Draw Media

پێش حکومەت، بەدامەزراوەیکردنی رەفتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی

پێش حکومەت، بەدامەزراوەیکردنی رەفتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی

2019-03-03 11:34:29


 لاوک سەلاح    

ئێمە ئەوەندەی بیرمان لە بە دامەزراوەکردنی حکومەتەوە کردۆتەوە، بیرمان لە بە دامەزراوەیکردنی رەفتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی  سیاسەکانمان و بەرپرسەکانمان نەکردۆتەوە، ئەوانەی کە بریار بە دەستن. رەوابوونی کاری هەر حکومەتێک لە دامەزراوەیکردنی رەفتاری سیاسی و ئادای حکومی و هەڵوێستی کۆمەڵایەتییەوە بەرجەستە دەبێت. رەفتارەکان بەها دەبەخشن نەوەک قسە و گفت و پەیمانەکان. بەداخەوە، گەورەترین گرفتی هەموو پارتە سیاسییەکان و گروپ و رێکخراوەکان مەسەلەی دیسپلینی کارکردنی سیاسی و پیشەیی و رەفتاری کۆمەڵایەتییە کە زۆر بە زەقی زیانی لە بەرنامە و پرۆگرام و ناوی پارتە سیاسییەکە یان رێکخراوەکە داوە و بووتە هۆی کارەساتی گەورە تەنانەت کاریگەری لەسەر دۆخی ئەمنی و سیاسی و ئابووری وکۆمەڵایەتییە.

لە ئێستادا، بەدامەزراوەیکردنی رەفتاری سیاسی دەبێت کاری سەرەکی و ئەولەویەت بێت، دەبێت هەندێ رێکاری یاسایی راشکاو لە پەرلەمانەوە هەبێت کە چوارچێوەی دەستەڵات و رەفتاری سیاسی دیاری بکات بەشێوەیەک هەموو هەیکەلی سیاسی بگرێتەوە  و سنوور بۆ هەندێ رەفتار دابنێت کە زیان لە سەرتاپا کۆمەڵگە دەدات و پێشێلی سەرەوەری یاسا دەکات. دەبێت ئەم پرسە سەرەتاییە ببێتە بەشێک لە پرۆسەی چالاکردنەوەی پەرلەمان و پرۆسەی چاودێریکردنی ئادای حکومەت کە نیاز وایە ئەنجام بدرێت، هەروەها دەزگایەکی یاسایی باڵا هەبێت ئەو جۆرە یاسایانە بپارێزێت، لەبەرئەوەی ئەم کارە تەنها بە پەرلەمان ناکرێت، لەبەرئەوەی دەستەڵاتی حزبی لەم وڵاتەدا دەستەڵاتێکی رەهایە. بەدامەزراوەیکردنی حکومەت لە کەسەکانەوە دەستپێدەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەوەی نووسراوە پیادە دەکرێت، هەموو دەڵێن بۆ رێکەوتنەکان جێبەجێناکرێن، سادەترین وەڵام تێگەیشتنەکان و بەرژەوەندەییە سەرەتاییەکان یەکسان نابن بە ئاستی ئەو هەرەشانەی کە دەبنە بەربەست لەبەردەم  پیادەکردنی پرۆسەی پەرەسەندی سیاسی. 

ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە دروشمە سیاسییەکان و زاراوە باوەکان ورد کرێنەوە بۆ بەرجەستەکردنی مانا و بەهای سروشتی و ئاسایی خۆیان. ئەم کارە بە تەنها کاری کەسێک و لایەنێک و پارتێکی سیاسی نییە و بە یەک پرۆگرامی سیاسییش نایەتە دی ئەگەر کاری دەستەجەمعی بۆ نەکرێت، دەشێت لەسەر هەموو شتێک ناکۆکبین بەڵام کە مەسەلە هاتە سەر پرسە ستراتیژیەکانی کۆمەڵگە دەبێت یەک خیتابی سیاسی هەبێت، لەبەرئەوەی ئەمە لە بەرژەوەندی هەموو کەسێکە و بەرپرسیاریەتی سەرتاپا کۆمەڵگە خۆیەتی. 

چاوەڕوانی کۆمەڵگە زۆرە، بەڵام گرنگە حکومەت هاوڵاتی بەتەواوی بکاتە بەشێک لە هەیکەل و بەرنامەی چالاکییەکانی خۆی بۆ ئەوەی ئاگادار بێت کە چۆن حکومەت بیر دەکاتەوە؟ چۆن پارە دابین دەکات؟ بۆ میکانیزمێکی دیاریکراو پیادە دەکات؟ چەندان میکانیزمی ستانەدەرهەن کە هاوڵاتی هاندەدات بەشیک بن لەو پرۆسەیە و لە کاتی قەیراندا لۆمەی حکومەت ناکات  ئەگەر کاری شیاویان ئەنجام دابێت. حکومەتی داهاتوو دەبێت لەگەڵ خۆی سەرسەخت بێت بۆ ئەوەی بتوانێت ئەرکە نیشتمانییەکانی جێبەچی بکات، لانی کەم، تروسکایەک لە هیوا بۆ ماوەی چوارساڵ ببەخشێت و بیسەلمێنێت کە ئەمجارە کەسەکان جیاوازن، رەفتارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان جیاوازن، پێشینی پیشەییییان جیاوازن، جی دەبێت بۆ جارێک لە مێژوودا، پێکەوە کاری جیاواز بکەین! 

با پێکهێنانی حکومەتی ئاییندە ببێتە تاقیکردنەوەیەکی سەخت بۆ راستکردنەوەی کارە چەوتەکان، تا ئەو سنوورە دەتوانین شەرم لە رابردوو نەکەین کە ئەمجارە کاری راست و دروست بکەین، بۆ نموونە، ئەگەر ئەو هەواڵە راست بێت کە کەسێک وەک سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە لەسەر بنەمای حیزبی و بە بێ بوونی بڕوانامەی ئەکادیمی دامەزرا بێت کە بەداخەوە ئەم کارە گاڵتەکردنە بە مێژووی خوێناوی هەڵەبجە و بە ئاستەکانی خوێندن و بە کاری ئەکادیمیا و بە کۆمەڵگە خۆی، دەبێت پەرلەمان کە وەک دەڵێن دەبێتە چاودێر لۆبی و فشار بۆ راستکردنەوەی بکات. کاری لەم جۆرە دەبێت دەستبەجێ راستبکرێتەوە. رۆڵی دامەزراوەکان سەرلەنوێ پێداچوونەوەی یاسایی بۆ بکرێتەوە. دونیایەک نموونەی دیکەی لەم جۆرە هەن کە کۆمەڵگەی تەنییوە و دەبێت بژار بکرێن. کۆمەڵگە ئەو کاتە زیندووە کە توانای هەبێت لە کرمێ بوون خۆی قووتار بکات، ئەمە ئەرکی هەموو لایەکە نەوەک پارتێکی سیاسی دیاریکراو، لە حکومەتدا بیت یان ئۆپۆزیسیۆن. دەبێت ململانێ و پێشبرکێ و تەنانەت شەڕەکان لە پێناو کار و چاکەی گشتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دا بێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand