Draw Media

پێداگری یەکێتی و بەرژەوەندی ھاونیشتیمانیان!

پێداگری یەکێتی و بەرژەوەندی ھاونیشتیمانیان!

2019-03-12 16:00:41


کاروان عەلی شامار

(١)
ھیچ کات ھەنگاوەکانی یەکێتی بارتەقای ئێستای بە دڵی جەماوەرەکەی نەبووە بەجۆرێک جیاواز لە ھەموو رێکەوتنەکان لەپێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمدا لەبری سازش، پێداگری لەسەر خواست و داواکارییەکانی دەکا، باشتر بڵێین ئەگەر لەرابردوو سازشی (ی ن ک) بۆ تێکنەچونی ئاشتەوای کۆمەلایەتی و سیاسی و بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵک بوو بێت، ئەوا ھەنوکە پێداگرییەکەی لە پێناو ھەمان دۆزدایە، باشترین ئەرگومێنتیش رێکەوتنەکەی (٥)ی شوباتە کە تەواوی خاڵەکانی پابەستە بە باشکردنی گوزەران و ژیانی ھاوڵاتیانەوە!
یەکێتی لە ئێستایە فیگەرێکی گەورەیەو دووەم ھێزی ھەلبژاردنە، راستە زیاتر لە نیوەی کورسیەکانی پەرلەمان لە دوای رکابەرەکەیەوەیەتی بەڵام فیدباکی یەکێتی بە کورسی نییەو دەکرێ لەوەدا( مێژوو، قوربانیدان، سنوری جوگرافی، ئیعتیباری نێودەوڵەتی، ھەبونی ھێزی پێشمەرگە.. ھتر) بەھەند وەرگیرێت وە لەسەر بنەمای ئەو پێودانگانەش پۆستەکانی لەگەڵ دابەشکرێت!

(٢)
سیاسەت ھەر بریتی نییە لە قازانج بەڵکو بەدیوە دروستەکەیدا بریتییە لە بەخشین و وەرگرتن، یەکێتی وەک ھێزێکی گەورەو بەرپرسیار بەرامبەر بە ئەرکە مێژوویەکانی ھیچ کات پۆستی بەلاوە گرنگ نەبووە، وە زۆرترین قوربانیشی داوە لەو پێناوەدا بەتایبەت لە کابینەی حەوتی حکومەتی ھەرێمدا ئامادەبوو پۆستی سەرۆکی حکومەت بە ھاوپەیمانەکەی ببەخشێ کە ئیستحقاقی خۆی بوو! 
دوو ھێز کە رێکەوتنی ستراتیجی لەنێوانیاندا واژوو دەکەن ناکرێ ھێزێک برا گەورەو ئەوی تر برا گچکە، وە ناکرێ دانەیەک تێر و ئەوی تر برسی وەناشکرێت ھێزێک زۆرترین پۆست بەرێ و ئەوی تر مەحروم، بەڵکو دەبێ سەرجەم پۆستەکان بە ھاوبەشی و یەکسانی لە نێوانیاندا دابەشکرێت!

(٣)
پێداگری یەکێتی بۆ یەکپاکێجی بەغداو کەرکوک و حکومەتی ھەرێم، زۆر جار تەفسیری ھەڵەی بۆ دەکرێ وەلێ لە بنەرەتدا ئەم ھەنگاوەش ھەر بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکەو یەکێتی مەبەستی گەیاندنی ئەو پەیامەیە کە ناکرێت لە ناوخۆ تەبابین و لە دەرەوە ناکۆک، وە پێشی وایە گەر ناکۆکیەکیمان ھەبێ با لۆکاڵی بێ بەڵام بۆ بەغداو ناوچە دابڕێنراوەکان یەکتیم و یەکگرتوو بین!

(٤)
بە ھاتنە پێشەوەی نەوەی سێیەمی یەکێتییەکان گۆرانێکی نەوعی لەسیاسەتی ھەنوکەی حیزبەکەدا دروست بووە، واتە یەکێتی ئێستا یەکێتیەکەی چەن ساڵێک پێش ئێستاو دوای مردنی سەرۆک مام جەلال و جیابونەوەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا نییە فیگەرە نوێیەکانی سەرکردایەتی حیزبەکە دەیانەوێ بەھەر شێوەیەک بێ پارسەنگی ھێز بۆ ناوچەکە بگەرێتەوەو ئەو ناعەدالەتیە جوگرافی و ئابورییەی زۆرەی کە لە ناوچەکەدا بەرجەستەبووە تارادەیەک کەمکرێتەوە.
بەبێ پارسەنگی ھێز لەنێوان ھەولێر و سلێمانی و ھەروەھا ھەبوونی پەرتەوازەی لە نێوان ھێزەکانی ناوچەکە بەتایبەت بزوتنەوەی گۆران و یەکێتی بارودۆخی دەڤەری سەوز لەمە باشتر نابێ گەر چارەسەرێکی ئانیشی بۆ نەدۆزرێتەوە دۆخەکە دەگا بە ئاقارێک کە ھیچ کەس خۆزگەی پێ نەخوازێ!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand