بژاردە ژیرانەکەی پارێزگار بۆ کەرکوک
2019-03-11 08:05:26
چالاک ئـاغجەلەری
واژووەکەی ٤ی ئازاری نێوان دوو هاوتا سیاسیەکەی پارتی دیموکرات و یەکێتی نیستمانی سەرەتای توانەوەی بەستەڵەکەی نێوانیان بوو ، ئەم ڕێکەوتنە پرسی دەست و برکردنی پێکهێنانی کابینەی نۆ خێرا تردەکات ئەم جوت هێزە وەک دوو براوەی کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان لەم چەند مانگەی پێشودا لە چەندین کۆبونەوەی ڕەسمی و پشتی پەردەدا نەتوانی بگەنە ڕێکەوتن لە پەیوەند بە چەندین پرس ( دەتوانین بڵێین گرژییەکان بەرادەیەک بوو کەش وهەوای جیابوونەی زۆنەکان وەک بژادەیەک خۆی ناساندەوە) کە سەرچاوەکەی لێکەوتەکانی دوای هەڵبژاردنە گشتیەکەی عێراق بوو وەکو بینرا لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا کە پشکی کورد بوو بەچی شێوەیەک هەڵسوکەوتی لەگەڵ کرا و چۆن یەکلاکرایەوە، بەدوای ئەم باتەڵە سیاسیەدا پارتی دیموکرات بە جۆرێک پێداگری دەکرد کە مەبەستی بوو بە پێی ئەنجامەکانی هەلبژاردنی هەرێم مامەڵە لەگەڵ یەكێتی بکات هەروەها یەكێتیش سەقفی داواکاریەکانی بۆ چارەسەری کێشەکان لە یەک پاکێجدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرد بە تایبەتی پرسی پارێزگاری کەرکوك، ئاکام هەدووک هێز جارێکی تر گەیشتنە ڕێکەوتنێک بۆ هەرچی بەردەوامیدان بەو قەوارە لۆکاڵییەی کورد کە دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام وەکو بەرکەوتەی کوردەکان نەخشی بۆ کێشرا و بۆ یەکەم جار لە مێژووی هاوچەرخی سیاسیدا وەک دەسکەوت بۆ کورد هەژماردەکرێت.بە نەتیجە هەر ڕێکەوتنێکی سیاسی لە کوردستاندا بەرژەوەندی گشتی سەرچاوەی لێک گەیشتنەکان بێت بەرهەمدار دەبێت ، بە پێچەوانەوەی نەزۆک و بێ ئەرزش دەبێت.
لێرە بە دوا لەمپەری بەردەم پرسی دانانی پارێزگار و ڕێگری لەو خواستە بەرەو کۆتایی دەچێت ، جارێکی تر پارتی دەست و دەنگی نەرم کرد بۆ داواکاریەکانی یەکێتی لە بەرامبەر دروستکردنی کابینەی نۆ و سەرۆکایەتی هەرێم بەسەرکردایەتی پارتی وەک براوەی یەکەم . ئەمڕۆ پرسی کەرکوک و سەرکەوتنی بەسەر تەواوی ئەو کێشانەی لەو شارەدا هەیە بە دەرجەی یەک لە ئەستۆی یەكێتیە، هەر بۆیە بەربژێر و دانانی کەسێک بۆ ئەو پۆستە دەبێت زۆر ژیرانە هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت، پێوەر بۆ ئەم کورسیە خۆی نەبەستێتەوە بە ئاستی باڵا بوون لە حزبدا ، وەک بینیمان ئەندامی بەرزترین ئۆرگانی حزبی هاوکات ئاستی زانستی و هاوشاریش نەیتوانی سەرکەوتوبێت لەو پێگە ئیداریەدا. ئەم شارە خاوەنی هەندێک تایبەت مەندیە لە هیچ شارێکی تری ووڵاتدا نیە ، ئیدارەدانی ئەم شارە پێویستی بە مێنتاڵتیەکە تەواو کراوە بێت هەزمی زۆر نەفرەتی بکات کە لە دەرەوەی فەزای خۆی ئاراستە دەکرێت ، چاوەڕوانی بۆمبە چێنراوەکانی دەوڵەتانی دەوروبەر بێت و دیبلۆماتکارێکی کارامە بێت، لە ڕووی فەرهەنگ و زمانەوە شارەزابێت هەر سێ زمانەکە ( ترایلنگۆڵ) بزانێت باشترە ، خاوەن پاشخانی ڕق و تۆڵە نەبێت ( کەرکوک شارێکە پێوستی بە ئاشتەواییە) دەبێت زمانی گوڵ و هەڵسوکەوتی دروست لەم ماڵەدا جێکەوتە بکرێت کورد پێش هەر نەتەوەیەک بیکاتە فەرهەنگ لە ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، کەسێک بێت بۆنی نەوتی نەگرتبێت و دەست پاک و خزمەتگوزار بێت ، پەیوەندیەکی تەندروستی لەگەڵ دەسەڵاتی فیدراڵ هەبێت بە تایبەت سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران، جونکە هەر تەشەنوجێک لیکەوتەی خراپی دەبێت بۆ پرسی سەرکەوتنی پارێزگار ، هاوکات حکومەتی هەرێم پشتیوانی بکات بۆ هەر پێویستیەک هەرچەندە باشترە وەزارەتێک دابمەزرێت بۆ پرسی ئەو شوێنانەی کە کێشەیان لەسەرە، وەک پەرۆشیەک بۆ ئەو ناوچانە.
لە کۆتاییدا هەڵسوکەوت بە دانانی پرسی پارێزگار بۆ شاری کەرکوک پێویستی بە ڕامانێکی قوڵە لە دەست نیشانکردنی کاندیدەکە، دەبینین و دەبیستین کەسانێک خواستی ئەو شوێنەیان هەیە، (علی بێت یان عومەر) گرنگ کارامە بێت لە خزمەتکردنی خەڵک و بوژانەوەی ئەو شارە بێنازە، ئەرکە لەسەر تەواوی هێزە سیاسیەکانی کوردستان پشتیوانی پرۆسەی بوژانەوەی شاری کەرکوک بن لەسەر هەموویانەوە یەکێتی نیشتمانی کوردستان ، پارێزگار دەیێت بۆ هەمووان بێت بە بێ جیاوازی نەتەوە و ئاینزاکان سەنگی مەحەک پرۆژە گشتی و خزمەتگوزاریەکان دیاری دەکات، قەرزێکە دەبێت بدرێتەوە بە دەنگە سەوزەکان.