Draw Media

پارتی سوارو یەكێتیش پیادە!

پارتی سوارو یەكێتیش پیادە!

2019-03-17 13:18:33


كەمال رەئوف      

پارتی و یەكێتی پێكەوە، "بەباش و خراپەوە" خوڵقێنەری ئەم دۆخەی ئێستان، گرنگ نییە كامیان زۆر ترو كامیان كەمتر چاكەو خراپەی هەبووە، یان كامیان سودمەند بووەو پێگەی خۆی قایمتر كردوە، ئەوەی گرنگە ئەوان بەبێ‌ یەكتری، نەیان ئەتوانی بگەنە ئەم دۆخەی ئێستا و بەردەوام كۆڵەكەی راگری یەكتر بوون. لە ئێستادا پارتی حزبێكی تۆكمەتر و دامەزراوە ترە، هەروەها بەحوكی ئەوەی زۆرترین جومگەی دەسەڵات و ئابوری لەبەردەستدا بووە، لەناوچە نفوزی خۆی خزمەتگوزاری زیاتری پێشكەش كردوە، یەكێتیش بەحوكمی ئەوەی خۆی حزبێكی لیبراڵتر بووەو ناوچە نفوزی كراوەتر بووە، لەناوچەكانی بن دەسەڵاتی كرانەوەو ئازادیەكی زیاتر بۆ خەڵك فەراهەم بووە.
لەدۆخی ئێستادا كە غیابی ئۆپۆزیسۆنێكی بەهێز هەیە، پارتی و یەكێتی دەستكراوە ترن لەوەی دۆخەكە بەرەو كوێ ئاراستە ئەكەن، مادام نێوماڵی حزبیش بەرژەوەندی و سفرە و گیرفانی جیاوازی تێدا دروست بووە، ئیتر مەرج نییە حیزبیش یەك ئاراستەو یەك هەڵوێست بێت، ئەم قسەیە كە جاران بۆ یەكێتی راست تر بوو ئێستا بۆ دۆخی ناو پارتیش راستە، بۆیە ئەوەی لەرابردودا لەپارتی بینراوە مەرج نییە بۆ ئایندەش وابێت، ئەم قسەیە بۆ یەكێتیش راستە، چونكە پارتی گەیشتە لوتكەی یەكدەستی و دەسەڵات، یەكێتیش گەیشتە لوتكەی پەرتەوازی و پاشكۆیەتی، بۆیە ئەوەی لەخولی ئەم گفتوگۆیانەی نێوانیان بەدی ئەكرێت، سەربەرو خوار بونەوەیە لەلوتكە، نەك هەڵكشانی زیاتر، چونكە ئێستا بۆ یەكێتی دەركەوت، بەبێ‌ پارتی گورگ نایخوات، ئەوەشی مەترسیە لەسەری بونی ئۆپۆزیسۆن نییە، بەڵكو نەیارە تەلیدیەكەیەتی. بۆ پارتیش دوای بەدەستهێنانی پەنجا زائید یەك، ئەوە ئاشكرا بوو، پێویستی بە پارتنەرێكی بەهێزی هاوشێوەی خۆیەتی، بۆیە تەنها داوای پارتی بۆ یەكێتی لەیەك خاڵدا كۆدەبێتەوە، ئەویش رازیبوونیەتی بەوەی لە لەساڵانی پێشودا پێدراوە، ئەوەی لەدوا خاڵیشدا یەكێتی شوێنی كەوتوە، نەگەرانەوەیەتی بۆ دۆخی پێشوو. 
دەرباز بوونی یەكێتی لە دۆخی ئێستا بەیەك قۆناغ ئاسان نییە، چونكە یەكێتی بەچەند قۆناغێك گەیشتە ئەو ئاستەی ئێستای، بەڵام گرنگە بۆ یەكێتی سەرەتای قۆناغی نوێ‌ بەنایەرەكەی بسەلمێنێت، سەلماندنی ئەو خاڵەش لەو شوێنەوەوە دەستپێدەكات كە پێشتر خۆی پێ كەلەبچەكرد. بۆ یەكێتی قورسە دوای ئەو هەموو هەڵەو شكستەی بەسەری هات یەكسەر داوای هاوتا بوون لەگەڵ پارتی بكات، هاوتا بوون بەندە بەهاوسەنگی هێز و بەرنامەوە، ئەوەش بەداواكردن لەبەرامبەر بەدەست نایەت، كاتێك تۆ داوا دەخەیتە بەردەم لایەنێك ئەوەیەكسەر خۆی مانای سەلماندنی هاوتا نەبوونە، بۆیە بۆ یەكێتی گونجاوترە، بەپلیكانەكانی شكستەكەیدا سەركەوێتەوە، چونكە هاوتا بوون و هاوسەنگی هێز بەدبلۆماسیەت بەدەست نایەت.
لەكابینەی نوێ‌ غیابی ئۆپۆزیسۆنێكی بەهێز، چەند بۆ حوكمرانی پارتی گرنگە، دوو ئەوەندەش بۆ دۆخی ئێستای یەكێتی نیعمەتە، یەكێتی گەر تواناو ئیرادەی رێكخستنەوەی ناوماڵی خۆی هەبێت، دەتوانێت بەنەفەسی ئۆپۆزیسۆنێكی نەرمی ناو دەسەڵات، بۆ چواساڵی ئایندە ئومێدێك بۆ گۆرانكاری دروست بكات، خۆ گەر بریارو ئیرادەی گۆرانكاری هەبێت، خەڵك لەو شوێنەوە نایبینێت لەم ئاڵوگۆرەدا یەكێتی چەند پۆستی دەست ئەكەوێت، بەڵكو لەو شوێنەوە ئەیبینێت كە ئەم هێزە چەند توانای گۆرینی هێلكە پیسەكانی ناو خۆی هەیە و چ بەرنامەیەكی بۆ دۆخی تازە پێیە. 
گەر بریار بێت چارەنووسی ئەم وڵاتە بۆ چەند ساڵێكی تر هەر لەبن دەستی پارتی و یەكێتی بمێنێتەوە، ئەوا بۆ یەكێتی گونجاو ترە، لەباتی ئەوەی هەموو توانای خۆی بۆ هاوتابوون و شەراكەتی پارتی خەرج بكات، بەشێك لەتواناكەی بۆ توخكردنەوەی ئەو جیاوازیانە بەكاربهێنێت، كە لەوی جیادەكاتەوە، دەنا بەپێچەوانەوە هەتا یەكێتی شەری شەراكەتی ئیمتیاز لەگەڵ پارتی بكات، پارتی سوار و یەكێتیش هەر پیادە ئەمێنێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand