تەپوتۆزی داڕمانەكەیان نەبینی
2019-03-12 07:11:45
رەحمان غەریب
كۆنگرە رۆژنامەنوسییەكەی تیمی كابینەی هەشت، بۆ لابردنی پاشەكەوتی موچە، بومەلەزەیەك بوو لەناو ئەو یەقینە سیاسییەی، پشووی نەئەدا، شەوو رۆژی خستبووە سەر یەك، تا بیسەلمێنێت كە ریفراندۆم هەموو دەرگاكانی بەڕوی كوردستان داخستوە تەنانەت پەنجەریەكیش نەماوە بۆ روانین لە داهاتووی ئەم ئەزمونە، لایان ئاسایی بوو بۆ ئەوەی كابینەیەكی یەكێتی و پارتی بروخێت، كوردستانیشی بەدەمەوە بڕوا.
یەقینیان هەبوو (نێچیرەڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی) دەكەونە ژێر داروبەردی كابینەی هەشت، بۆیە نەك بە هێمنی كشانەوە، بەڵكو كردیانە بۆنەیەكیش بۆ موزایەداتی سیاسیو چاوەڕوانی بینینی تەپوتۆزی داڕمانەكەبوون، كورد واتەنی ئاو بوەستایە ئەمان نەدەوەستان. یەقینیان هێندە قایم بوو، تەنانەت بۆ ساتێكیش بیروراكانیان نەخستە ژێر تیلسكۆبی رێژەییبوون.
باسم لە لابردنی پاشەكەوت نییەو وەك كەسێكی چەپ پێم وایە كۆی سیاسەتی ئابووری ئەم حكومەتە كە لەسەر بناغەی بازاڕی بەربەلاًَ دامەزراوە، پێویستی بەچاوخشانەوەیە، بەڵكو هەندێكیان ئەوەندە هەڵەن دەبێت لە بنچینەوە هەڵتەكێ وەك ئەوەی كە حكومەت بە رێكخراوەیی لەبەردەم چاوچنۆكی كەرتی تایبەت پاشەكشە دەكات. كەرتی گشتی رەزیلو سەفیل دەكات تا بۆ خزمەتگوزارییەكانی خوێندنو تەندروستی و هی تریش، پەنایان بۆ بەرینو گیرفانی هەژاران هەڵتەكێنن.
بەلًَكو قسەم لەسەر ئەو یەقینەیە كە دەیووت: ریفراندۆم دوا بزمار بوو لە تابوتی ئەزمونی حوكمڕانی كوردستانو ریزیان بەستبوو بچن بینێژن. كشانەوەو پاكەنەیان كرد، نوقڵانەی داڕمانی ئەزمونی حوكمڕانی هەرێمی كوردستانیان لێدا، بەڵام خاوەن ئیرادە كەمبوون، كەمبوون ئەوانەی دەستیان بە ئومێدیەوە گرتبوو، كەمبوون ئەوانەی لە كۆتایی تونێلەكە تروسكایی ئومێدیان دەبینی، (نێچیرەڤانی ئیدریس بارزانیو قوبادی مام جەلال) دوو كەسە گەشبینەكەی ناو ئەو زەمەنە ئاڵۆزو تاریكە بوون.
هاوپەیمانەكانیان لەناو حكومەت و دەرەوەش تەماشاكەرێكی دڵرەق بوون، بۆ ئەوەی یەكێتی و پارتی و كابینەی هەشت بروخێت، ئامادەبوون ئەزموونی حوكمڕانی كوردستانیش بكەنە قوربانی ئەم یەقینەیان. هەق بوو رێژەیەك دابنێن كە هەڵەن، تا ناچار نەبن سەرلەنوێ بچنەوە سەرباسی یەكڕیزی.
ئیتر ئەزمون وامان فێر دەكات كە زۆر بۆچونو هەڵوێستی سیاسی چونكە حساباتی رێژەییوونی تیا نەكرا، رادەستی رەهابوون و موتلەقگەراییو یەقینی سیاسی كرا، لە نێوان رەنگی رەشو سپیدا رەنگە كاڵو تۆخەكانی رەساسییان نەبینی، لەیەك سوچەوە تەماشی تابلۆ گەورەكەی كوردستانیان كرد، بۆیەحزبو خاوەنەكانیانی توشی ئیحراجبوونی زۆر كرد.
هەوڵی بەشداری حزبەكان لە كابینەی نۆ سەلمێنەری راستی رێژەییبوونە لە دەربڕینی هەڵوێستی سیاسی، ئەوەی كە بە تەواوی دوێنی بەلاتەوە هەڵە بووە، ئێستا بەڕاستی دەزانیت. لێرەدا سیاسەت نەك هونەری مومكین، بەڵكو هونەری دەربازبونیشە لە كەوتنە ناو خەرەندی موتلەق.
ئیدی ئەمجارەیان نەڕوخا، خۆ گەر ئەمجارەش خەونی سیاسیتان بوو تا تەپوتۆزی داڕومانی كابینەی نۆ ببینن، نە ئەوەندە ئاسانی بكەن كە خوار هەژدە ساڵیش بتوانێت دەنگی لەسەر بدات. نە ئەوەندەش ئاڵۆز كە زانای ئەتۆمیش سەری لێ دەرنەكات. پەنا بۆ وردبینی پیشەی بەرگدروو بەرن، جوان قوماشەكە بپێون، ئەوسا مقەستی لێبدەن.