لەجێی منەت پۆزش، لەجێی سوپاس سەرزەنشت
2019-03-11 07:06:59
كهمال رهئوف
سەرەتایترین ئەركی حكومەت، پێدانی موچە و دابینكردنی خزمەتگوزارییە گرنگ و سەرەتاییەكانە بۆ هاوڵاتیان، حكومەتی هەرێم كە وەك پێویست ئەوەشی نییە و نەبووە، بەردەوام منەتیشی کردوە، ئەگەر چوار ساڵی رابردوو بە نمونە وەربگرێت، حكومەتی هەرێم لە جۆری خراپترین حكومەتەكانی سەردەم بوە كەنەیتوانیوە، نەسەروەری خاك بپارێزێت، نەشكۆی هاوڵاتیەكانی و نەتوانیویەتی دەستەبەری مافی موچەخۆران و فەرمانبەران دابین بكات، كێ دەزانی لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا لەكۆی فەرمانگەو قوتابخانەكان، چەند دەوام كراوە، ئێمە لەبێباكی و بێ بەرنامەیی حكومەت، تەنها زیانی ئەوەمان نەكرد كە ستەمی پاشەكەوتی موچە سەپێنرا بەسەر فەرمانبەران و موچەخۆراندا و ژیانی كولەمەرگی سەپێنرا، بەڵكو ئینتیمای كاركردن و دڵسۆزی و دەوامكردن بوە گاڵتەجاری و رێزگرتن لە فەرمانگە و خوێندنگاكانمان تا ئاستی راگرتنی تەواوەتی و هەڵوەشانەوەو پەكخستن هێنایە خوارەوە.
لە حكومەتی نوێ عێراق لەموازەنە بۆ ساڵی 2019 موچەی فەرمانبەران بەهەرێمیشەوە دیاریكراوە، دیارە پارەكەش هەر لەوێوە دەنێرێت بۆ هەرێم، بۆیە رۆڵی حكومەتی هەرێم لە پێدانی موچە، زیاتر ئەركی نەقڵكردن و دابەشكردنە وەك كارمەندێكی بانكی نەك حكومەتداری و منەتكردن بەسەر خەڵكدا وەك ئەوەی خۆیان لەداهاتی هەرێم پارەكەیان پەیدا كردبێت.
حكومەتی هەرێم ئەگەر بەئەمانەتەوە ئەو پارەیەی بەغداد بگەیەننە دەست فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم، ئەوە ئەبێت خەڵك بایی هەر ئەوەندە سوپاسیان، دەبێت سوپاسی حكومەت بكەن كە پلانێكی باشیان هەبێت بۆ دابەشكردن نەك پەیداكردن، دەبێت سوپاسیان بكەن كە پیلانیان نەبێت بۆ تێكدان و شێواندنی بازار، چونكە رەنگە قازانجی ئەوان لەبازاری شێواودا بێت نەك ئارام.
بەدەر لەوبڕە پارەیەی لەقەرزی پاشەكەوت كەوتۆتە لای حكومەت و ئایندەی دیار نییە، هاوڵاتیان مافی خۆیانە باس لەقەرەبوو كردنەوەی ئەوەش بكەن، كاتێك فەرمانبەرێك منداڵەكەی چوار ساڵ بووە و ژانی كردوە و خەمی دنیایی لێخواردوە بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە لەقۆناغی باخچەی ساوایانیدا وەك پێویست خەرجی بكێشێت، یان منداڵی شەهیدێك بەهۆی ئەوەی موچەی شەهیدانەكەی باوكی بەدەستیان نەگەیشتوە، زیاتر لە سێ ساڵ ژیانی بەرەزالەت بەڕێوە بردەوەو لەخوێندن دواكەوتوە لەژیان بەهۆی پێنەدانی نەوت و نەبوونییەوە تاڵاوی بەدەست سەرمای زستان چەشتوە، ئێستا چۆن قەرەبووی ئەوە دەكرێتەوە، با ئێمە واز لە مەعاناتی ئەو دایك و باوكانە بهێنین، ئەوانەی لەچاوەڕوانی وەرگرتنی چارەگە موچەكەیان لەشاشەی تیڤیكانەوە دەر ئەكەوتن و بە قورگی گریانەوە باسی خراپی بژێوی خۆیان ئەكرد، بەڵام مافی خەڵكە لەوە بپرسنەوە چۆن بەبێ باكی و هەڵەی سیاسی كۆمەلێك خەڵك، بەهۆی خراپی بژێویانەوە سەدان و هەزاران خێزان لەبەریەك هەڵوەشانەوە، خەڵك مافی خۆیەتی بپرسێت ئەوە كێ بەرپرسیارێتی ئەو هەموو نەهامەتیە دەخاتە سەرشانی خۆی، یان كێن ئەوانەی بایی ئەوەندە ئازایەتی و بوێریان تێدایە، بەراشكاوی بەخەڵك بڵێن، ئێمە هەڵە بووین و بەرپرسیارین، نەك ئێستا لە پاڵ كۆمەڵێك رستەی دووبارەدا وێنەی پاڵەوانی درۆینەمان نیشان بدەن و وەك مەكرەمە و منەت پێدانی موچە بكەنە دەستكەوتی سیاس و خۆبەپاڵەوان كردن، خەڵك هەقی خۆیەتی لەهەموو بەڵێنێكی ئەوان بەگومان بێت، ئاخر خۆ هێشتا دیار نییە، ئەو تیمەی پێشتر كە بەناوی ئابووری سەربەخۆوە كەتنەكەیان كردوە، دەستبەرداری هەڵلوشینی نەوت دەبن و پابەند دەبن بە رێككەوتنەكەی بەغدادەوە یان نا، خۆ ئەگەر پابەند نەبن، بەدڵنیاییەوە ئەگەری ئەوە بەهێزە بۆ چوار ساڵی تر، چاوەروانی رووداوی خراپتر و ئابوریەكی تێكشاوی زیاتر¬و قاتوقری یەكی خراپتر بكەین لەچوارساڵی رابردو.