Draw Media

كۆمپانیاكان حوكمی جیهان دەكەن

كۆمپانیاكان حوكمی جیهان دەكەن

2019-03-12 10:35:19


 فەهد عامر ئەحمەدی
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ

كۆستاریكا دەوڵەتێكی هەژارە، بە بەرهەمهێنانی میوەی مۆز بەناوبانگە،  ساڵی 1997 كۆمپانیای ئەنتڵی ئەمریكی كە لە بواری كۆمپیوتەردا كاردەكات، كارگەیەكی لەو وڵاتە كردەوە، ئێستا ئەمڕۆ كارەكانی ئەو كۆمپانیایە لە كۆستاریكا بەجۆرێك فراوان بووە كە دەستیگرتووە بە 37%ی هەناردەی كۆستاریكا‌و داهاتی نیشتمانی دەوڵەتی لەو وڵاتە بەڕێژەی 8% لە جیهاندا بەرزكردوەتەوە.
ئەمەی سەرەوە وەك نمونەیەك لەسەر رۆڵی كۆمپانیا زەبەلاحەكان لە باشتركردنی ئابوری دەوڵەتاندا باسدەكرێت، بەڵام لەلایەكی ترەوە ئاستی هەژمون و كاریگەری ئەو كۆمپانیایانە بەسەر سەروەری و ئاراستەی سیاسی ئەو دەوڵانەی تێیدان روندەكاتەوە.
كۆمپانیای ئەنتڵ تەنها نمونەیەكی  كۆمەڵێك كۆمپانیای ئەختەبوتی فرەڕەگەزە كە بەشێوەی ئاسۆیی و ستونی فراوان دەبن و هاوپەیمانێتی و گروپ پێكدەهێنن و هەموو سنورو نەریتە سیاسییەكان رادەماڵن، لەماوەی 10 ساڵ یان 20 ساڵدا رەنگە سنوری دەوڵەتەكان وەك خۆیان بمێننەوە، بەڵام خودی حكومەتەكان بە خێرایی ملكەچی خواست‌و داواكاری ‌و مەرجی كۆمپانیا جیهانییەكان دەبن، خودی هاوڵاتیانیش زیاتر كراوە‌و جیهانیی دەبن و وەلائیان بۆ كۆمپانیا فرە رەگەزەكان زیاتر دەبێت.
لەڕاستیدا پێویستمان بەكاتێكی زۆر نابێت بۆ دڵنیابوون لە هەژمونی ئەو كۆمپانیایانە، ئەوەی تێبینی ئەكرێت ئێستا كۆمپانیا فرە ڕەگەزەكان دەسەڵاتیان بەسەر وڵاتانی جیهاندا هەیەو بونەتە هەڵسوڕێنەری ڕاستەقینەی هەندێك لە حكومەتەكانی جیهانی تازە پێگەیشتوو، بگرە وڵاتە پێشكەوتوەكانیش، لەڕێی هێزی فشارو بەرژەوەندی هاوبەشەكانەوە.
بۆ نمونە:
* بودجەی10 گەورەترین كۆمپانیای جیهانی زیاترە لە بودجەی 100 بچوكترین دەوڵەتی ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكان.
* 500 گەورەترین كۆمپانیای جیهانی 44%ی سامانی نەتەوەكانیان كۆنترۆڵكردووە.
* 100 گەورەترین كوتلەی ئابوری لەە جیهاندا لە 50 كۆمپانیا‌و 50 دەوڵەتدا قەتیس بووە.
* پێنج كۆمپانیای جیهانیی دەستیان بەسەر 40%ی پیشەسازیەكانی فڕۆكەوانی‌و بواری بۆشاییی ئاسمان‌و پەیوەندییەكان‌و كۆمپیوتەر‌وزانیاری‌و نەوت‌و پۆلادا گرتووە.
* 10 كۆمپانیای جیهانی زیاتر لە نیوەی قۆناغەكانی بەرهەمهێنانی خۆراكی جیهانیان دەستبەسەردا گرتووە لە چاندنیەوە هەتا گەیشتنی بەدەست بەكاربەر.
* چوار كۆمپانیا دەستیان بەسەر 90%ی بەرهەمهێنانی گەنم‌و شەكر‌و چا‌و قاوەدا گرتووە.
* چوار ئاژانسی جیهانیی بەتەنها 85%ی هەواڵ و زانیارییەكانی جیهانیان كۆنترۆڵكردووە.
* كۆمپانیاكانی ئەمریكا بەتەنها 80%ی بەرهەمهێنانی فیلم‌و 35%ی پیشەسازی مۆزیك‌و 30%ی ئامرازەكانی بڵاوكردەوەیان لە سەرتاسەری جیهاندا كۆنترۆڵكردووە.
*  داهاتی هەردوو كۆمپانیا شێل و ئیكسۆن مۆبیلی بواری نەوت، زیاترە لە داهاتی زۆرینەی دانیشتوانی جیهان.
* كۆمپانیای شێل بەتەنها مافی گەڕان و پشكنین و دەرهێنانی نەوت‌و كانزای لە 400 ملیۆن فەدان زەوی لە جیهاندا هەیەو ئەوەش وایكردووە كە كۆنترۆڵی گەورەترین رووبەر بكات كە گەورەترە لە 146دەوڵەتی نەتەوە یەكگرتووەكان.
* فرۆشی ساڵانەی كۆمپانیا جەنراڵ مۆتۆرز، زیاترە لە كۆی بودجەی پاكستان‌و بەنگلادیش و ئۆگەندا‌و كینیا‌و نەیجەر و ئەسیپوپیا‌و نیپاڵ و زائیر.
* سامانی بیڵ گیتس، خاوەنی كۆمپانیای مایكرۆسۆفت زیاترە لە داهاتی ساڵانەی سەرجەم ئەو وڵاتانەی خاڵی پێشوو.
ئێستا لەخۆت بپرسە: ئایا دەوڵەتێك دەزانیت لەو رەگەزانەی سەرەوە زاڵ بێت بەسەر ئەو كۆمپانیایانەدا.. وەڵامەكە ( نەخێر).. بەڵكو بە پێچەوانەوە كۆمپانیا جیهانیەكیان دەستیانكردووە بە جڵەوكردنی كاروبارەكانی ناو خودی دەوڵەتەكان، لەرێگەی هێزەكانی فشار و هاوبەشیپێكردنی دەسەڵاتداران و كاندیدكردنی ئەندامەكانی خۆیان بۆ پۆستە هەستیارەكان.
ئەوەی ئێستا روودەدات سەرەتایەكە بۆ  وەرچەرخانێك لە سەردەمی حكومەتە ئیقلیمییەكانەوە بۆ هەژمون‌و كۆنترۆڵی كۆمپانیا جیهانییەكان.. تاكە جیاوازی ئەوەیە تۆ تێبینی هیچ شتێك ناكەیت!

رۆژنامەی ریازی سعودی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand