Draw Media

کۆتایی ستەمی پاشەکەوت؟

کۆتایی ستەمی پاشەکەوت؟

2019-03-09 12:50:54


 چۆلی ئەسعەد 
 

حکومەتی هەرێم بە خۆشییەوە هەڵگرتنی سیستمی پاشەکەوتی موچەی راگەیاند، کە موچەخۆران بە ستەمی پاشەکەوت ناویان دەبرد.
کاتێک ستەمەکە چەسپێنرا، کەس خۆی نەکرد بە خاوەنی، ئێستا کە بەغدا بودجە دەنێرێت و سیاسەتی ئابووری سەربەخۆی بێ پلان و بێ بەرنامە و بێخوێندنەوەی پێشوەخت شکستی هێنا، هەموویان رایدەگەینن و بە بزەیەکی بێویژدانانەوە بڵاویدەکەنەوە و داوای مژدانەشمان لێدەکەن.
پاشەکەوت وەک سیستەم کۆتاییهات، بەڵام وەک ستەم لەسەر دوو ئاستدا خەمەکانی درێژەپێدەدات، یەکەمین ستەم بریتییە لە ئازارە زۆرەی لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بە مووچەخۆرانی گەیاندووە، ئەو قوربانییە زۆرەی بەهۆی پاشەکەوتەوە بەر کەسایەتی و شانازییەکانی مرۆڤبوونمان کەوت، چەندین تاکی ئەم کۆمەڵگە پاشەکەوت لێکراوە بە هۆیەوە سەری خۆیان هەڵگرت و لە ڕێگەی هات و نەهاتی کۆچدا بوونە قوربانی سیاسەتێکی هەڵە، ئێستا ئەبێ پرسیار بکەین، ئەرێ ئەگەر کۆتایی بە سیستمی پاشەکەوت دەهێنن، لە داهاتووشدا قەرەبوی مادیی موچەخۆران دەکەنەوە، ئەی کێ و کەی و چۆن قەرەبووی ناسۆر و دەرد و خەمەکانی ئەو ستەمەی پێتان خۆشە پێی بڵێێن سیستم دەکاتەوە و دەکرێتەوە؟ ئایا دەتوانن بەڵێن بدەن ئیتر خەمی خەڵک خەمی پێش بەرژەوەندییەکانی خۆتان دەبێ؟ کە ئەگەر واشبڵێن خەڵک متمانەتان پێاناکات، بە بۆچوونی من، غەدری پاشەکەوت هێندە گەورەبوو بە بزەیەکی دروستکراوی سەر شاشەی تەلەڤزیۆن تەواو نابێت، ئەم چەند ساڵە پاشەکەوت ئاهێکی سەختی لەناخی تاکی ئێمەدا درووستکرد، کە زۆربوون ئەوانەی گوێیان لە شکانی کەسایەتی خۆیان بوو.. دووەم ستەمی پاشەکەوت، قەرەبووکردنەوەی مادیی ستەمەکەیە، کە هێشتا ناتوانن و نازانن پێمان بڵێن کەی و چۆن دەیدەنەوە. 
ئەمە جگە لەوەی کە وشەی پاشەکەوت لە فەرهەنگی مێشکی ئێمەدا لە واتایەکی ئەرێنییەوە گۆڕا بۆ واتای نەرێنی، واتا جاران پاشەکەوت بە گەشبینییەوە چاوی لێدەکرا، بەڵێ‌م ئێستا وەک بەڵایەکی مرۆڤ کوژی رەشی ناپەسەند.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand