Draw Media

یەکێتی، شەیدای پۆستی مردوو

یەکێتی، شەیدای پۆستی مردوو

2019-03-03 14:07:28


مستەفا سەکری

لە ناو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، بەتایبەتی لە عێراق و بەتایبەتی تریش لە کوردستان هەمیشە پۆستی تەشریعی و تەشریفی لە بەرامبەر پۆستی تەنفیزی، بە کەم و مردوو سەیر دەکرێن. لە دوای ڕاپەرینی 1991و دامەزراندنی حکومەتی هەرێم، لە بەرئەوەی پارتیش زۆر شارەزا نەبوو، لەهەست کردن بەمەی کە پارتی خاوەن شۆرشی ئەیلولە و لە هەموو لایەنەکانی تر گەورە ترە و پەرلەمانیش لە هەموو داموو دەزگایەک گەورەترە، پارتی داوای پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی کرد بەڵام هەر زوو تێگەیشت وەک مەسەلەی شێخ محمود و مەندوبی سامی کە گرینگ دەسەڵاتە . لە رەوانشاد جەنابی مام جەلال لە ساڵی 1985 گوێم لێ بوو کە جارێکیان شێخ محمود بە مەندوبی سامی گوت: ئەرێ جەناب پێم ناڵێی ڕۆڵم چیە لە حکومەتی کوردستاندا، مەندوبی سامی گوتی یا شێخ جەنابت مەلیکی کوردستانی گوتی راستە، بەڵام دەسەڵاتم چیە؟ مەندوبی سامی گوتی: شێخ جەنابت رەمزی ئەم حکومەتەی، پارەی وڵات بە ناوی تۆ لێدەدرێت و هەموو یاساو رێساکان لە جەنابتەوە دەردەچن. شێخ گوتی :ئەدی دەسەڵاتی تۆ چیە؟مەندوبی سامە گوتی: ئەو یاساو رێسایانەی جەنابت دەریان دەکەیت منیش جێبەجێیان دەکەم و حکومەت بەرێوەدەبەم. شێخ محمود مێزەرەکەی لە سەری خۆی هەڵگرتو لە سەری مەندوبی سامی دانا گوتی: کەواتە لە مەودوا تۆ مەلیک محمودبەو منیش مەندوبی سامی دەبم . بۆیە لە دوای کابینەی یەکەم پارتی هەر کە بۆی گونجابێت داوای سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی  کردووە .
لە دوای ساڵی 2003و روخانی رژێمی سەدام بارودۆخێکی تر هاتە ئاراوە. پۆستەکانی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی هەرێمیش هاتنە پێش، هەر چەندە سەرۆک هەرێمیەکە زۆر گرینگتر بوو بۆ هەموو لایهنێکی کوردستان، بەڵام بەهۆی ئەوکاتەی عێراق و کاریگەری کەسایەتی مام جەلال پێویست بوو مام جەلال سەرۆکی کۆماربێت. هەرچەندە بە داخەوە لە ماوەی سەرۆک کۆماریدا لە لایەن عەرەبەوە وا بە جێگرەکانیەوە دەورە درابوو کە لە رووی دەستووریەوە سەرۆک کۆمار دەسەلاتی هەموو بریارێکی نەبوو، بەتایبەت لە بارەی مادەی 140ی دەستور کە هەندێ مەرجی وای بۆ داندرابوون بەتایبەتی مەسەلەی ئامار کە دەبوو بە بریاری سەرۆکایەتی کۆمار بێت نەک سەرۆک کۆمار. بۆیە سەرۆک نەیتوانی لەو بارەیەوە هەنگاوی کرداری بنێت و کێشەی ناوچە كیشه لە سەرەکان یەکلای بکاتەوە.. بەڵام دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال هەرچەندە پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد هەر گرنگ بوو لە بەر ئەوەی سەرۆک کۆمار پارێزەری دەستورە و لە شتی نادەستوری ئەتوانێت بە دەنگ بێت و رێگا نەدا،بەڵام بۆ خودی یەکێتی گرنگێکی وای نەما. سەرۆک کۆماری بوو بە پۆستێک کە تەنها بۆ دەوروبەری سەرۆک کۆمار سوودی هەبوو لە ناو مۆسسەی سەرۆکایەتی کۆماردا. قۆناخی سەروکایەتی کاک دکتۆر فوئاد مان بە گلیەی و گازندەو تانەوتەشەرەوە تێپەراند، دواتر سەرۆکایەتی کاک دکتۆر بەرهەم کە لەگەڵ ئەوەی بوو بە مایەی تێکچونی نێوان یەکێتی و پارتی و هەموو هەنگاوە عینادیەکانی پارتی لە ئەنجامی بەرێوە چونی پرۆسەی دانانی سەرۆک کۆمارەوەن بەڵام بەداخەوە دیسان سەرۆکایەتی کۆمار جگە لە کاک بەرهەم و بەشێک لەو کادیرانەی کە لەگەڵیدا دەرچون و ماوەیێک کەمتەرخەمیان نەکرد لە تۆمەتبارکردنی یەکێتی بە دزی و گەندەڵی هتد، وا لە ناو دامودەزگای سەرۆکایەتی کۆمار وردە وردە شوێنیان دەکرێتەوە، سودی تری بۆ یەکێتی نەبووە و نیە.
لە بەش کردنی پۆستەکانی ئەم جارەش دیسان یەکێتی رازی بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لە کاتێکدا لای هەموو لایەک رون و ئاشکرایە ئەگەر لە هەموو قوناخەکانی پێشو پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ یەکێتی گرنگ بوبیت. ئەوجارەیان هیچ گرنگیەكی نیە چونکە ئەو جارەیان دەقاو دەق وەک سەرۆکایەتی کۆماری عێراقە، چۆن لەوێ سەرۆک کۆمار بە تەنیا توانای هیچ بریارێکی چارەنوسسازی نیە لە پەرلەمانی هەرێمیش لە بەر ئەوەی پارتی زۆرینەیە و راست و چەپی سەرۆکی پەرلەمانیش کراوە بە پارتی ، جگە لە ورگرتنەوەی هەندێ پۆستی ناو دەزگای  پەرلەمان هیچ خێرێکی بۆ یەکێتی نیە . بۆیە پێم وایە کاتی ئەمە هاتوە چیتر یەکێتی نیشتمانی کوردستان شەیدای پۆستی مردوو نەبێت، بەتایبەت دوای ئەوەی بێ گوێدانە وجودی یەکێتی لە ناو پەرلەمان پارتی کۆبونەوەی پەرلەمانی كردو سەرۆكی پەرلەمانیشی هەڵبژارد،لە کۆبونەوەکانیش بەردەوامە بۆیە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان خەڵکی یەکێتی زۆر نیگەران دەکات. پێم وایە ئەو سەرکردایەتیەی کە دەمێکە ماوەی شەرعی بەسەرچوە و تاکو ئێستاش بریار لە چارەنوسی یەکێتی دەدات ئەو پرسە بە هەند وەربگرن .

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand