Draw Media

گۆڕینی وه‌فدی دانوستانكاری یه‌كێتی و پارتی

گۆڕینی وه‌فدی دانوستانكاری یه‌كێتی و پارتی

2019-03-18 15:18:46


شێرزاد شێخانی

له‌دوای نه‌خۆشكه‌وتنی مامی گه‌وره‌ ، به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی فرسه‌تیان هێناو ، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان خزانه‌ ناو ئه‌جینداكانی پارتییه‌وه‌ . هه‌ڵبه‌ت پارتیش دوای دووركه‌وتنه‌وه‌ی مام له‌گۆره‌پانی سیاسیدا ئه‌ویش فرسه‌تی خۆی هێنا بۆ چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاته‌ تاكڕه‌ویه‌كه‌ی خۆی له‌هه‌رێمی كوردستاندا . ئه‌مه‌ش له‌مه‌سه‌له‌ی ریفراندۆمدا زۆر به‌زه‌قی ‌ده‌ركه‌وت ، كاتێك به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی پشتگییریه‌كی ته‌واوی پرۆسه‌ چه‌واشه‌كارییه‌كه‌ی پارتییان كرد بۆ به‌ناو دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردی ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ زۆرینه‌ی كادیرو ئه‌ندام وبنكه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی یه‌كێتی دژی به‌شداری یه‌كێتی بون له‌و موغامه‌ره‌ی پارتی .

غیابی گۆچانه‌كه‌ی مام، وایكرد به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی تووشی نه‌خۆشی "زه‌ردویی"  ببن وره‌نگی ده‌موچاویان بگۆڕدرێ، ئه‌مه‌ش كێشه‌ی باڵه‌كانی ناو یه‌كێتی‌ رۆژ له‌دوای رۆژ قووڵتر كرده‌وه‌، چونكه‌ فشاره‌كانی پارتی ئه‌وه‌نده‌ زۆر بون ، ئه‌گه‌ر ئیراده‌ی به‌شێك له‌سه‌ركرده‌ گه‌نجه‌كانی ناو یه‌كێتی نه‌بوایه‌ ئه‌وا به‌ته‌واوه‌تی  یه‌كێتی ته‌سلیم به‌ئیراده‌ی پارتی ئه‌بو شتێك نه‌ئه‌ما به‌ناوی یه‌كێتییه‌وه‌.

 ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ئێستا كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی وته‌بێژه‌ فه‌رمییه‌كه‌ی یه‌كێتیش له‌لێدوانه‌كانیدا لایه‌نگیری سیاسه‌تو هه‌ڵوێسته‌كانی پارتی بكات ، ته‌نانه‌ت باس له‌وه‌ش ئه‌كرێ هامۆشۆی تاكلایه‌نه‌ی وته‌بێژه‌كه‌ بۆ پیرمام وسه‌ری ره‌ش ببوه‌ مایه‌ی پرسیاری زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی ، بۆیه‌ له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیدا ناچار كرا ده‌ست له‌كار‌ی وته‌بێژی بكێشێته‌وه‌ ، چونكه‌ له‌لێدوانه‌كانیدا زیاتر به‌لای پارتیدا ئه‌یشكانده‌وه‌و باسی له‌كێشه‌ راسته‌قیینه‌‌كانی ناو كۆبونه‌وه‌ دوو قۆڵییه‌كانی وه‌فده‌كانی پارتی ویه‌كێتی‌ نه‌ئه‌كرد. هه‌ر له‌و رۆژانه‌شدا دوای وه‌ستاندنی گفتوگۆكانی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ پارتیدا ، یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌كانی یه‌كیتی له‌باڵه‌ زه‌رده‌كه هه‌وڵیدابو یه‌كێتی وه‌فدێك بنێرێته‌ لای پارتی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوانیان ئه‌ویش به‌قسه‌ی خۆی له‌سه‌ر داوای سه‌ركردایه‌تی پارتی ، به‌ڵام كاتێك وه‌فده‌كه‌ی یه‌كێتی ئه‌چێته‌ لای پارتی بۆی ده‌رئه‌كه‌وێ كه‌ ئه‌وان هیچ داوایه‌كیان له‌یه‌كێتی نه‌كردوه‌ بۆ كۆبونه‌وه‌ ، به‌مه‌ش كۆبونه‌وه‌كه‌ هیچ ئه‌نجامێكی لێنه‌كه‌وته‌وه‌‌ .

وه‌فده‌كانی یه‌كێتی بۆ دانوستان له‌سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌هه‌مان ده‌ردی وته‌بێژه‌كه‌ چوون ، به‌تایبه‌تیش له‌مدواییانه‌دا زۆرتر له‌موجامه‌له‌كردنی پارتیدا بون و ، جیددیه‌تێك نه‌بوه‌ له‌لایان بۆ سه‌پاندنی داواكارییه‌كانی یه‌كێتی به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی به‌پینه‌وپه‌ڕۆ ویستویانه‌ باڵانسه‌كه‌ رابگرن و وه‌زعه‌كه‌ له‌گه‌ڵ پارتی تێك نه‌ده‌ن. بۆیه‌ پێویست بو ئه‌ویش گۆڕانكاری به‌سه‌را بێت و ده‌موچاوی تازه‌ بێنه‌ پێشه‌وه‌ كه‌ ئه‌جینداكانیان یه‌كێتیانه‌ بێت، لێره‌وه‌ یه‌كێتی له‌مدواییه‌نه‌دا وه‌فدی دانوستانكاری خۆی گۆڕی به‌ ئومێدی ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌یان جدییانه‌تر بچێته‌ ناو گفتوگۆكان و خاڵه‌كان‌ بخاته‌ سه‌ر پییته‌كانه‌وه‌ .

وه‌ڵامی پارتیش بۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌ی یه‌كێتی ئه‌وه‌ بو، هه‌رچی كه‌سایه‌تی تووندڕه‌و وسه‌ركێشی ناو سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌یانه‌ كه‌ خۆیان به‌ دوژمنی بابه‌ گه‌وره‌ی یه‌كێتی ئه‌زانن كرانه‌ ئه‌ندامی وه‌فدی پارتی بۆ دانوستانه‌كان ، ئه‌مه‌ش نییه‌تی راسته‌قیینه‌ی پارتی ده‌رخست كه‌ نیازی تێكدانی ره‌وشه‌كه‌یه‌ نه‌وه‌ك چاره‌سه‌ركردنی.

ئاشكرایه‌ پارتی هیچكات رێزو حورمه‌ت له‌به‌رامبه‌ره‌كه‌ی‌ ناگرێ ، سیاسه‌ته‌كانی چه‌ند ساڵه‌ی رابردووی هه‌ر له‌ شه‌ڕی ناوخۆوه‌ ، تا ده‌ستگرتن به‌سه‌ر سامانی هه‌رێم و تا قۆڕخكاری ده‌سه‌ڵات و ته‌زویركردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ، ده‌ركردن و ده‌ستگییركردنی ئه‌ندامو لایه‌نگرانی لایه‌نه‌كانی نه‌یاری خۆی ، ته‌نانه‌ت ده‌ركردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مانو وه‌زیره‌كانی حكومه‌تیش، ئه‌مانه‌ به‌گشتی عه‌قلییه‌تی ئه‌و حزبه‌ ده‌رئه‌خه‌ن كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ناحه‌ق خۆی سه‌پاندوه‌ به‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی كوردستانه‌وه‌ . بۆیه‌ پێموایه‌ هیچ رێكه‌وتنێكی سیاسی وستراتیژیش له‌گه‌ڵ ئه‌م حزبه‌دا سه‌ر ناگرێ و هیچیشی لێوه‌ به‌ده‌ست نایه‌. به‌دووریشی نازانم له‌ ئایینده‌د‌ا پارتی ، یه‌كێتی وگۆڕانو حزبه‌كانی تریش بخاته‌ پشت سه‌یته‌ره‌ی دێگه‌ڵه‌وه‌و تاك لایه‌نه‌ زۆنه‌كه‌ی خۆی به‌ڕێوه‌ ببات وحیساب بۆ هیچ كه‌سێكیش نه‌كات . وه‌ك خۆیان وته‌نی له‌ خراپترینه‌كان ، خراپه‌كه‌ هه‌ڵبژێرن.

دانانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانو جێگرو سكرتێره‌كه‌شی له‌ یه‌گ ره‌نگی‌ زه‌رد، ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی لێژنه‌كانی په‌رله‌مانو، دانانی سه‌رۆكی هه‌رێمو حكومه‌ت و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و وه‌زیری ناوخۆو سامانه‌ سروشتیه‌كان و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر سه‌رجه‌م پۆسته‌ گرنگه‌كانی حكومه‌ت ، نیازی راسته‌قیینه‌ی پارتی  ده‌رئه‌خه‌ن كه‌ نایانه‌وێ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هاوبه‌شی ده‌سه‌ڵاتی بن له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێكی تردا ، ئه‌مه‌ش زۆر به‌وازحی واتای قۆڕخكاری وتاكڕه‌وی ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌ له‌ ئاكامدا حه‌تمه‌ن به‌ره‌و دوو ئیداره‌ییمان ئه‌بات ..

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand