ئامرازەكانی پەیوەندیكردنی كۆمەڵایەتی لە پرۆگرامەكانی فێركردندا
2019-03-01 14:18:36
نوسینی: عوسمان میرغەنی- شرق الاوسط
وەرگێڕانی: فازل حەمەرەفعەت
لە رۆژێكدا چەندجار بەبێ ئەوەی هەست بە خۆت بكەی دەست بۆ موبایلەكەت دەبەیت بۆ ئەوەی لە هەریەكێك لە ئامرازەكانی پەیوەندیكردنی كۆمەڵایەتی سێرچ بكەی یان بخوێنیتەوەو نامە ئاڵوگۆڕ بكەی ؟ وە ئەگەر منداڵت هەیە، چەندجار هەستت بەوە كردووە لەبەردەمتدا دادەنیشن، بەڵام دور لە تۆ لەناو جیهانێكی تردا نقومبوون؟ جیهانێك كە وردەكاری ئەوەی تێیدا رودەدات نازانرێت، بەڵام ئاگاییو سەرەنجی ئەوان رادەكێشیتو لە تۆ دوریاندەخاتەوە ؟
ئەمەیە ژیانە هاوچەرخەكەمان لەگەڵ جەنگی ئامرازەكانی پەیوەندیكردنی كۆمەڵایەتیو مۆبایلو لێكەوتەكانی لەسەر ئاكارەكانمان. ئەم شۆڕشە لە ئامرازەكانی پەیوەندیو پەیوەندیكردن، لایەنی ئەرێنی زۆرە، بەڵام هاوكات مەترسیشی زۆرە چ لەسەر تەندروستی جەستەییو پەیوەندییە مرۆییەكانمان، چ لەسەر تەندروستی دەروونیو سەلامەتی عەقڵمان، بەتایبەتیش لەسەر لاوانو منداڵان.
لە هەستكردنەوە بەو مەترسییە زۆرانەو كاریگەرییەكانیان لەسەر گەشە، ئەم هەفتەیە بەریتانیا رایگەیاند، پرۆگرامەكانی خوێندن هەمواردەكاتەوە بۆئەوەی منداڵان لە تەمەنی چوار ساڵییەوە وانەی سەلامەتی ئینتەرنێتو هۆشیاری پێویست لەسەر ئامرازەكانی پەیوەندیكردنی كۆمەڵایەتی وەرگرن، لەگەڵ هۆشیاركردنەوەیان لە مەترسییەكانی لەسەر تەندروستی دەروونیو عەقڵیی، ئەوەش لە ئەنجامی خەمۆكی یان فشارو تۆقاندنو تەحەڕوش كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا رودەدات.
ئەم گۆڕانكارییانە لە پرۆگرامەكاندا تەنیا لە منداڵاندا كورت نەبوەتەوە، بەڵكو نەوجەوانانیش دەگرێتەوەو لە هەموو قۆناغەكاندا دەخوێندرێت تاوەكو قۆناغی كۆتایی خوێندن لە قوتابخانەدا، بەر لە رۆشتن بۆ قۆناغی زانكۆ.
هۆكاری شاراوە لە پشت ئەم گۆڕانكارییانەوە ئەو دوودڵیەیە كە پسپۆڕانی سەرقاڵكردووە، بەهۆی فشارەكان لەسەر نەوەی نوێ، كە لە دەستوەردانی توند لە ژیانیان لە واقیعو ئەو جیهانە گریمانەییە لە ئینتەرنێتەوە سەریهەڵداوە. لەمەش مەترسیدارتر ئەو توێژینەوە یەك لەدوای یەكانەیە كە لە چەند وڵاتێكەوە دەرچوونو جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە پەیوەندی هەیە لەنێوان بەكارهێنانی ئامرازەكانی پەیوەندیكردنی كۆمەڵایەتیو زیادبوونی رێژەی خۆكوشتنو هەستی بێئومێدیو خەمۆكی لەناو لاواندا بەتایبەتیش نەوجەوانان.
لە توێژینەوەیەكدا كە لە ئەمریكا كراو ئەنجامەكانی لە بڵاوكراوەیەكی دەرونزانی تاقیگەیی مانگانەدا بڵاوكرایەوە، دەركەوت رێژەی 36%ی نەوجەوانان هەست بە خەمۆكیو بێئومێدیو دابڕان دەكەن، ئەوە وایلێكردوون هەندێكجار بیر لە خۆكوشتن بكەنەوە، رێژەكە لەناو كچاندا بەبەراورد بە كوڕان زیاتر بوو، لە بەریتانیاش ئەو توێژینەوانەی كە لە تۆمارەكانی دەسەڵاتدارانی چاودێری تەندورستی وەرگیراون ئاماژە بەوە دەكەن، رێژەی ئەو مێردمنداڵانەی كە لەم دەیەیەی دوایدا هەوڵی ئازاردانی خۆیان دەدەن لەڕێگەی خواردنی بڕێكی زۆر دەرمانەوە یان بڕینی شادەمارەكانیان یاخود بەشێوازی تر، بۆ رێژەی 68% بەرزبوەتەوە، هەر لەو ماوەیەدا رێژەی ئەو رووداوانە، لەناو كوڕانی لاودا رێژەی 37%ی تۆماركردووە.
توێژینەوەیەكی تر كە حكومەتی بەریتانیا خەرجییەكەی دابینكردووە، ئاماژە بەوەدەكات، رێژەی 24%ی كچانو رێژەی 9%ی كوڕان لە تەمەنی 14 ساڵیدا بەدەست فشاری دەرونییەوە دەناڵێننو سكاڵا دەكەن لەدەست بێئومێدیو خەمۆكیو تەنیاییو باوەڕبەخۆنەبوون.
زۆرێك لە شارەزایان وای دەبینن ئەمە پەیوەستە بە ئامرازەكانی پەیوەندیكردنی كۆمەڵایەتیو بەسەربردنی كاتێكی دورودرێژ لەبەردەم شاشە، چ ئینتەرنێت یان موبایل، لاوان ئەمڕۆ دڵخۆشیو بێئومێدی بە ژمارەی (لایك)ەكانیانو دووبارە بڵاوكردنەوەی تویتو نامەكانیانو وەڵامدانەوەی ئەو بابەتانە كە لە گروپ چاتەكان، دەبەستنەوە، كە لە پێگەكانی وەكو "فەیسبوك"و "ئینستگرام"و "سناپ چات"و "واتساپ"و "تویتەر"و پێگەكانی تر بڵاویدەكەنەوە. هاوكات بەراوردكاری نالۆژیكیش هەیە لە روخسارو جلوبەرگو شێوەی لەشولارو كێش، بەتایبەتیش لەناو كچاندا، لەگەڵ ئەو فشارانەی كە بەهۆی بەراوردكاری لەگەڵ وێنەی نمایشكارانی جلوبەرگو ئەكتەرەكانو هەوڵی گەیشتن بە "وەهم"ی جوانی تەواوەتی دروست دەبن. ئەوەشی بۆ زیاددەكەم كە هەندێكجار لە ئامرازەكانی پەیوەندیكردنی كۆمەڵایەتیدا تەنگپێهەڵچنینو تۆقاندنو تەحەڕوش روودەدات، ئەمەش دەبێتەهۆی زیادبوونی فشارو كێشەی دەروونی.
دامیان هاینز وەزیری فێركردنی بەریتانیا وتی، گۆڕانكارییە نوێیەكان لە پرۆگرامی فێركردندا كە ساڵی داهاتوو دەكەونە بواری جێبەجێكردنەوە، لە ئەنجامی هەستكردن بەو فشارە زیادانەوە هاتووە كە لەسەر نەوەی نوێ هەیە بەهۆی ئینتەرنێتو ئامرازەكانی پەیوەندی كۆمەڵایەتیو یارییە ڤیدیۆییەكانو موبایلەوە. ئاماژەی بەوەشكرد، گەشەكردنو خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕاكارییەكانی ژیاندا هەرگیز كارێكی ئاسان نییە، لەگەڵ زیادبوونی پشتبەستن بە ئینتەرنێتو بەكارهێنانی ئامرازەكانی پەیوەندیكردنی كۆمەڵایەتی، فشاری زیاتر دەركەوتووە كە بەر لە دوو دەیە زانراو نەبووە.
وانە نوێیەكان ئامانج لێیان هاندانی منداڵانو نەوجەوانانە بۆ دوركەوتنە لە شاشەو هێتفۆن بۆ ماوەیەك لە رۆژدا، بۆ چونەدەرەوەو بەسەربردنی هەندێ كات لەگەڵ كەسە نزیكەكانو ئەنجامدانی حەزو ئارەزوو و چالاكییەكان. هەموو ئەمەش بۆ پەرەپێدانی هەستی پەیوەندیكردنو گفتوگۆكردنە لەگەڵ ئەوانی تردا، بۆ نەوەیەك كە خەریكە ئەو توانایە لەدەستدەدات، بەهۆی بەسەربردنی كاتێكی زۆر بە تەنیاییو دیالۆگی بێدەنگ لەڕێگەی مەسج لە ئامرازەكانی پەیوەندیكردنی كۆمەڵایەتی یان یارییە ڤیدیۆییەكان.
هەروەها پرۆگرامە نوێیەكان ئامانج لێیان هۆشیاركردنەوەی منداڵو لاوانە لە بایەخی بەدەستهێنانی كاتی پێوست بە خەوتنو خواردنی تەندورست، هەروەها یارمەتیدەریان دەبێت بۆ وەرگرتنی زانستو فێربوونو لە ژیانیاندا بەشێوەیەكی گشتی، بەهۆی ئامرازەكانی پەیوەندیكردنی كۆمەڵایەتیو یارییە ڤیدیۆییەكانو ئەو شتانەی تر كە لە ئینتەرنێتدا هەن، وەكو پارچە ڤیدیۆی گۆڕانیو فیلمو شتی تر، زۆرێك لە منداڵانو لاوان كاتێكی كەمتر دەخەونو بە شەكەتیو بە مەزاجێكی خراپەوە لەخەوهەڵدەستن، ئەمەش كاریگەری لەسەر ئاستی وەرگرتنو ژیانی ئەكادیمیو تەندروستییان دەبێت.
لە بەریتانیا فێربوونی هەموو ئەم شتانە لە تەمەنێكی سەرەتاییەوە دەستپێدەكەن، بۆئەوەی منداڵان فێرببن چۆن بایەخ بە خۆیان دەدەنو روبەڕووی ئاڵنگارییەكانی كەشوهەوای ئینتەرنێتو ئاسایشو سەلامەتی دەبنەوە. كەشوهەوای ئینتەرنێتیی جیهانێكی ئاڵۆزە، باشو خراپ، سودبەخشو زیانبەخش پێكەوە كۆدەكاتەوە، تێیدا مرۆڤ توشی دەبێت بە توشی چەندین كەسی نامۆوە، هەروەك پڕیشە لە زانیاریو ڤیدیۆ كە بە پلەی جیاواز كاریگەری لەسەر وەرگر دادەنێت، بەشێوەیەكی زۆر گەورە لەسەر منداڵانو نەوجەوانان كە ئێستا هزرو كەسایەتییەكان دروستدەبێت، ئەوەی بەشێكی زۆری ئەوانە دەیبینن، كاریگەری لەسەر ئاكاریان دەبێت، هەروەها لەسەر خواردنو خواردنەوەیان، چۆن دەپۆشنو بە چ شێوەیەك قسە دەكەن.
لەم جیهانە پەرتبووەدا خەڵكانێكیش هەن كە لە بۆسەدان بۆ منداڵو لاوان بۆ مەبەستی ناجۆر، كە خۆی دەبینێتەوە لە تەحەڕوشو فێڵكردنو چەكداركردنیان بۆ رێكخراوە تاوانكارییەكان یاخود جوڵانەوە تیرۆریستییەكان. هاوكات بڕێكی زۆر زانیارو وێنەو ڤیدیۆش هەن كە سودی زۆریان هەیە، هەروەكچۆن ماددەی سێكسیو كینەو رق یاخود بانگەشەكردنیان تێدایە بۆ بەكارهێنانی چەكو ماددە هۆشبەرەكان.
منداڵو لاوان رۆژانە كاتێكی زۆر لەبەردەم شاشەی موبایلو كۆمپیوتەرەكانیان بەسەردەبەن، لەناو جیهانە تایبەتەكەیاندا لە پێگە كۆمەڵایەتییەكان یان لەگەڵ یارییە ڤیدیۆییەكان، ئەوەش جیهانێكە كە بەردەوام كاریگەری لەسەر ژیانو ئاكارو داهاتوو و خێزانەكانیان دروستدەكات، هاوكات لەگەڵ ئەو هەنگاوانەی كە حكومەتەكان هەڵیانگرتووە بۆ روبەڕووبونەوەی لێكەوتە نەرێنییەكان، فشاریش لەسەر كۆمپانیا گەورەكان هەیە لەناو جیهانی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی هەڵگرنو بەشداربن لە پاراستنی منداڵانو لاوان لەو مەترسیانەی كە بەردەوام روو لە زیادبوون دەكەن، بەڵام كاروانی گەیشتن بە ئاسایشی پێویست، هێشتا دوورە.