕاستی ئەو زۆر لێبوردە و میهرەبانە * ئاسمانتان بۆ دەنێرێ تا بارانتان بۆببارێنێ بەمانا هەوری پڕئاو و تەڕو پاراوتان بۆ ڕەوانە دەكات * دەسگیرۆییتان دەكات بەوەی سامان و منداڵتان پێ دەبەخشێت و باغ و جۆگاو باری زۆرتان بۆ دروست دەكات و پێتانی دەبەخشێت."
3. زەكات دان و چاككردنی باری گوزەرانی خەڵك.
4. گۆشكردن لەسەر بەبەشی خۆ ڕازی بوون.
5. گۆشكردن لەسەر زێدەخەرجینەكردن.
6. ڕووبەڕووبوونەوەی قۆرخكردنی بازاڕ كە ئیحتیكار لە گوناهەگەورەكانە.
7. بوونی ڕۆشنبیری كاتی گرانی وەك یاران كە شتێك گرانبووایە نەیاندەكڕی.