Draw Media

دەربارەی ماڵی مردوەكان 

دەربارەی ماڵی مردوەكان 

2019-03-02 19:18:31


لەتیف فاتیح فەرەج 
1
ماڵی جیاوازی مردوەكان 
 لە تاران دۆستێك لە چەمەران ماڵی خومەینی نیشاندام و وتی سەیری ئیمام كە چەند سادە ژیاوە ، تەختەیەكی چایخانەو یەك دوو كورسی و هەندێ‌ شتی زۆر سادە ، دواتریش بردمی بۆ ماڵی شاو ئەو سەڵتەنەتە ، پاشان چووینە سەر مەزاری ئیمام كە بە مردوی هەر خودا دەزانێ‌ چیان بۆ كردوە ، بە دۆستەكەم گوت جا قوربان ئەگەر شا بە زندوی ئەو سەڵتەنەتەی هەبوو ، ئەوە ئێوە بۆ مردویەكتان بە هەدەر داوە ، كاوی باشترە ؟.
مەلا مستەفای بارزانی و جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا چاك یان خراپ بەو شاخ و داخەوە بوون و شەڕی رژێمە ستەگەرامانیان دەكرد ، ئەوان چ پێویستیان بەوە هەبوو لەو گردو بانانە بنێژرێن ، بارزانی و تاڵەبانیش چ پێویستیان بەو هەموو پارە خەرجكردنەیە بۆ هۆڵ و مۆڵ و شتی تر ، لە بری ئەوە 75 ملیۆن دۆلاربۆ مەزاری تاڵەبانی و ئەو پارە خەیاڵیانەش كە ساڵانە لە بودجەدا  بۆ مەزاری بارزانی خەرج دەكرا هەر بە ناوی  بارزانی و تاڵەبانیەوە كرابا بە نەخۆشخانەی هەژاران و خانەی بێنەوایان و بە ساڵاچوان داخوا هەزار قات سودی بۆ خەڵك نەدەبوو ؟!
ئەز قەزا كێ‌ دەڵێت گیانی رەوانی ئەوان بەو كارە رازیە .
2
چیرۆكی كاری خۆبەخشی 
دۆستێك كە ئێستا جاڕی ئەوە دەدا بە خۆبەخشیش بێت ئەوە دەكات كە دەیەوێت ، كاتی خۆی من ماوەیەك بە فەڕمی بومە بەرپرسی دۆسیەی مادەی 140 لە رۆژنامەكەی ، هەڵبەت گۆشەشم هەبوو لەوێ‌ ، كاتێ‌ گۆڕان دروست بوو ، منیش لە میدیای بینراووبیسراوونوسراوی گۆڕانەوە دژی نادادی و ستەمكاری قسەم دەكەرد ، یەكەم كاری ئەوە بوو موچەیەكی زۆر كەمی ئەو بەرپرسیارەتیەی منی بڕی .
ئێستا كە باسی كاری خۆبەخشی دەكات ، بەلامەوە ئەوەی مایەی هەڵوەستەیە ، ئەوەیە داخوا كاری خۆبەخشی بۆ تولەرانس و گیانی لێبوردەیی و پێكەوە ژیانی ئاشتیانە دەكات ، بەو هەموو داهاتەی لە شوێنەكۆنەكەی دەستی كەوتوە ، یان بۆ نانبڕینی خەڵكێك كە ڕەنگە رای جیاواز لەوی ئەویان هەبێت .
3
خیانەت و شتی دی 
پارتی و یەكێتی لە شەستەكانەوە ، ئەودەم بە ناوی مەلایی و جەلالیەوە كار لە سەر هەڵوەشانەوەی كۆمەڵی كوردەواری باشوری كوردستان دەكەن ، ئەوەندەی ئەوان كۆمەڵی كوردەواریان تێكداوە نەیارەكانیش هەر ئەوەندەیان پێكراوە ، ئێستا ئەوە گرنگ نیە كە پارتی 31ی ئابی هەیەو یەكێتی یان گروپێكی ناو یەكێتی 16ی ئۆكتۆبەر وەك خۆیان شڵپ و شۆی یەكتر دەردەكەن ، ئەوە گرنگ نیە یەكێتی بۆ ناتوانێ‌ یەككەس بۆ پارێزگاری كەركوك دابنێت و پارتیش بۆ لەسەر ئەو یەكە نایەتە ڕایە ، گرنگ ئەوەیە كەی واز لە ململانێ‌ و یەكتر سوككردن دێنن ، واتە دەكرێت بەیانیەك لە خەوهەستابین و ئەمانە پەیمانی شەرەفیان دابێت ئیدی سوكایەتی بە یەكتر نەكەن .
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand