Draw Media

یه‌كێتی باجی پۆستی سه‌رۆك كۆمار ئه‌دات

یه‌كێتی باجی پۆستی سه‌رۆك كۆمار ئه‌دات

2019-03-02 12:35:52


شێرزاد شێخانی    

له‌زۆرێك له‌سه‌ركرده‌و كه‌سایه‌تی سیاسیم بیستوه‌ كه‌وا پارتی به‌سروشت حزبێكه‌ خراپه‌كاری به‌رامبه‌ری له‌بیر ناكات . ئه‌گه‌ر په‌نجا ساڵیش بوه‌ستێ له‌ ئاكامدا هه‌ر ئه‌بێ تۆڵه‌ی خۆی له‌و كه‌سه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ خراپه‌كه‌ی به‌رامبه‌ری كردوه!. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بشزانێ كه‌سێك له‌داهاتووشدا زه‌ره‌ری بۆ حزبه‌كه‌ ئه‌بێ ، له‌ناوی ئه‌به‌ن !. ئه‌مه‌ش وه‌كو عه‌ره‌ب وته‌نی ( حرب استباقیه‌ ) وات جه‌نگی پێشوه‌خته‌یه‌ ، به‌ر له‌وه‌ی دوژمنه‌كه‌م ده‌ستبوه‌شێنێ ، ده‌ستی خۆم پێشئه‌خه‌م . نمونه‌ش له‌م بابه‌تانه‌ زۆرن ، هه‌موشمان بیستومانه‌و دیومانه‌ پێویست ناكات باسیان بكه‌م .

عینادی به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق و، شه‌ڕه‌ قوڕسه‌كه‌ی له‌به‌غدا له‌پێناو ئه‌م پۆسته‌و، دواتر ده‌ركردنی له‌ده‌ست كاندیده‌كه‌ی پارتی ، بووه‌ به‌ برینێكی زۆر قووڵ له‌جه‌سته‌ی پارتیدا كه‌ تا رۆژی قییامه‌ت سارێژنابێته‌وه‌ ، چونكه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ په‌یوه‌ست نیه‌ به‌ پۆستێكی پرۆتۆكۆلی بێده‌سه‌ڵاتی عیراق ، به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی گرنگی مه‌سه‌له‌كه‌ به‌نیسبه‌ت پارتیه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌حورمه‌ت و پێگه‌و كه‌سایه‌تی خودی مه‌سعود بارزانییه‌وه‌ ، كه‌ پارتیه‌كان به‌" خودان " ی خۆیانی ئه‌زانن و، نابێ كه‌س له‌قسه‌ی ده‌ربچێ و كاندیدی ئه‌م زاته‌ ره‌تبكرێته‌وه‌ . هیچ مه‌نتیقی تێدا نه‌بو یه‌كێتی بكه‌وێته‌ ناو ئه‌و ململانێیه‌ توونده‌وه‌ له‌سه‌ر پۆستێك كه‌ له‌رووی یاساییه‌وه‌ سه‌رۆك كۆمار ته‌نها فه‌رمانبه‌رێكه‌ له‌پێكهاته‌ی ده‌ستووری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و، پۆسته‌كه‌‌ زیاتر ره‌مزیه‌ و، له‌دوای خوالێخۆشبوو مام جه‌لاله‌وه‌ هیچ كه‌سایه‌تیه‌كی عیراقی ناتوانێ ئه‌م پۆسته‌ به‌شێوه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌ببات كه‌ خاوه‌ن كاریزمایه‌ك بێت هه‌مو سه‌ركرده‌كانی عیراق رێزی لێبگرن .

" تۆڵه‌ به‌سه‌بره‌ ، ئه‌مما به‌زه‌بره‌ ". ئه‌مه‌ دروشمێكی یه‌كێتیانه ‌بو، به‌ڵام ئێستا پارتی به‌ كرده‌وه‌ ئه‌م دروشمه‌ به‌كار ئه‌هێنێ ، ئه‌و زه‌بره‌ كوشندانه‌ی ئێستا پارتی له‌یه‌كێتی ئه‌دات ئه‌وه‌نده‌ تووندن كه‌ ته‌وازونی یه‌كێتی تێكداوه‌ و خه‌ریكه‌ ئه‌شیدات‌ به‌عه‌رزه‌وه‌ .

له‌دوای وه‌فاتی مام یه‌كێتی سه‌ره‌تا به‌ویستی به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانی‌ كه‌وته‌ ژێر هه‌ژمونی پارتیه‌وه‌، كار گه‌یشته‌ حه‌ددی پاشكۆبونی له‌مه‌سه‌له‌ چاره‌نوسسازه‌كانی وه‌كو ریفراندۆم. دواتریش به‌هۆی هه‌ڵه‌ی سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌یه‌وه‌ زیاتر گۆشه‌گییركرا له‌بریاره‌ سیاسیه‌كاندا ، به‌تایبه‌تیش له‌سه‌ر ئاستی پرۆسه‌ی سیاسی له‌عیراق وناوچه‌ دابرێنراوه‌كانو ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی پرۆسه‌ی سیاسی كوردستانیشدا . ئه‌وه‌تا چه‌ندین مانگه‌ یه‌كێتی ناتوانێ وه‌زاره‌تێك له‌به‌غدا به‌بێ ره‌زامه‌ندی پارتی وه‌ربگرێ، ناشتوانێ پارێزگارێكیش بۆ كه‌ركوك دابمه‌زرێنێ، ئه‌وه‌ حاڵی په‌رله‌مان وپۆسته‌كانی حكومه‌تی داهاتوی هه‌رێمیش به‌هه‌مان ده‌ردی ئه‌م پۆستانه‌ ئه‌ڕوات .

هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان وكۆنتڕۆڵكردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیشی له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ ، هه‌ڵبژاردنی لێژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانیش و، دامه‌زراندنی حكومه‌تی هه‌رێمیش به‌بێ منه‌تی له‌یه‌كێتی ، رۆڵی یه‌كێتی زیاتر په‌راوێز ئه‌خات ، چونكه‌ له‌مه‌حسه‌ڵه‌تدا یان ئه‌بێ یه‌كێتی به‌ملكه‌چییه‌ه‌وه‌ به‌هه‌ر پشكێك رازی بێت كه‌ پارتی پێی ئه‌به‌خشێ ، یان ئه‌وه‌تا ببێته‌  ئۆپۆسزیۆن و له‌حكومه‌تی داهاتودا بێبه‌ش بكرێت ، ئه‌مه‌ش دوو بژارده‌ن یه‌ك له‌یه‌ك خراپترن بۆ یه‌كێتی ، هه‌رچه‌نده‌ من وه‌كو خۆم پێمباشه‌ یه‌كێتی له‌قۆناغی داهاتوودا ببێته‌ ئۆپۆسزیۆن باشتره‌ له‌وه‌ی وه‌ك لایه‌نێكی بێده‌سه‌ڵات له‌ناو حكومه‌تو په‌رله‌ماندا بێت ، چونكه‌ دڵنیام له‌وه‌ی پارتی بۆ چوار ساڵی داهاتوو به‌حوكمی زۆرینه‌كه‌ی په‌رله‌مانو ده‌سه‌ڵاتی هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی هه‌رێم ته‌حه‌كوم به‌هه‌مو شتێك ئه‌كات و، به‌مه‌ش رۆڵی یه‌كێتی له‌ناو كایه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا لاوازتر ئه‌كات .

پارتی كه‌ توانی له‌به‌غداو كه‌ركوك رۆلی یه‌كێتی لاوازبكات ، زۆر ئاساییه‌ له‌ناو ماڵه‌كه‌ی خۆماندا كه‌ هه‌موو شتێك به‌ده‌ست خۆیه‌تی، رۆڵێ یه‌كێتی په‌راوێز بخات ، ئه‌وه‌تا گه‌له‌كۆمه‌كیش بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ئه‌كات به‌ راكێشانی گۆڕانو پێكهاته‌كانو حزبه‌ بچووكه‌كان و، كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆڵی حزبه‌كانی تری ئۆپۆسزیۆنیش . له‌به‌رامبه‌ریشدا یه‌كێتی نه‌ك ناتوانێ له‌سه‌ر ئاستی حزبه‌ ناڕازییه‌كان به‌ره‌یه‌ك دژی پارتی دروست بكات، ته‌نانه‌ت له‌ناو سه‌ركردایه‌ته‌كشیدا نه‌بوه‌ به‌خاوه‌ن بڕیارێكی یه‌كگرتووی كاریگه‌ر به‌سه‌ر پرۆسه‌كه‌وه‌ .

سه‌رانی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ته‌ریقه‌تێكی دیاریكراویان هه‌یه‌ له‌مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌كانیان وهه‌ڵویست وه‌رگرتن له‌دژیان ، له‌وه‌ته‌ی ده‌سه‌ڵاتی بریار له‌ناو ئه‌م حزبه‌د‌ا كه‌وتۆته‌ ده‌ست بنه‌ماڵه‌ی بارزانی كه‌ خۆیان له‌سه‌ر ته‌ریقه‌تێكی ئایینیدا په‌روه‌رده‌ كراون، ئیعتیقاد لای ئه‌وان وایه‌ كه‌ سه‌رانی بنه‌ماڵه‌ گه‌یشتونه‌ته‌ قۆناغی پاكبوونه‌وه‌ی ئایینی و خودا حیسابی له‌سه‌ر هه‌ڵگرتوون ، بۆیه‌ هه‌رچییه‌كیان بوێ ئه‌یكه‌ن به‌بێ ترس له‌محاسه‌به‌ی خوایی . لێره‌شه‌وه‌ ئه‌و تاوانانه‌ی به‌رامبه‌ر هه‌ر كه‌سێ وچیینێك بكه‌ن ( رادیعی ) دینی نیه‌ مانیعیان بكا . به‌و پێودانگه‌ش سڵ له‌هیچ موغامه‌ره‌یه‌ك ناكه‌نه‌وه‌ ، هه‌ر تاوانێك یا موماره‌سه‌یكی نائاسییش بیانه‌وێ بیكه‌ن ، ئه‌یكه‌ن به‌بێ دوودڵی ، ئینجا چاوه‌رێی ئه‌نجامه‌كانی ئه‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر بۆیان چووه‌ سه‌ر ئه‌و خێر عه‌لا خیر . ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وته‌ی خراپیشی به‌دوای خۆیدا هێنا ، هه‌وڵ ئه‌ده‌ن به‌پاره‌و پۆستو مه‌قیفی سیاسی خه‌ڵكه‌ زه‌ره‌مه‌نده‌كان ئاشت بكه‌نه‌وه‌ ، نمونه‌ش له‌م باره‌یه‌وه‌ زۆرن ، وه‌كو كاره‌ساته‌كه‌ی هه‌كاری و قه‌تڵوعامكردنی بنه‌ماڵه‌ی حه‌مه‌د ئاغای میرگه‌سۆری و كوشتنی محمد هه‌رسین وزۆرانی تر، هێنانی ده‌بابه‌كانی به‌عس بۆ داگییركردنی هه‌ولێرو، مه‌سه‌له‌ شوومه‌كه‌ی ریفر اندۆمی سه‌ربه‌خۆیی .

له‌م قۆناغه‌دا پارتی زۆر بێمه‌نه‌ته‌ له‌یه‌كێتی و له‌داهاتووشدا حسابێكی ئه‌وتۆی بۆ ناكات ، بژارده‌كانی یه‌كێتیش هیچ كاریگه‌رییه‌كیان نابێت به‌سه‌ر هه‌ڵوێسته دوژمنكارییه‌كانی پارتییه‌وه‌، گاڵته‌شم به‌وه‌ دێت كه‌ هه‌ندێ كه‌س باس له‌وه‌ ئه‌كه‌ن گوایه‌ یه‌كێتی هێزی هه‌یه‌و پارتی ناتوانێ له‌پرۆسه‌ی حوكمڕانی دووری بخاته‌وه‌ ، چونكه‌ یه‌كێتی نه‌ده‌توانێ هێز له‌دژی پارتی له‌م قۆناغه‌ نیوده‌وڵه‌‌تیو ئیقلیمیه‌دا به‌كار بێنێ ، نه‌ ده‌شتوانی دوو ئیداره‌ییه‌كه‌ش رابگه‌یه‌نێ ، كه‌واته‌ هیچ بژارده‌یه‌كی تر كاریگه‌ری نابێت به‌رامبه‌ر به‌سیاسه‌ته‌كانی پارتییه‌وه‌ ، بۆیه‌ له‌كۆتاییدا ئه‌بێ یه‌كێتی ملكه‌چی ئه‌و سیاسه‌تانه‌ بێت و به‌هه‌ر پشكێك رازی بێت كه‌ پارتی پێی ئه‌دات .

هه‌ڵه‌ی عینادی یه‌كێتی له‌سه‌ر پۆستی سه‌ركۆمار و، بێده‌نگیشی له‌ساخته‌كارییه‌كانی پارتی له‌هه‌ردو هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستانو نوێنه‌رانی عیراق و، بێهه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر به‌ حوكمی تاكڕه‌وانه‌ی پارتی ، وموجامه‌له‌كردنی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و، په‌رته‌وازه‌بونی رێزی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، ئه‌مانه‌ به‌گشتی هۆكاری ئه‌م وه‌زعه‌ خراپه‌ی ئێستای یه‌كێتین ، بۆیه‌ زۆر ئاساییه‌ نوسه‌رێكی ده‌رباری پارتی ، یه‌كێتی به‌ " پاشای عه‌رشی كه‌لاوه‌ " وه‌سف بكات و به‌ده‌نگێكی‌ به‌رزیشه‌و‌ه‌ بڵێ " ئێستا رێككەوتنەكەی گۆڕان و پارتی حوكم دەكات و، هەر رێككەوتنێكی دیكە لە نێوان پارتی و یەكێتیدا ئیمزا بكرێ، دەبێ بە پاشكۆی ئەو رێككەوتنەی گۆڕان و پارتی "! بێمنه‌تانه‌تریش‌ پێمان ئه‌ڵێ " یەكێتی لەسەر ئاستی كوردستان هێزێكی بێ پەنایە و تەنها وجودی پارتییە كە مانا بە یەكێتی دەبەخشێت ".

له‌ساڵی حه‌فتاكان دوای ئاشبه‌تاڵی شۆڕشی ئه‌یلول رژێمی به‌عس‌ له‌به‌غدا چه‌ند حزبێكی كارتۆنی كوردی دامه‌زراند ، یه‌كێك له‌و حزبانه‌ به‌ناوی ( پارتی دیموكراتی كوردستان ) بو كه‌ سه‌رۆكه‌كه‌ی هاشم عه‌قراوی بو .ئینجا ئه‌ندامێكی ئه‌و حزبه‌ یه‌خه‌ی كابرایه‌كی كوردی‌ فه‌یلی له‌به‌غدا گرتبو و ده‌یویست بیكاته‌ ئه‌ندامی حزبه‌كه‌ی عه‌قراوی. ئه‌ویش لێی پرسیبو " ئێوه‌ حزبه‌كه‌تان سه‌ر به‌كێیه "‌ پارتیه‌كه‌ش وتبوی" سه‌ر به‌ دائیره‌ی ئه‌منی عامه‌یه‌ "! . كابراش وتبوی " جا من بۆ ناچم ببمه‌‌ ئه‌من ، بۆ ببم به‌پارتی كه‌ ئێوه‌ سه‌ر به‌دائیره‌ی ئه‌منن ". ئه‌م به‌سه‌رهاته‌ حیكمه‌تێكی تێدایه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی مێشكیان هه‌یه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand