Draw Media

مۆدێلێكی تری سەرۆكایەتی

مۆدێلێكی تری سەرۆكایەتی

2019-03-23 15:18:32


خانم رەحیم   
  گەر ئەو تێروانینە راست بێت كە هەموو شتێك دیوی جوان و ناشرینی هەیە، راستر ئەوەیە كە هەر شتێك چەندین دیوی جوان و ناشرینی هەیە. روداوی ژێر ئاوكەوتنی قوربانیەكانی موسڵ، زۆر بەئێش  بوو، بەبێ‌ لەبەرچاو گرتنی ئەوەی ئەوانە كێن و سەر بەچ ئاین و نەتەوەیەكن، هاوخەمییەكی گەروە و فراوانی لەناو خەڵكدا دروست كرد، رەنگە ئەوە بەشێك لە دیوە جوانەكەی ئێستای خەڵكی عێراق بێت كە لەرووداوێكی واناخۆشدا بەدەردەكەوێت و سەرباری ئەو هەموو دابەشكارییە ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەییە، هێشتا گیانێكی پێكەوە ژیانی قوڵ لەناو خەڵكی مەدەنی عێراق بوونی هەیە.
  بەدەنگەوە چونی خێرای هەر سێ‌ سەرۆكایەتیەكە بۆ روداوەكە، دیوێكی تری جوانی ناو رووداوەكە بوو، كە ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی عێراق رووی لە هەستانەوەیە بەئاراستەی بەرپرسیارێتی حكومرانی و دەوڵەتمەداری، دیارە ئەوە ناكرێت ئەوەشمان لەبیربەرێتەوە كە هێشتا عێراق لە ناو تەنگژەیەكی قوڵی سیاسی و ئیداریدا ژیان بەسەر دەبات، هەر بۆخۆشی رووداوەكە كە قوربانیەكی زۆری بەدواوە بوو، دەرخەری ئەوەیە هەموو جومگەكانی ئەم وڵاتە پیاچونەوەی ورد و گۆرانكاری ریشەیی پێویستە. 
  لێپێچینەوە لە بەرپرسانی ئیدارەی شارەكە و بەرپرسی شوێنە گەشتیارەكە، بەشێكی تری جوانی دەركەوتەی حكومەتی ئێستاو سێ‌ سەرۆكایەتیەكەیە، كە دەكرێت، ئەم پیاچونەوەیە بۆ هەموو پاریزگاكانی تری عێراق بكرێت،  پێش ئەوەی رووداوی ناخۆش بەناچاری پەلكێشی بەرپرسە باڵاكانی وڵات بكات بۆ چاكسازی و گۆرانكاری، سێ‌ سەرۆكایەتیەكە دەتوانن تواناو هێزیان یەكخەن، تا محاسەسەی حزبی و سیاسی نەكرێنە رێگر بۆ ئەوەی پرۆژەی خزمەتگوزاری لەعێراق دوای شەری داعش پێبنێتە ئاستێكی باشتر لەئێستاو قۆناغی پێشووتر تێپەرێنرێت، ئەوان دەتوانن پێكەوە خاڵی جیاكەرەوە دابنێن لەدۆخی پێشوو تر، چونكە ناكرێت شارێكی وەك بەسرە ئاوی خواردنەوەی پاكی نەبێت و خەڵكەكەی بەو هۆیەوە ببنە قوربانی، ناكرێت بەهۆی خراپی رێگاو بانەوە رۆژانە قوربانی بدرێت، ناكرێت ئاستی خزمەتگوزاری بەو رادەیە خراپ بێت و لێپرسینەوەش نەبێت.
  دیوێكی تری جوانی رووداوەكە، نارەزایەتیەكی مەدەنیانەی كەسوكاری قوربانیەكان بوو، بەرپرسەكانیش بەتایبەت سەرۆكی كۆمار خۆی بەشداری نارەزایەتیەكەی كردو دروشمی ئەوانی بەرز كردەوە، ئەوە بۆ عێراق رەنگە یەكەمجار بێت سەرۆك كۆمار بەبێ‌ ئامادەسازی و بەبێ‌ گوێدانە مەترسی لەسەر ژیانی شەخسی خۆی راستەوخۆ بچێتە ناو خەڵكی تورەی نارازیەوە، بۆیە سەرباری ئەوەی لەم بەشداریكردنە چی روویداوەو لایەنە نەیارە سیاسییەكان چۆن تەفسیری بۆ دەكەن، بۆ خەڵكی عێراق تازە چاویان لەوەیە لەكاتی ناخۆشیەكانیان بەرپرسە باڵاكانی وڵات بچنەلایان و گوێیان لێبگرن، دكتۆر بەرهەم بەم هەنگاوە بوێرانەیی نەریتێكی تازەی حوكمرانی بۆ خەڵكی عێراق هێنایە كایەوە، برواناكرێت دوای ئەوە، خەڵك لە هیچ سەرۆكێكی قبوڵ بكات كە تەنها لەتیڤیەكانەوە پەیامەكانی بەخەڵك بگەیەنێت، ئەمەش دیوە هەر گەش و جوانەكەی ئەو رووداوەیە، كە بەبێ‌ بەرنامەو بەبێ‌ پێشبینی ئاستی خواستی خەڵكی عێراقی لەسەر سەرۆك گەیاندە ئاستێكی باڵا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand