Draw Media

سیستمی پارەدانی ئەلیکترونی

سیستمی پارەدانی ئەلیکترونی

2019-02-28 18:38:41


گوڵاڵە سدیق

سیستمی پارەدانی ئەلیکترونی ( Electronic payment system ) 

پارەدانی ئەلکترونی یەکێکە لە خزمەتگوزارییە بانکییەکان کە پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکرێت، تا بتوانرێت لەڕێگەی ئەلکترونییەوە هاوڵاتی بەبێ هەڵگرتنی پارەی کاش، ئەو خەرجی و باجانەی دەکەوێتە سەری لەڕێگەی کارت بانکێکەوە پارەکەی بدات. 
پارەدانی ئەلکترونی بەیەکێک لە خزمەتگوزارییە ئەلکترونییە پێشکەوتوەکان هەژمار دەکرێت لەڕوی کەمکردنەوە (یان پاشەکەوتکردنی) کات و بەفیڕۆدانی توانای بەکاربەر، چونکە خزمەتگوزارییەکە بەشێوازێکە لەڕێگەی کارت بانکەوە دەتوانرێت هەمو کاروبارێکی پارەدانی حکومی، تایبەت، بازرگانی، یان تاکی پێ ڕایی بکرێت لە هەر کات و جێیەک بێت( واتە کارتی هەر بانکێکت پێ بێت، لەهەر شوێنێکی تر کە ژمارە بانکی لە هەر بانکێک هەبێت، بەکاربەر دەتوانێت مامەڵە داراییەکانی پێ جێبەجێ بکات لە هەر حەوت ڕۆژی هەفتەدا وە لە ٢٤ کاتژمێردا).

شێوازەکانی پارەدانی ئەلکترونی

١ـ کارت: کاتێک هاوڵاتی ژمارە بانکییەکی هەبێت لەیەکێک لە بانکەکان، وە بڕە پارەیەک لە ژمارە بانکییەکەی هەبێت، ئەوا دەتوانێت لەم جۆرە کارتانە بەکاربهێنێنت( واتە پێویستە لەپێشدا ژمارە بانکییەکە پارەی تێدابێت)، ئەوا لەم کاتەدا هاوڵاتییەکە دەتوانێت هەر کردارێکی کڕین یان باجدان یان هەر مامەڵەیەکی دارایی تر بکات، ئەویش بەداشکانی ئەو بڕە پارەیە لە ژمارە بانکییەکەی و ناردنی بۆ ژمارە بانکی کەسی فرۆشیار یان لایەنی سودمەند.
ئەم خزمەتگوزارییە بانکییە بە خزمەتگوزاییەکی ئامن دادەنرێت بۆ هاوڵاتی، چونکە لەکاتی بونی ئەم خزمەتگوزارییەدا، هاوڵاتی ناچار نابێت بڕە پارەی کاش لەگەڵ خۆی هەڵگرێت، چونکە لەکاتی هەڵگرتنی پارەی کاش هەندێ جار هاوڵاتی توشی حاڵەتی دزی یان ونبونی پارە کاشەکەی دەبێت.

٢ـ پێگە ئەلکترونییەکان: بەگرنگترین شێوازی پارەدانی ئەلکترونی دادەنرێت، چونکە دەتوانرێت پارە لە نێوان کەسەکان ئاڵوگۆڕی پێبکرێت لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە.
ئەم شێوازە بەشێوەیەکی گشتی بەکاردەهێنرێت بۆ خزمەتگوزاری بازاڕگەری ئەلکترونی، کە بەیەکێک لەشێوازە سەلامەتەکان دادەنرێت لەڕێگای ئینتەرنێتەوە، چونکە وەک نێوەندگیرێک دادەنرێت لەنێوان کڕیار و فرۆشیاردا.

٣ـ پارەناردنی بانکی: بەم کردارە هاوڵاتی دەتوانێت لە مۆبایلەکەیەوە لەڕێگەی نامەیەکەوە بۆ بانک، بڕە پارەیەک لە ژمارە بانکییەکەی خۆی بخاتە سەر ژمارە بانکی کەسێکی تر، یان لایەنی سودمەند( حکومی بێت یان تایبەت)، لەهەمان بانک، یان دوو بانکی جیاواز، لەهەمان دەوڵەت، یان لە دوو دەوڵەتی جیاواز.

بۆ وەگەڕخستنی سیستمی پارەدانی ئەلکترونی بۆ هاوڵاتیان و فەرمانبەران و دامودەزگاکان، هیچ خەرجییەک ناکەوێتە سەرشانی دەوڵەت، چونکە کۆمپانیاکانی پارەناردن یان IT هەڵدەستن بە جێبەجێکردنی ئەم کارە لەڕێگەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ دەوڵەت ( کەمکردنەوەی نهێنی بۆ وەرگرتنی عمولە) چونکە ئەو کۆمپانیایەی هەڵدەستێ بەجێبەجێ کردنی ئەم کارە، تەنها سود لە وەدەستهێنانی ئەو عمولەیە دەکات کە لەئەنجامی دروستکردنی کارتی بانکی لە هاوڵاتی وەردەگرێت.

لەکاتی بەکارهێنانی لەم شێوازە پارەدانە (پارەدانی ئەلکترونی) بەشێوەیەکی بەرچاو گەندەڵی کەم دەکاتەوە، بەتایبەت لەو پرسانەی کە تایبەتن بەو پارەدانەی کە حکومەت لێی سودمەندە( وەک پارەدانی گومرگ، باج، ڕسومات)، چونکە ئەم سیستمە بەجۆرێک دادەنرێت کە لینکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ وەزارەتی پەیوەندیدار و دیوانە چاودێرییەکان هەبێت.
واتە لەکاتی پێدانی هەر بڕە پارەیەک لەهەر فەرمانگەیەک یان خاڵە گومرگییەک ئوتوماتیکی جوڵەی پارەکە لە وەزارەتی پەیوەندییدار دەردەکەوێت.

کاتێک ئەم هەمو بانکە لە کوردستان دەبینرێت، بانکەکە چ حکومی بێت یان ئەهلی، مرۆڤ سەیری لێدێت کە لەکاتی بونی ئەم ژمارە زۆرە لەبانک، بەڵام هاوڵاتیان لە خزمەتگوزارییە بانکییەکان بەتەواوەتی بێبەشن.
بەداخەوە بانکە حکومییەکان تەنها ڕوڵیان وەک قاسەیەکی پارەی لێهاتوە، بەدرێژایی مانگەکە چاوەڕوانن موچە لە وەزارەتی داراییەوە بگاتە دەستیان و ئەوانیش دابەشی وەزارەتەکانی بکەن وەک موچە.
هەرچی بانکە ئەهلییەکانیش هەیە تەنها ڕۆڵی پێشانگایەکی ئەلکترونی یان ئوتومبێل دەبینن، چونکە تەنها کاریان فرۆشتنی بابەتە ئەلکترونییەکان و ئوتومبێلە بە قست.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand