ململانیی سیاسی و ئاسەوارە نێگەتیڤەکانی
2019-03-13 14:27:02
ئاراس وەلی
هەرێمی کوردستان هەرێمێکی بچوک و کەمتوانا و سنوردارە لە زۆر بواردا. خاوەنی سیستەمێکی ئابوری سەردەمیانەو بازاڕێکی زیندو کارا نییە. لەئاستی بەڕێوەبردن و دامەزراوەیدا کەم ئەزمونە و پڕە لەکێشە و رۆتینی زۆر، لەڕوی کارمەند و کادری حکومیەوە هەژار و پاسیڤە.
هەرێمی کوردستان تا ئێستا دەستورێکی تایبەت بەخۆی نییە، یاسا و رێنماییەکان لەسێکتەرە جیاوازەکاندا زۆر جار دەبنە رێگر و ئاستەنگ بۆ پرۆسەی بەڕێوەبردن. رێژەی کارمەندان و موچەخۆرانی ئەم هەرێمە زۆر زۆر زیاترە لەو ستاندارتەی لە تەواوی جیهاندا رێزلێگیراوە. بە مانایەکی تر بودجەی حکومەت نزیکەی لەسەدا شەست بەرەو ژوری دەڕوات بۆ موچە. شەڕ و ململانێی ناتەندروستی سیاسی و دەستوەردانی کاستە سیاسییە گەندەڵەکان لەکاروباری حکومەت دا، بوە بەهۆی لاوازی دەسەڵاتەکانی قەزائی و تەشریعی و تەنفیزی.
هەرێمی کوردستان مێژویەکی خۆبەڕێوەبردنی زیاتر لەچارەکە سەدەیەک هەیە، بەڵام ئەم هەرێمە مێژویەکی دورودرێژتری لەژێر دەستەیی و دواکەوتویی و هەژاریش دا هەیە. بەشێک لەو مێژوە هەژارەش بریتی بوە لە تراژیدیای ململانێی سیاسی و شەڕی یەکتر سڕینەوە.
لەم هەرێمەی ئێمەدا پاشماوەکانی شەڕی ناوخۆ بەشێوازی تر لەناو حوکمڕانیەکەدا کاریگەری نێگەتیڤی هەرماوە. نەبونی متمانەو باوەڕنەبون بە بەشداری و شەراکەتی راستەقینە لەنێوان هێزە سیاسیەکاندا، رەنگە گەورەترین کۆسپ بێت لەبەردەم دروستکردنی حکومەتێکی بەهێز و خاوەن پلان بۆ چوارساڵی تەمەنی هەرکابینەیەک.
تا ئیمڕۆش کاریگەری ئەو مێژوە خوێناویە لە یەکتر کوشتن و سڕینەوە، لە سیاسەت و پێکەوە ژیانماندا ماوە و، مێژوی شەڕی ناوخۆ برینێکی قوڵە، ئەم برینە زۆرجار لەیادو بۆنەکاندا بەخیتابی حەماسی و پۆپۆلیستی و عاتیفیانە قەتماغەکەی لادەبەین و خوێ دەکەینەوە ناو زامی ئەو مێژوە خوێناویەوە..!. شەڕی ناوخۆی هێزە سیاسییەکانی دوێنێ باشترین و دڵسۆزترین کەسایەتیەکانی ئەم وڵاتەی پێ لەناوبردین. ئەگەر کۆتایی بەو رەوشە نەهێنین لەدواجاردا ئەو برینانە دەبنە ماکی سەرەتانی تەواوی جەستەی نەتەوە و نیشتیمانەکەمان لەناو دلێمایەکی هەژاری و دواکەوتندا قەتیس دەکات!.
هەرچەندە ئێمە لەناوخۆدا ناتەباو پەرتەوازە بین، بارتەقای ئەوە تۆوی قین و تۆڵەسەندنەوە و یەکتر شکاندن دەچێنین، بوختان و درۆ بۆ یەک هەڵدەبەستین. لەسەر هیچ پرۆژەیەک تاسەر لەگەڵ یەک رێکناکەوین. خاڵە ناکۆکەکان زەق دەکەینەوە، دەیکەینە هەوێنی وتاری حەماسی و، میتودی یەکتر تەخوینکردن. دەستکەوتە مێژویەکان دەکەینە دەستکەوتی تەنها خۆمان و ناخوازین کەسی دیکە بەشدار بێت!.
بەڵام ئێستا رۆژگارێکی ترە، کورد نەتەوەیەکە جیاواز لەجاران ناسراوترە، پێگەو گرنگی کورد لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی دور و نزیکدا لەسەدەکانی پێشو بەهێزترە.
ئێستا قۆناغێکی ترە لە خەبات و تێکۆشانی ئێمە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی. پیادەکردنی سیاسەتێک کە نزیکمان بکاتەوە لەو ئامانجە، پێوستی بە ئیستقراری سیاسی هەیە، ئیستقراری سیاسیش پێوستی بەتێگەیشتنی هاوکۆ هەیە بۆ هەمو پرسەکان. بەمانایەکی تر ئێستا قۆناغی یەکتر قەبوڵ کردنە، نەک یەکتر سڕینەوە. قۆناغی پێکەوە کارکردنە نەک دژبەیەک کارکردن. ئێستا کاتی قسەکردنی جددیە لەسەر هەمو ئەو هۆکار و ئاستەنگانەی کەبونەتە هۆی دواکەوتنی کۆمەڵگاکەمان. کاتی کارکردنی جددیە بۆ دانانی پلان و جێبەجێکردنی بەرنامەی کار لە ئەرزی واقیعدا کە رەنگدانەوەی راستەوخۆ و کاریگەری لەسەر تاک و کۆمەڵگاکە هەبێت لەبەرەو باشتربونی ژیان و گوزەران. لەبەرزبونەوەی ئاستی زانست و مەعریفە و داهاتی تاک دا.
دانانی مارشاڵ پلانی سیاسی ئێمە بۆ گوێزانەوەی کۆمەڵگا وڵاتەکەمان لەدۆخێکی خراپ و دواکەوتوی چەقبەستوی پڕ لەخورافاتەوە بۆ دۆخێکی پڕلەژیاندۆستی و پێشکەوتن و، بون بەبەشێک لەجیهانی دەرەوەی خۆمان و دنیای گلۆباڵی. پێوستی بەخیتابێکی عەقلانی هەیە، پێوستی بە توانای هەموان و تەجرەبەی وڵاتان و میلەتانی دنیا هەیە. هیچ وڵات و میلەتێک نییە گەیشتبن بە لێواری ئازادی و سەربەخۆیی و ژیانێکی شایستەو رێزلێگیراو بەبێ رێکەوتنێکی ناوخۆیی خۆیان و یەکتر قەبوڵکردن و تێگەیشتنی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردن و حکومڕانیکردن.
دۆخی ئێستای کوردستان هەستیار و ناجێگیرە، لەڕوی سیاسیەوە قەیرانی گەورە و هەمجۆری کەڵەکەبوی چەندین ساڵەی بێچارەسەر هێشتۆتەوە. قەیران بوە بەکێشەی بۆماوەیی و کەلتوری فەرامۆشکردن و بێهیوایی!.
قەیرانی سیاسی لەهەرێمی کوردستاندا کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر تەواوی جومگەکانی کۆمەڵگای کوردستاندا داناوە. کێشەکانی بواری بەڕێوەبردن، ئابوری، خزمەتگوزاری، فێرکاری و تەندروستی، ببوە بە هۆکاری سەرەکی لەبەرهەمهێنانی کۆمەڵگایەکی نەخۆش و دواکەوتو، نەخوێنەدەوار. بۆیە ئەرک و بەرپرسیارێتیەکی گەورە لەئەستۆماندایە کە رێکبکەوین لەسەر بەرنامەی هاوکۆ بۆ بەدەستهێنانی شائامانجی هەمومان.
پێکهێنانی حکومەت پێوستی بە نیەت و ئیرادەیەکی بەهێز هەیە لای سەرجەم هێزە سیاسییەکان، کە ئەو ئیرادە و نیەتەش لەدواجاردا دەبێتە هەوێنی لێکتێگەیشتن و پێکەوە کارکردن و یەکتر قەبوڵکردن.
سوپایەکی نیشتیمانی رێکخراو، مەشقپێکراو کە گرێدراوی پاراستنی دەستکەوتەکانی خەڵک بێت، ئەرکی هەمولایەکمانە بەئیرادە و نیەتێکی مەسئولانەوە ئەو سوپا نیشتیمانییە دابمەزرێنین، جیهان چاوی لێمانە و هاوکارمان دەبن بۆ ئەو ئەرکە.
پەرلەمانێکی کاراو زیندو، حکومەتێکی بەهێز، دەسەڵاتێکی دادوەری رەشید و بێلایەن، کە یەکسان و هەماهەنگ و یەک ئیرادە بن، بێگومان نیشتیمان ئاوەدانتر دەبێ، نەتەوە سەرفرازتر و ئازاتر دەبێ، خەڵک پۆشتە و تێر دەبێت، هەژاری و نەخۆشی بەدەرگامان چۆڵ دەکات، لەدنیا و جیهانیشدا دەبینە جێگای شانازی خۆمان و دۆستەکانمان.
ئێستا لەهەموکات زیاتر پێوستیمان بە لێکتێگەیشتن و یەکتر قەبوڵکردن و رێککەوتنە، ئێستا دەتوانین برینەکانی دوێنێ، لاپەڕە نەگریسەکانی مێژوی یەکتر سڕینەوە بکەینە وانەی لێوەفێربون بۆ خۆ دەربازکردن لە تەوقی دیلێتی و ژێردەستەیی.
ئیتر کاتی ئەوە هاتوە ئێمە ببینە بەشێک لە بازاڕی جیهان و بەرژەوەندیە هاوبەشەکانی جیهانی، ئێستا کاتی ئەوەیە نەسڵی نوێ بەسود وەرگرتن لە تەکنەلۆژیا و زانستی سەردەمیانە، ببنە بەشێکی گرنگ و ئاکتیڤی سیستمی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی هەرێمەکەمان.
لەسەروبەندی پێکهێنانی کابینەی نۆهەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، گرنگە چیدی بە عەقڵەتی تەسکبینی حیزبایەتیەوە نەڕوانینە پێگە و ئەرکەکانی حکومەت. بەمانایەکی تر، حکومەت ئامرازێکە بۆ جێبەجیکردنی یاساکان و، سازدانی دەرفەتی کار و ژیانی شیاو بۆ هەموان. حکومەتی سەرکەوتو، بە کارو پڕۆژە جددیەکانیدا دەناسرێتەوە. هاوڵاتیانیش پێناسەی حکومەتی رەشید لەدیدگای باشبونی گوزەران و ئاسایش و هەلی کار و ژیانی شایستەدا دەبیننەوە.
نوسینەوەی دەستورێکی کارا و پتەو ، کە هەمومان لەژێر چەتری نیشتیمان دا کۆبکاتەوە، دەستورێک زامن و گەرەنتی هەمیشەیمان بێت، کە ململانێی سیاسی نەمانباتەوە بۆ چوارگۆشەکانی شەڕی ناوخۆ و یەکتر سڕینەوە.
سەدەی بیستویەک سەدەی لەدایکبونەوەی نەتەوەی ئێمەیە، سەرەتای بەجیهانیکردنی دۆزی نەتەوەیەکی ژێردەستەو داگیرکراوە. سەرەتای رابون و بەرەنگاربونەوەی خەڵکی کوردستانە لەبەرانبەر زوڵم و ستەمی داگیرکاری و ژێردەستەیی. خەباتی کوردانی رۆژئاوا و باکور، گرێدراوی سەرکەوتنەکانی ئێمەیە لەباشور. چەندە ئێمە لەباشور بتوانین لەسایەی دەستوری هەمیشەیی عێراق دا، فیدڕاڵیەتی هەرێمەکەمان و دەستکەوتە سیاسی و دەستوریەکانمان بپارێزین و بەدەستبهێنین، بارتەقای ئەو دەستکەوتە مەزنانەی ئێمە خەباتی براکانمان لەبەشەکانی دیکەی وڵاتەکەمان دا پێشکەوتن و گەشەکردن بەخۆیەوە دەبینێ.
سەقامگیری سیاسی و بەهێزی هەرێمی کوردستان لەڕوی ئابوری و پێگەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەوە، هەمیشە کاریگەری پۆزەتیڤی هەیە لەسەر رەوشی دۆزی کورد لەبەشەکانی دیکەی کوردستاندا. ئەگەر بە وتەی ماوتسی تۆنگ "سیاسەت جەنگێکی ناخوێناوی بێ و جەنگیش سیاسەتێکی خوێناوی" ئەوا گرنگترین ئەرکی هەنوکەیمان بریتی دەبێت لە سیاسەتێک کە خوێنی تازە بکاتە جەستەی کۆمەڵگاوە، سیاسەتێک ململانێی سیاسی بکاتە میتۆدێکی زیندو کاریگەر بۆ پێشکەوتن و گەشەکردنی خۆمان و کۆمەڵگاکەمان. سیاسەتێک چاکسازی و دژایەتی گەندەڵی بکاتە شائەرکی خۆی.
سیاسەتێک کە واقیعیەتی دەوروبەرمان بەهەند وەربگرێ و، ئەزمونی دەوڵەمەند و سەرکەوتوی گەلانی دیکە بکاتە هەوێنی نەخشەڕێگای سیاسەتی هەمیشەیمان.