Draw Media

هەڵەبجە چی بۆ كراوە‌و چی پێویست بوو بۆی بكرێت؟

هەڵەبجە چی بۆ كراوە‌و چی پێویست بوو بۆی بكرێت؟

2019-03-16 10:00:08


كامیل عومەر
دەسەڵاتدارانی هەرێم لە 28  ساڵی حكومڕانێتیاندا چۆن روانیویانەتە كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە‌و چیان بۆ كردووە‌و چی پێویست بوو بۆی بكەن؟ ئایا توانیویانە هەڵەبجە بكەنە، پرسێك كە هەم خزمەت بە هەڵەبجەییان بكات‌و هەم خزمەت بە پرسی كورد بكت؟.
•    هەڵەبجە چی بۆ كراوە؟
 ئەوەی كە تائێستا دەسەڵاتدارانی هەرێم كردویانە، جگە لەوەی لە ساڵرۆژی كارەساتەكەدا، مەراسیمێكی حزبیانە‌و بۆ خۆدەرخستتن‌و خۆ بە پاڵەوانكردنی قسە زلە زل‌و بیكردارەكانی حزب، چیان بۆ هەڵەبجە كردووە؟، ئەوەش سەرباری پارە خواردن (وەكئەوەی بینراوە‌و بڵاوكراوەتەوە)، كولاندنەوەی برینی سارێژ نەبووی  كەسوكاری قوربانیانیەكانیشی لێكەوتووەتەوە.
ئەوەی كە تا ئێستا بۆ هەڵەبجە كراوە‌و وەك شانازییكردن پێی دەفرۆشنەوە، بڕیاری بوو بە پارێزگا كردنی بوو (كە ئەویش لەبەر خاتری هەڵبژاردن بوو)،  بەڵام جگە لە گۆڕینی تابلۆی شارەكە لە پارێزگاوە بۆ قائیمقامیەت، بوونی كۆمەڵێك كادیری حزب پارێزگا‌و ئەنجومەنی پارێزگاو بەڕێوەبەری گشتی، چ لە ژیانی خەڵكەكەی گۆڕیووە؟.
•    چی پێویستە بۆ هەڵەبجە بكرایە‌و بۆ بكرێت؟
-    هەڵەبجە پێویستی بەوە بوو لە چەند ساڵی حكومڕانیاندا، دەسەڵاتدارانی، هەرێم هەموو توانا‌و پێگەی دبلۆماسی‌و سیاسی‌و جەماوەرییان بخستایەتەگەڕ تاوەكو وەك جینۆسایدی نێودەوڵەتی بناسێنن‌و لەڕێیەوە هەم حكومەتی عیراق تاچار بكرێت بە قەرەبوكردنەوەی خەڵكەكەی وەكو هۆلۆكۆستی جولەكەكان، هەم بكرایەتە هۆی بەهێزكردنی پێگەی كورد‌و پرسە چارەنوسسازەكەی وەك گەلێكی ستەملێكراو لە ناوچەكەدا.
-    هەڵەبجە پێویستی بەوە بوو بەركەوتووان‌و بریندارانی كیمیاییەكە چارەسەربكەن، كە تائێستاش رۆژانە كەسوكاریان بەدیار مەرگی پڕ ئازاری ئازیزانیان، كات بەڕێدەكەن‌و ساڵانە چەند بەكەوتویەكیان بەبێ‌ چارەسەر گیان دەسپێرن.
-    هەڵەبجە پێویستی بەوە بوو بیكەنە شارێكی نموونەیی هاوشێوەی هێرۆشیما بنیاتی بنێنەوە، بیكەنە شارێك كە لە عیراق‌و ناوچەكەدا بێ وێنە بێت‌و رێگاوبانی پێشكەوتوو بۆ دروستبكرێت‌و شەمەندەفەر‌و میترۆ‌و تێدابێت، پارك‌و سەوزایی گەورەی تێدابێت، بكرێتە شارێكی گەشتیاریی نموونەیی‌و مۆزەخانەی گەورەی جینۆسایدی تێدابكرێتەوە، بۆ ئەوەی لەسەرانسەری دونیاوە خەڵك رووی تێبكات‌و بەهۆیەوە هەلی گەورەی كاركردنیش بۆ خەڵكەكەی بڕەخسێت‌و گەنج‌و دەرچووەكانی زانكۆی وەك ئێستا بێكار نەبن.
هەربۆیە، روانینین‌و تێگەیشتنی دەسەڵاتدارنی هەرێم بۆ پرسێكی گرنگی وەك هەڵەبحە، روانینێك بووە بە ئاستی خۆیان بچوك بووە‌و نەیانویستووە ئەوەی پێویست بوو بۆی بكرێت‌و گومانیشم هەیە لەسایەی ئەم دەسەڵاتدارە بچوكانەوە، ئەوشارە گەورە كارەساتبارە، دۆخی باشتر بەخۆیەوە ببینێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand