دەهۆڵی ڕاپەڕین
2019-03-03 11:06:59
پەیكار عوسمان
- دەستپێکی ڕاپەڕین ئەو ڕۆژە نیە کە خەڵك لە ماڵەکانیان دێنە دەرەوە، ئەو شەوەیە کە دەسەلاتداران لەماڵەوە بە ترسەوە ئەخەون.
- دەسەڵات ئەو ڕۆژە ناکەوێ کە ئەڕوخێ، ئەو ڕۆژە ئەکەوێ کە خەیاڵ و حەزی ڕوخانی لای منو تۆ دروست ئەبێ.
- ڕاپەڕینی ڕاستیی پێش هاتنە سەر جادەو چونە سەر بارەگاو ڕاونانی ستەمکار.. هاتنە سەر بیرکردنەوەو چوونە سەر عەقڵ و ڕاونانی بیری ستەمکارانەیە!
- هەمیشە یەکێ لە پیلانەکانی دەسەڵات، بۆ پوچەڵکردنەوەی ڕاپەڕینێکی ڕاستیی، دروستکردنی ڕاپەڕینێکی موزەییەفە.
دەسەڵات بەم عەمەلیاتە ئەیەوێ ڕاپەڕین لەبارببا، بەڵام هەنێجار لەدایکبوونی پێشئەخا.
- لە ڕاپەڕیندا، بەهێزترین کارتی خەڵك، ڕیزی دووەمی دەسەڵاتداران خۆیانن.
ئەمانە لەگەڵ خەڵك بن ڕاپەڕین سەرئەکەوێ، لەگەڵ دەسەڵاتبن ڕاپەڕین لەبارئەبرێ یان سەرکوت ئەکرێ یان حەربی ئەهلی هەڵئەگیرسێ.
- سەرکەوتنی ڕاپەڕین ئەو ساتە نیە کە دەسەڵاتێکی خواری تیا کۆتایی دێ، ئەو ساتەیە کە دەسەڵاتێکی ڕێکی تیا دەست پێئەکا.
- شکستی ڕاپەڕین ئەو ساتە نیە کە دەسەڵات سەرکوتی ئەکا، ئەو ساتەیە کە "خەڵكی سەرکەوتوو" پەلاماری بونییەی تەحتیی ئەدەن و تاڵانی ئەکەن.
- زۆرینەی سەرکردەو کەرەستەکانی ڕاپەڕین سەرکردەو کەرەستەی حوکمڕانیی نین، لەباشترین حاڵدا بەکەڵکی چەن مانگێ فەترەی ئینتیقالی دێن، لەوە بترازێ ئەرکی ڕاپەڕینێکی تر ئەخەینە ئەستۆی نەوەی داهاتوو.
- سەردەمی پێش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سیحری ڕاپەڕین لەوەیابوو، کە شتەکە نهێنی و چپەچبێ تا سەعاتی سفر..
ئێستا بە وجودی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، شتەکە بە عەکسەوەیە، باسکردنی ڕاپەڕین بە ئاشکراو بە دەنگی بەرز سیحرەکەیەتی.
- ڕاپەڕین بەهەشت ناهێنێ، چونکە دروستکردنی ئەو بەهەشتە پرۆسەیەکی جیایە لە پرۆسەی ڕاپەڕینەکە، بەڵام هەمیشە دۆزەخێك کۆتایی پێدێنێ و ئەیگۆڕێ تەنانەت ئەگەر بە دۆزەخێکی تریشبێ.
- ڕاپەڕین حەڵقەی ئەخیری هەموو دەسەڵاتێکی ستەمکارە،
ستەملێکراوانیش کاتێ سەر ئەکەون، کە تەماشاکەری حەڵقەکە نەبن، بەڵکو هەموو یان زۆرینە ئەکتەربن و ڕۆڵ ببینن.