خوێنی موسوڵمان سەبارەت بە ڕووداوەکەی نیوزلەندا
2019-03-16 05:22:47
عەزیز رەئووف
یەکەم: تیرۆر و توندوتیژی دەرکەوتەیەکی جیهانیە و دەکرێت سنورەکان ببڕێت. هەڵەیە ئەگەر پێت وابێت دەتوانی بە دوورخستنەوەی تیرۆر بۆ دەرەوەی سنورەکانت دنیای تۆ ئارام و نیشتیمانت دوور دەبێت لە تیرۆر. ئێمە لە گوندێکدا دەژین توندڕەوی دەکرێت کاریگەری لەسەر کۆی مرۆڤەکان جێبێڵێت.
دووەم: خوێنی موسوڵمان سورە وەک چۆن خوێنی ئێزدیەک سور و خوێنی گەرێلایەک سور و خوێنی کوردێکی چەپی ڕادیکاڵ لە عەفرین و کۆبانێ سور سور. ناکرێ لێم ببی بە فریشتە لەبەرئەوەی موسوڵمانێک لەوپەڕی دنیا خوێنی ڕژاوە هاوسۆزی دەربڕی بەڵام دەوروبەرت بەناوی دین و ئایدۆلۆژیا و مەزهەبەوە گۆڕستانێکە بۆخۆی، کەچی بێدەنگیت هەڵبژاردووە.
سێیەم: ئەگەر لە موسوڵمانی خۆرهەڵاتی بپرسیت دەسەڵاتێکی عەلمانیت دەوێ یان ئیسلامی؟ بێ دوو دڵی دەڵێ دەسەڵاتێکی ئیسلامی. بەڵام ئەگەر بڵێی دەتەوێ لە خۆئاوا بژی یان لە دنیای ئیسلامی لە ڕۆژهەڵات، بێ دوودڵی ڕۆژئاوا هەڵدەبژێرێت و لەسایەی دەسەڵاتێکی عەلمانیدا باس لە دەسەڵاتی ئیسلامی دەکا. ڕۆژهەڵات لەسایەی دین و ترادسیۆن و ئایدۆلۆژیاوە خەریکە چۆڵ دەبێت و شەقامەکانی ڕۆژئاواش پڕ بووە لە توندڕەوە ئیسلامیەکان و ئەو وڵاتەی تێیدا دەژین بە کافر و بێدین و خوانەناس وەسف دەکەن. موسوڵمان ئەو کارەکتەرەیە لەنێوان بەرلین و مەککەدا بەرلین هەڵدەبژێرێ بۆ ژیان بەڵام ڕوودەکاتە مەککە بۆ نوێژکردن.
چوارەم : تیرۆر و دیدی توندڕەوی لە زیاد لە کەلتور و زیاد لە کۆمەڵگەیەک ئامادەیی هەیە و دەکرێت لە ساتێک لە ساتەکاندا خوێنی ئەوی دی بڕێژێت. هەڵەیە پێمان وابێت تیرۆر بە تەنها ڕیشەکەی لەناو ئاینی ئیسلامدایە. بەڵکو ڕیشەی تیرۆر مێژوویەکی درێژتری هەیە و لە زیاد لە ئاین و زیاد لە ئایدۆلۆژیا و کەلتورێکدا ئامادەیە.
پێنجەم: ئیدانەکردنی ئەم ڕووداوە بەس نیە، دەکرێت ڕۆحی توندڕەوی لەخۆتدا بکوژی، دەکرێت سوری خوێنی هەموان وەک یەک ببینیت. دەبێت هیومانیزم ئەولەویەت بێت و مرۆڤ سەنتەر بێت نەک دین و ئادیۆلۆژیا. ئەگەر جیاکاری دەکەی لەنێوان قەسابخانەی نیوزلەندا لەگەڵ خۆکوژی پاریس و لەندەن و شەنگال و عەفرین، ئەوە خەلەلێک لەئارادایە، پێش ئەوەی ئیدانە بکەی، ڕۆحی توندڕەوی و ڕاسیستی لەخۆتتدا بکوژە ئەوسا دنیامان لە ئێستا جوانتر دەبێت.