Draw Media

بانگەشەی ئێمە

بانگەشەی ئێمە

2018-04-10 19:38:05


پەیكار عوسمان ....... 

ئەزانم کەمپەین و شت باوی نەماوەو ئەویش بێتام کرا، بەڵام لەم ڕۆژانەیا خراپترین شت لە ژیانی سیاسیی ئێمەدا ڕووئەدا کە 'هەڵمەتی هەڵژاردنە'، پێموایە موبادەرەیەکی دڵسۆزانە بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی ئەم دەعبایە خراپ نەبێت.

هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ ئێمە شتێکی زیادەیە لەبەر ئەم هۆکارانەو زیاتریش:

- مەسەلەن ئێمە هەموو کاتەکە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنداین، چ پێویست ئەکا مانگێكیش بەتایبەت تیایبین؟

- مەسەلەن ئێمە هێشتا نەگەیشتووین بە قۆناغی 'سیاسەت' کە چاکەی گشتی و ڕێکخسینی ژیانە، ئێمە هێشتا لە قۆناغی بانگەشەو باسی سیاسەتداین و لەپاڵیشیا خەریکی خراپەی گشتی و تێکدانی ژیانین.
دەی ئێمە کە لەبری سیاسەت بەردەوام 'بانگەشەی سیاسەت' ئەکەین، چ پێویست ئەکا مانگێکیش بەتایبەت بانگەشە بکەین؟

- مەسەلەن دەرونی خەڵك خۆی هیلاکەو ئاسایشی کۆمەڵایەتی خۆی بە طڕ بەنە، هەڵمەتی هەڵبژاردن جگە لە هیلاککردنی ئەو دەرونەی کە خۆی هیلاکە، جگە لە گرژکردنی ئەو دەمارەی کە خۆی گرژە، جگە لە پەرتکردنی ئەو خەڵکەی کە خۆیان پەرتن.. چی ترت بۆ ئەکات؟

- مەسەلەن ئاشی سیاسەتی ئێمە، لەبری ئەوەی تێکەڵەیەك لە فکرو ئەخلاق و بەرپرسیارێتی.. بیگێڕێ، تێکەڵەیەك لە ڕق و دەمارگیری و یەکترشکادن.. ئەیگێڕێ، دەی تێکەڵەی دووەم کە هەموو مانگێك هەیە، چ پێویست ئەکا مانگێکی تریشی بۆ تەرخان بکەین؟

- مەسەلەن هەموو ژینگەناسان کۆکن لەسەر ئەوەی کە (ژاوەژاو) یەکێکە لە هۆکارەکانی تێکدانی ژینگە، دەی ژینگەی ئێمە کە خۆی پیسەو کە ژاوەژاویش لە هەموو شت زیاتر پیسی کردوە، چ پێویست ئەکا مانگێك تەرخان بکەین بۆ ژاوەژاو؟

- مەسەلەن سێ ساڵ و یانزە مانگی پێشوو حزبەکان چیبوون مانگی ئەخیریش هەر ئەوەن، لەو مانگەدا هیچ موعجیزەیەك ڕوو نادا، تەنانەت درۆی تازەش ناکرێ، چونکە درۆش هەمووی کرا.
قسەی خێری تازەش ناکرێ، چونکە ئەسڵەن ئێمە موشکیلەی پرۆژەو پاکیچ و قسەی باشمان نیە، تەنانەت پیاوخراپەکانیش بەردەوام قسەی باش ئەکەن..
دەی ئەم قەوانە کە خۆی بەردەوام ئیش ئەکا، چ پێویست ئەکا مانگێكیش بەتایبەت ئیش بکات؟

لەڕاستییا هیچ هێزێك قسەی تازەی نیە بۆ وتن، هەمووی وتران و هەمووی دووبارەن، تەنانەت نوێترین هێزی ساحەکە کە مەفروزە لە هەمووان زیاتر پێویستی بە بانگەشەبێت، ئەونە هیلاکی بانگەشەیە، پێوستی بە مانگێك پشووە نەك بە مانگێك بانگەشە!!
..................................

جا ئەڵێم پێش ئەوەی هێزەکان دەستبکەن بە وتنی ئەو قسانەی کە پێویست نین، گرنگە ئێمە جوملەیەکی پێویست بڵێین!

بڵێین (ئێمە دەنگ ئەدەین بەو هێزەی کە لەبەر خاتری ئێمە بانگەشە نەکات، یان بە هێمنترین شێوە بیکات.) ئەمە باشترین بانگەشەیە کە ئێمە پێش ئەوان دەستی پێ بکەین.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand