Draw Media

عفرینی كوردان.. دوای ساڵێك لە داگیركردن و بێدەنگیدا !

عفرینی كوردان.. دوای ساڵێك لە داگیركردن و بێدەنگیدا !

2019-03-18 20:22:04


نەوزادی موهەندیس
•ڕێكەوتی 18/3/2018 ئەو ڕۆژە ڕەش و شوومە بوو بۆ تەواوی كوردان و بەتایبەتیش بۆ كوردانی ڕۆژئاوای قارەمان كەماوەی 6 ساڵی ڕێكە خەباتی مان و نەمان دەكەن لەلایەك لگەڵ گروپە تیرۆریستیەكان و لەلایەكیش لەبەرامبەر سوپای توركیا و لەلای سێهەمیشەوە بەرامبەر سوپای ڕژێمی داگیركاری سوریادا. توركیا كاتێك لە 24/6/2016دا بڕیاری دەستوەردانی لەكاروباری سوریادا دا،لە مانگی 1/2018وە كەوتە پلاندانان و پەلاماردانی شاری عفرین و بەبەرنامە وێسگەكانی ئاوی خواردنەوە و فڕنەكان و وێسگەكانی پەیوەندی بۆردومان دەكرد و تائەوكاتەی توانی لە 18/3دا بەتەواوەتی بچێتە ناوەڕاستی شاری عفرین و داگیری بكات. كوردانی ڕۆژئاوا بەگشتی و عفرینیەكان بەتایبەتی توانیویانە گەورەترین قارەمانێتی پیشانی هەموو دونیا بدەن لەسەر دەستی كچان و كوڕانی كوردا و ئەوان بەهەق بونە سەفیری كوردایەتی لەو قۆناغەدا و هێندەی تر ناسنامەی كورد و گەریلایان بەدونیا ناساندا لەپاڵ خەبات و بەرگریكردنی هێزی پێشمەرگەی قارەمان لەباشووری كوردستاندا.پێش ساڵێكی ڕێك سوپای داگیركاری توركیا بەهاوكاری چەندین گروپی تیرۆریستی لە سوپای بەناو ئازادی سوریای و..هتد. لەژێر ناوی هێرشی(( درع الفرات))دا توانیان شاری عفرینی خۆڕاگری كوردان داگیر بكەن،لەبەرچاوی هەموو دونیا و مەخابن هەموو دونیاش و بەتایبەتیش زلهێزەكانی ڕوسیا و ئەمریكا كە دەستڕۆیشتوی ناو سوریان بێدەنگبوون لەو كارە داگیركاری و دوور لەمرۆڤانەیەی ئەردۆگان و سوپاكەی.
•عفرین زۆر بێناز و بێكەس بوو لەو كاتەدا ،چونكە تەنانەت كوردانی براشیان لە باشوور نەیانتوانی وەكو پێویست و هاوشێوەی كوبانی قارەمان بەدەنگیەوە بچن لەبەر دووری لە سنوری هەرێمی كوردستان و ڕێگریەكانی هێزەكانی توركیا و تەنانەت ئەمریكاش. ئەمریكا بۆخۆشی هاوكاری دوو گروپی تیرۆریستی بەناوەكانی ((جیش الاسلام و فیلق الرحمان)) كردوە كە دەستیان هەیە لە گۆڕینی دیموگرافیای عفریندا.
•لەماوەی ئەو ساڵەدا ئەردۆگان و سوپاكەی و گروپە تیرۆریستیەكان گەلێك كار و تاوان ئەنجام دەدەن لە عفریندا هاوشێوەی لە دونیای سەردەمدا نیە و تەنها لە پێش 500 ساڵدا باوباپیرانی  ئەردۆگان لە خەلافەتی ئیسلامی عوسمانیدا ئەنجامیانداوە و بەدڕندەترین شێوە و خوێنڕشتن و كوشتار ئەوكاتیش شاری حەڵەبیان داگیركرد و خەڵتانی خوێنیانكردوە. ئەردۆگان و سوپاكەی دوای چوونە ناو عفرینەوە لەسەر شێوازی تەتار و مەغۆلە عوسمانیەكانی باوباپیرانی 3 ڕۆژ شارەكەی حەڵاڵ كرد بۆ چەتە خوێنڕێژەكان و هەموو كارێكی دزین و ڕفاندن و ڕاو وڕووت و فەرهودو تاڵانی شارەكەی حەڵاڵكرد و كەوتنە دزیكردنی ماڵان و كوشتوكوشتاری كوردان و شێواندن ودزینی ئاسەوارەكۆنەكانی كوردان و تێكشاكاندنی سیمبولە ئازادیەكانی كورد وەك پەیكەری كاوەی ئاسنگەرو ...هتد.
•ئەو كارانەی كە سوپاكەی ئەردۆگان كردویانە لە عفرین تەنها لە مێژوە تاریكەكانی چەرخەكانی ناوەڕاستدا ڕوویانداوە،وەك:
1.دەستخستنی پارەیەكی زۆر لەكوردان بەناوی ئەوەی كە ڕاپۆرتیان لەسەردراوە و بۆلابردنی ئەو ڕاپۆرتانە پارەیەكی زۆریان لێسەندون.
2. ڕفاندنی كەسانی دەوڵەمەند و دواتر ئازادكردنیان بە پارەیەكی زۆر.
3.دەستبەسەراگرتنی زەوی و ماڵ و دوكان و باخ و كشتوكاڵ و ...هتد.
4.سەپاندنی باج بەسەر بازرگاناندا بەناوی پاراستنی سەروماڵیان.
5.بڕینی دار زەیتونەكان و دواتر فرۆشتنیان وەك دار لەبازاڕەكانی حەڵەب و توركیا.
6.ڕێگەگرتن لەناردنی زەیتون بۆ بازاڕەكانی حەڵەب و ناردنیان بەنرخی هەرزان بۆ بازاڕەكانی توركیا.
7.تەقاندنەوەی گەڕۆك لەكوڵان و ناوماڵانی كورداندا بەدەستی ئەنقەست بۆ ترساندنیان و دەربەدەركردنیان.
8.سەرپەرشتیكردنی وەزارەتی پەروەردەی توركیا بۆ خوێندن لەشاری عفرین.
9.هەراسانكردن و دەرپەڕاندنی كوردە عەلەوی و ئێزیدیەكان.
10.ئەنجامدانی كارو چالاكی لەلایەن((دەزگای كاروباری ئاینەكان لەتوركیا))كە دامەزراوەیەكی باوەڕپَكراوی ئەردۆگانە بۆ كۆكردنەوە و هاندانی مسوڵمانان لەهەر شێوێنێك بن بۆ پاڵپشتی لە بیرۆكەی عوسمانیە نوێكان لەژێر پەردەی ڕابوونی ئیسلامیدا.
هەموو ئەم كارانەی توركیا و ئەردۆگان دەیكەن بۆ گۆڕینی دیموگرافیای شاری عفرینی كوردانە و گەرەكێتی لەجێگەی كوردە ڕەسەنەكان عەرەب و توركومان و ..هتد نیشتەجێبكات. ئەوەتا ئاماری عەرەبی بە 55% و كوردی بە 35% داناوە بۆ ئەوەی 65% كوردەكان دەربكات  وكە كاری گۆڕینی دانیشتوانی ئەنجامدا كەس نەڵێت گۆڕانكاری كراوە.ئاشكراشە بەپێی هەموو ڕێكەوتنە نێودەوڵەتیەكان كاری پاكتاوی ڕەگەزی و داگیركردنی شار و وڵاتێك لەدەرەوەی یاسا نێودەوڵەتیەكانن و بەتاوان دادەنرێن و ئەوەتا مادەكانی 2 و7 و 8ی ڕێكەوتنی ڕۆما ئەوكارانە بەتاوان لەقەڵەم دەدات.
ئەردۆگان مەبەستێتی كە ناوچەی ئارامیش بە قوڵایی 5كم دروستبكات لەسەر سنوری نێوان توركیا و سوریا بەڕەزامەندی ڕوسیا و ئەمریكا و كاری سەرپەرشتیكردنیشی هەرخۆی بیكات،بەناوی پاراستنی ئەمنیەتی خۆی و بۆهەمیشە بتوانێت ڕێگری لەكار و چالاكی كوردانی ڕۆژئاوا بگرێت.
تاوانەكانی ئەردۆگان و سوپاكەی و گروپە چەتەكان ،لەناو ڕاپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتوەكانیشدا كە لە 6/2018دا بڵاوكراوتەوە دەریخستوە كە(( لە ئاستێكی بەرزدا تاوانی توندوتیژی لە عفرین بەڕێوە دەچێت دژی مەدەنیەكان و كارەكانی دزی و تاڵانی و هەراسانكردن و ڕفاندن و كوشتن زۆر بەربڵاوە و هیچ یاسایەكیش لە عفریندا نەماوە بەتایبەتیش دژی ئەوانەی كە هاوكاری كوردەكان دەكەن)). 
ئاماری تاوان و كارە قێزەونەكانی ئەردۆگان و چەتەكانی ئەوەمان پێدەڵێن كە گەرەكیانە مۆركی كوردانە لەشاری عفرین وەربگرنەوە و گۆڕانكاری گەورەی دیموگرافیای تیادا ئەنجام بدەن،ئەوەتا لەماوەی ئەم ساڵەدا هەستاون بە:
•32-45 قوتابخانە تێكدراون
•318 پەیمانگا و زانكۆ داخراون
•50 هەزار خوێندكار لەخوێندن بێبەشكراون
•13 منداڵی خوێندكار كوژراون
•سەپاندنی خوێندن تەنها بەزمانەكانی عەرەبی و توركی
•زیاد لە 200 كورد گیراون لەلایەن گروپەكانی ((جەبهەی شام و احرار الشرقیە و فرقەی حمزە))وە.
• توركیا بەنیازە ئەو 3 ملیۆن ئاوارە سوریە بگێڕێتەوە بۆ ناوچە كوردیەكان لە(( عفرین و جەڕابلوس و عەزاز)) و نیشتەجێیان بكات و تائێستا زیاد لە 140 هەزار ئاوارەی سوری چونەتەوە ناو عفرین لەهەموو نەتەوەكان.
•وەرگرتنی بڕی 20هەزار دۆلار لەبەرامبەر ڕزگاركردنی هەر خێزانێكی كورد.
•وەرگرتنی بڕی 5 هەزار دۆلار لەبەرامبەر  پێدانەوەی  ئۆتۆمبێلەكانیان.

ئەوەی ئاشكرابوە ،ئەوەیە كە داگیركردنی عفرین دژی حیزبێكی دیاریكراو یان هەنگاوێكی پێشوەختە نەبوە بۆ پاراستنی ئەمنیەتی سنورەكانی توركیا،بەڵكو شەڕی جوگرافیا و دانیشتوان و پاكتاوكردنی ڕەچەڵەكی كورد و كوردستان بوە لەچوارچێوەی بەرنامەی فراوانخوازی دەسەڵات و قەڵەمڕەوی عوسمانیە نوێكاندا كە ئەردۆگان گەرەكێتی سەردەمی خەلافەتی عوسمانیەكان ببوژێنێتەوە و خەون بە خەلیفایەتی مسوڵمانانەوە دەبینێت.
دەوڵەتی توركیا بەدرێژایی مێژووەكەی كە لەسەر غەزوكردن و كوشتوبڕین بنیاتنراوە،لەئێستاشدا ئەو خەوە قێزەونەی فڕێنەداوە و گەرەكێتی بەزۆر و زۆرداری و داگیركردن خەونە ڕزیوەكەی زیندووكردنەوەی خەلافەتی عوسمانی زیندووبكاتەوە لەسەر حسابی داگیركردن و وێرانكردنی وڵاتان و گەلانی ناوچەكە و بەتایبەتیش كورد.
بەڵام ئەردۆگان و سوپاكەشی و چەتەكانیش باش دەزانن عفرین و هەموو شارە كوردیەكانی تریش لە ڕۆژئاوادا دەبنە ئەو زەلكاوەی كە تیایدا گیردەخۆن و كوردان بە ئاسانی سەرشۆِرناكەن و بەردەوامی دەدەنە مقاوەمەت و كار و چالاكی دژی هێزەكانیان و ڕۆژێكدێت عفرینی خۆڕاگر لەژێر زوڵم و داگیركاری توركەكان ڕزگاری دەبێت.ئەردۆگان و توركیا ئەركێكی قورسی پاراستنی ئاسایش و بەڕێوەبردنی عفرینیان كەوتۆتە ئەستۆ كەلەم قۆناغەی توركیادا زۆر زەحمەتە بەردەوام بێت چونكە ئابوریەكی فشەڵ و لاوازی هەیە.
•لەكۆتایدا مانگی ئازار بۆ كوردان زۆر بەئازارە و بەتایبەتی كە پێش 31 ساڵ شاری هەڵەبجە لەباشوور لەلایەن ڕژێمی داگیركاری بەعسی فاشیزمەوە و لەبەرچاوی هەموو دونیادا و بەبێدەنگی و بێكەسی  شەهیدكرا،ئەوەتا بەهەمان شێواز و پێش 1 ساڵیش عفرینی دەستەخوشكی  هەڵەبجە بەبەرچاوی هەموو دونیا و بەبێدەنگی هەمان ئازاری بەخۆوە بینیەوە و داگیر و خەڵتانی خوێنكرا. مەخابن هەڵەبجە و عفرین ترۆپكی  دوو ئازاری قوڵ و لەبیرنەكراوی نەتەوەیەكی ژێر دەست و داگیركراوی كوردن لە دونیای بەناو پێشكەوتوو و دیموكراسید و ئازایەكاندا ،بەڵام بەدڵنیایی وەك چۆن هەڵەبجە ئازاد و ئاوەدانكرایەوە و ڕژێمی بەعسی فاشی لەگۆڕنرا ئاوهاش ڕژێمی توركیا و چەتە تیرۆریستەكانیش لەگۆڕدەنرێن وعفرینیش و هەموو شارە كوردیەكانی ڕۆژئاوای كوردستان ئازاد و ڕزگار و ئاوەدان دەكرێنەوە و دوژمنان وداگیركارانی كودیش سەرشۆڕ و زەلیل و بەرەو زبڵدانی مێژوو دەنێردرێن. ئەركی هەموو كوردانە كە چیدی عفرین بەبێدەنگی و بێكەسی بەجێنەهێڵن و ڕێگە بە بەردەوامی داگیركردنی و شێواندنی دیموگرافیاكەی نەدەن و هەموو هێز و توانا و پەیوەندیەكانیان بخەنە گەڕ بۆ كۆتایهێنان بەو ستەم و جەور و داگیركاریەی عفرین كە لەلایەن ئەردۆگان و سوپاكەی و چەتە تیرۆریستەكانەوە بەردەوامە وچیدی بێدەنگی بشكێنن.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand