Draw Media

ئێوەش وەك پارتی دایبەخەن و جێیبێڵن

ئێوەش وەك پارتی دایبەخەن و جێیبێڵن

2019-03-17 14:49:04


بورهان حاجی سلێمان 


كەركوك بە زۆر قۆناغی سەختدا تێپەڕیوە، هەر قۆناغەو برینێكی لەجەستەی شارەكەدا كردۆتەوە، بۆیە هەر كاتێكیش كە بۆ ماوەیەكی كەم كورد تیایدا باڵادەستبووە، لەبەر قووڵی برینەكان و سەرقاڵبوون بە دەستكەوتی ماددی و بێ پلانییەوە نەیتوانیوە ساڕێژیان بكات.
لەگەڵ بڕوای تەواوم بەسەختی هەموو قۆناغەكان، وەلێ من ئەم قۆناغەم لا لە هەمووی سەختترو مەترسیدارترە، قۆناغی فڕێدانەوەی كوردە بۆ پەراوێزی شارو ئیدارەدانی، قۆناغی دەستەمۆكردنی كوردو شكاندنی شكۆی نەتەوەیی و كەرامەتی گەنجەكانی، هەموو ئەمەش لە وجودی چەندین حیزبی كوردی و هەیمەنەی كوردی شارەكە چ لە ئەنجومەنە پەكخراوەكەی بێت یاخود لە نوێنەرایەتیكردنی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
ئێستا هێزە عێراقییەكان سوكایەتییەك بە كورد دەكەن كە لە سەرەتای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرداو لەو كاتەی كورد گێچەڵی پێدەكردن، نەیاندەكرد.. بازگەی بێسوودی ناو گەڕەكە كوردییەكان كە تەنها مەبەست لێی بێزاركردنی تاك بەتاكی كوردە، دۆزینەوەی هەر پاساوێك بۆ رووشكاندنی گەنجەكان، دروستكردنی تاسەو بەربەست بەتایبەتی لە دەروازەكانی شار بەبێ هۆی ئەمنی، بەڵكو تەنها بۆ نانەوەی قەرەباڵغی لە كاتی دەرچوونی خێزانەكان بۆ گەشتوگوزارو ئاهەنگێڕان بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، دەستبەسەراگرتنی زەوی و دروستكردنی بینای زیادەڕەو لە گەڕەكە كوردییەكان لەلایەن بەرپرسە عەسكەری و میلیشیایی عێراقییەكانەوە لە رێگەی دەڵاڵی كوردەوە، وەرگرتنی سەرانە لە دوكاندارو خاوەندكاران، پاكتاوكردنی فەرمانگەكان لە كورد، هەموو ئەمانەو چەندینی دیكە بە بەرچاوی حیزبە كوردییەكان و نوێنەرانی كوردەوە دەكرێت، كە ئێستا بەداخەوە ئەركی حیزبی خۆیان فەرامۆشكردووە كە خەباتی سیاسی و جەماوەرییە، بەڵكو بوونیان لە دوكانەكان و كۆگا بازرگانیەكانی دیكەی ناوشار زیاتر نییە، لەسەردەمی بەعسیشدا ماڵە كوردەكان بە بەرچاوی هەردوو حیزبی كارتۆنی (پارتی دیموكراتی كوردستان و حیزبی شۆڕشگێرانی كوردستان)ـەوە رادەگوێزران و گەنجی كورد بەر گوللە دەدران.
پێم سەیرە كەسانی وەكو نیازی میعمار ئۆغڵو و حەسەن تۆڕان و ...هتد بەبێ هیچ حەسانەیەكی حكومی یان پەرلەمانی پەلاماری كورد دەدەن و بەرگری لەخەڵكی خۆیان دەكەن، بۆچی ئێمە بەم سوپا حەسانەتدارەوە هیچمان بۆ ناكرێت، ئاخر ئەگەر ئیهانەكردن نەبێت واتای چییە هێزێكی میلیشیایی توركمانی ئەركی پاراستنی ئاهەنگەكانی نەورۆزی پێ بسپێردرێت؟!
لەڕاستیدا من گلەیی لە پارتی ناكەم، چونكە راستگۆیە بەرانبەر بە كەركوك و بە ئاشكرا وەكو سزایەك بۆ خەڵكەكەی و پابەندوبوونی بە رێكەوتنە هەرێمایەتی و ناوخۆییەكانی دەستبەرداری شارەكە بووەو هەموو هەوڵێكی بۆ ئاسایی نەكردنەوەی خستۆتەگەڕ، بەڵام گلەییم لەو حیزبانەیە لەسەرووی هەموویانەوە یەكێتی كە منەتباریان كردووین بەوەی لەپێناو خەڵكەكە ماونەتەوە، بەڵام لەبەرانبەر ئەو پێشێلكاریانە هیچ ناكەن یان هیچیان پێناكرێت.. ئاخر ئەگەر وەكو (سەوری و دیموكراتی)یەكەی جاران دەمێننەوە، بڕۆن بۆ لای پارتی باشترە، چونكە ئەو كاتەی پێشمەرگە لە لە قەندیل و كوێستان و پێدەشتەكانی گەرمیان داستانیان تۆماردەكرد، كوردی كەركوك وێرای نەهامەتییەكانی ئەو دەمە زۆر لە ئێستا ورەبەرزتر بوو.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand