توركیا و ئایندی قەییومەكان
2019-03-22 08:04:46
هیوا سەید سەلیم
لە دوا خولی هەڵبژاردنی شارەوانیەكان كە لە ساڵی 2014 كە لە توركیا و باكووری كوردستان ئەنجام درا، لیستی DBP واتا پارتی دیموكراتی هەرێمەكان، توانی 102 شارەوانی بەدەست بێنێت، كە لەنێویاندا شارەوانی مەزنی وەك ئامەد و مێردین و وان و سێرت و شەرناخ ...هتدا هەبوون، كە ئەوسا لیستی DBP لە ڕكابەریەكی توندی لیستەكانی تر بە تایبەت لیستی پارتی دادوگەشەپێدانی دابوو، ئەو هەلبژاردنە بۆ كورد لە باكووری كوردستان دەستكەوتێكی مەزن بوو.
ئەو دەستكەوتەی BDP لە ژێر كاریگەری بارودۆخە ناوخۆیی و هەرێمایەتیەكان دابوو، كە بە شێوەیەكی ئەرێنی كورد توانی سوودیان لێوەرگرێت، هەر لە پرۆسەی ئاشتی بگرە، تا بەرخۆدان و خۆڕاگری شەرڤانان لە كۆبانێ، كە هەموو ئەمانە بوونە فاكتەری حەماسەت خوڵقێن بۆ بەشداری خەڵك لە هەڵبژاردنی شارەوانیەكان و دەنگدان بە كاندیدەكانی DBP.
بەڵام بە هۆی راگرتنی یەكلایەنانەی پرۆسەی ئاشتی لە لایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان و دواتریش ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە بەشی هەرە زۆری شارەكانی باكووری كوردستان بە بیانووی كودەتای 15 تەمووز، لە چوارچێوەی ئەو باری نائاساییەدا كە بە پێی بڕیاری ژمارە ٦٧٤ لە جێی یاسا، لە بەرواری ١ی ئەیلوولی ٢٠١٦ دەسەڵاتی ناردنی قەییوم بۆ سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی بەخشرایە وەزیری ناوخۆ. بە پشتبەستن بەم بڕیارە لە دەستپێکی ئەو بەروارەوە، ٩٤ سەرۆکی شارەوانی لە ئەسڵی ١٠٢ سەر بە پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (DBP) کە لە هەڵبژاردندا دەرچووبوون ، لەسەر کار لابران و بە کەسانی سەر بە ئاکەپە جێیان پڕکرایەوە. ٩٣ سەرۆکی شارەوانی و ٨١ ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیش دەستگیرکران. زیاتر لە ٢٠٠٠ کەسیش بە هۆی قەییومەکانەوە لە کارەکانیان دورخرانەوە.
ئەمەو جگە لەو هەلمەتە رەشبگیریەی كە AKPبۆ دەستگیركردنی سەرۆك شارەوانیەكان ئەنجامی دا ، هەڵمەتەكە هاوسەرۆكەكانی HDP (سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگان یوكسلادغ) و 10 پەرلەمانتاری دیكەی HDP گرتەوە ، ئێستا هەموو ئەمانە و بە دەیان هەزار كادیر و هەڵسوراوی HDP لە زیندانەكانی توركیا دان و بەشێكیان سزای چەندین ساڵەی زیندانی بۆ بڕاوەتەوە.
رۆژی 31 ئادار كە وادەی هەلبژاردنی شارەوانیەكانە لە توركیا و باكووری كوردستان HDP بەو دۆخەی باسمان كرد دەچێتەوە ناو ڕكابەری AKP و هاوپەیمانەكەی لە MHP نەژادپەرست، وە تا ئەمڕۆش لە شوێنی سەرۆك شارەوانیە هەلبژێردراوەكان قەییوم حوكمی ئەو شارە كوردیانە دەكەن، لە پرۆسەی بانگەشەشدا قەییوم بۆتە بابەتی پروپاگەندەی هەلبژاردن، بە شێوەیەك كە بەرەی HDP كە بۆ هەڵبژاردن ی31 ئادار لە چەندین هێزی كوردی پێك دێت دەڵێت:
( لە 31 ئاداردا قەییومەكان بە سەرشۆڕی دەنێرینەوە لای ئەردۆغان)
لە بەرامبەریشدا ئەردۆغان و ئەكەپە بانگەشەی ئەوە دەكەن كە قەییومیان بۆ ئەو كەسانە ئامادە كردووە كە وەك بەربژێری HDP دەردەچن.
هەر ئەو دوو هەڵوێستە جیایە بەسە كە بكرێنە پێوەر بۆ دیموكراسیەتی HDP و دیكتاتۆریەتی لایەنەكەی بەرامبەر، یەكەم دەیەوێت بە دەنگ و ئیرادەی خەڵك نوێنەرانی لە هەڵبژاردن سەركەون، دووەمیان دەیەوێت هیچ بەهایەك بۆ هەلبژاردن نەهێليتەوە و دیسان قەیووم بكاتە جێگرەوەی بەربژێری شەرعی خەڵك.