Draw Media

دیوە جوانەكەی كارەساتی موسڵ !

دیوە جوانەكەی كارەساتی موسڵ !

2019-03-23 13:09:37


كاوە شێخ عەبدوڵڵا
 

چ وڵاتێك هەیە بە قەدەر عێراق خوێنی هاووڵاتییەكانی هەرزانبێ! چ وڵاتێك هەبووە لە پانزە ساڵی رابردوودا هێندەی عێراق خەڵكەكەی بە كۆمەڵ كوژرابن؟ ئەی كامە سیاسی دنیا هەیە بە قەدەر سیاسی و حوكمڕانی عێراق بێباك و دەسەپاچەبن لە ئاستی خوێنی رژاوی خەڵكدا؟

لە عێراقی داڕزێنراوی سەدامدا، نەوت دەدرا بەمبەر بە خۆراك تا خەڵكەكەی لە برساندا نەمرن، لە عێراقی داوەشاوی دوای سەدامدا خوێن دەدرێ بەرامبەر بە هیچ!

كارەساتەكەی نەورۆز لە موسڵ، بە نسبەت عێراقییەكانەوە هەواڵێكی داچڵكێنەر و شۆكهاوەر نییە، رووداوێكیش نەبوو بمانتاسێنێ كە بەو جۆرە بە ختوخۆڕایی لە رووداوێكی زۆر سادەوساكاردا دەیان ژن و منداڵ گیان لە دەست بدەن. 

مان و مردن شتێك نییە لە دەستی ئینسان خۆیدابێ، بەڵام هۆكارەكانی زوو مردن یان بە كۆمەڵ مردنی خەڵك شتێك نییە لە دەرەوەی قودرەتی ئینساندابێ. بەرپرسان بۆیە دەبرێنە لای سەرووی هاووڵاتیانەوە، بۆیە ژیانیان لە ژیانی زۆربەی هاووڵاتی دابینترە، بۆ ئەوەیە سیستمی ئیداریی بسەپێنن و چاودێریی بكەن. كە بەرپرسان ئەركەكانی خۆیان بە نیواو نیویش جێبەجێ ناكەن، وڵات دەبێتە مەزادخانەی ویژدان.

ئاخر ئەگەر خوێنی عێراقیی هەرزان نەبێ، چۆنچۆنی زیاتر لە دوو سەد كەس بێ هیچ مەرجێكی سەلامەتیی دەپەستێنرێنە ناو كەڵەكێكی پێنج تا دە مەتر پانەوە؟ ئەگەر دامەزراوەكانی دەوڵەت خاوەنی كەڵەك و بازاڕچییەكان بسپێرن بە ویژدانی خۆیان، هەر ئەو كارەساتە دەقەومێ كە لە موسڵ روویدا.

بەڵام روویەكی جوانی... كە بەداخەوە دوای كارەساتەكە جوانە نەك بۆ خودی كارەساتەكە.. ئەوەیە كە بەرپرسانی باڵای عێراق سەركۆمار... سەرۆكی پەرلەمان.. سەرۆكوەزیران دەمودەس چوونە شاری موسڵ و لەویش خێراتر رێوشوێنی لێپرسینەوە وسزادانیان گرتەبەر.

ئەمە شتێك جوانبێ  بۆ هەرسێ سەرۆكەكە چونكە ئەوان سەرۆكی وڵاتێكن دامەزراوەكانی بوون بە بەڵا بۆ گیانی خەڵك. بەڵكو بۆ ئەوە جوانە كە ئیتر خوێنی هاووڵاتی هێندە بێ قیمەت و هەرزان تەماشا نەكرێ كە لە پایتەختەوە لەسەر مێزی رەق بڕیاری پێكهێنانی لیژنە بدرێ بۆ لێكۆڵینەوە!

لە هەرێمی كوردستانی خۆمان كەم نین رووداوەكانی بە كۆمەڵ مردنی خەڵك لە رووداوی زۆر سادەوساكاردا كە دەتوانرا رێگە لە كارەساتی وا بگیرێ، بەڵام بەهۆی نابەرپرسیاری بەرپرسی بێمننەت و راسپێردراوی حزب كارەساتەكان قەوماون. 

لێرەدا تەنیا نموونەی كارەساتی هۆتێل سۆما لە شاری سلێمانی بەسە بۆ نیشاندانی لەكە و عەیبەی نەبڕاوەی حكومەتی هەرێم.

شەوێكی ناوەڕاستی مانگی تەموزی ساڵی ٢٠١١ كە هێشتا كات نەگەشتبووە نیوەی شەو، لە ناوجەرگەی شاری سلێمانی و لەسەر شەقاامی هەمیشە قەرەباڵخی سالم، قاتی خوارەوەی بینای هۆتێل سۆما ئاگری گرت، بە ماوەیەكی زۆر كەم. بیست و حەوت كەس كە لەو هۆتێلەدا میوان بوون لەو رووداوەدا گیانیان لە دەستدا!

دواتر دەركەوت بیناكە شایانی ئەوە نەبووە بكرێتە هۆتێل چونكە مەرجی سەلامەتی و دەربازبوونی تێدا نەبووە. دەركەوت تیمەكانی ئاگركوژێنەوە كەرەستەی پێویستیان پێ نەبووە و بە باشی پرۆسەی رزگاركردنی هاووڵاتییەكانی ناو هۆتێلەكەیان بەڕێوە نەبردووە. دواتر دەركەوت بیناكە مەرجەكانی شارەوانی جێبەجێ نەكردووە بۆ بینایەكی شایستە.

دواتر چی؟ هیچ.. نە كەس ناچار كرا دەست لەكاربكێشێتەوە لە پای ئەو كەمتەرخەمییە، نە دەركەوت كێ بووەت باعیسی خوێنی بیست و حەوت كەس كە ژمارەیەكیان ژن و منداڵ بوون.

حكومەت و كاربەدەستەكان نەیانویست و بە پێویستیان نەزانی متمانە بگێڕنەوە بۆ خەڵك كە ئیتر شتی وا دووبارە نابێتەوە. كەچی هەر لە سلێمانی لە دوو رووداوی هاوشێوەدا نزیكەی ١٠ كەسی تر مردن!

كارەساتەكەی موسڵ و بەدەمەوەچوونی بەرپرسانی باڵای عێراق، دەكرێ سەرەتایەكبێ بۆ گێڕانەوەی نرخ و بەها بۆ هاووڵاتی عێراقیی لەلایەن بەرپرسە بێباك و كەمتەرخەم و بێمننەتەكانەوە.  ئێستا خەڵكی لێقەوماوی كارەساتەكەی موسڵ بەرچاویان روونە كە دەسەڵاتدار و بەرپرسی نابەرپرس هۆكاری مردنی ئازیزەكانیانن. خۆ هەزاران عێراقیی بە كوردستانیشەوە بوونەتە قوربانی بەرپرسە نابەرپرسەكان، كەچی كەس پێی نەوتن هۆكارەكەی كێیە و ئەوان ئێخەی كێ بگرن! 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand