گەڕانەوە بۆ ئەدەنە
2019-02-28 18:26:41
فەرید ئەسەسەرد
تا ئێستا نەزانراوە هۆی وروژاندنی كتوپڕی رێككەوتننامەی ساڵی 1998ی ئەدەنەی نێوان توركیا و سوریا چییە. ئەم رێككەوتننامەیە لە سەردەمی خۆیدا سەركەوتنێكی گەورە بوو بۆ توركیا كە تێیدا سوریا بە سەركردایەتی ئەسەدی باوك هەموو مەرجەكانی توركیای لە كاتێكی پێوانەییدا جێبەجێ كرد و لە كۆتاییدا سەرەنجامی مەسەلەكە بە دەستگیر كردنی سەرۆكی پەكەكە عەبدوڵڵا ئۆجەلان كۆتایی هات.
توركیا زۆر قازانجی لە رێككەوتننامەی ئەدەنە كرد. سوریای ناچار كرد واز لە داڵدەدانی پەكەكە بهێنێ، هەروەك ناچاری كرد پەكەكە وەك تیرۆریست بناسێنێ و هەموو بنكەكانی لە ناوچەی بیقاعی لوبنانیش هەڵوەشێنێتەوە. نزیكترین نموونە لە رێككەوتننامەی ئەدەنە، رێككەوتننامەی ساڵی 1975ی جەزایر لە نێوان ئێران و عیراق كە تێیدا هەردوولا لەسەر پاكتاوكردنی شۆڕشی كورد رێككەوتن.
بەڵام پێنج تێبینی لەسەر رێككەوتننامەی ئەدەنە هەیە:
یەكەم: بەپێچەوانەی رێككەوتننامەی جەزایرەوە كە لەسەر ئاستێكی بەرز واژۆ كراوە (لەلایەن ئێرانەوە شا و لەلایەن عیراقەوە سەدام حسێن)، رێككەوتننامەی ئەدەنە لەسەر ئاستی نزمتر لە وەزیر واژۆ كراوە، تەنانەت هیچ رێوڕەسمیشی بۆ نەكراوە.
دووەم: رێككەوتننامەكە لە بەشێكی بڕگەكانی باس لە هاوكاریی نێوان هەردوولا بۆ بەگژداچونەوەی تیرۆر دەكات. لە ڕاستیدا ئەم بەشەی رێككەوتننامەكە لە ساڵی 2011 بەولاوە بە تەواوی پشتگوێ خراوە و لە هەلومەرجی ئێستادا تیرۆر تەنگی بە سوریا هەڵچنیوە نەك بە توركیا و لەبری هاوكاری لە نێوان هەردوولادا، ناتەبایی و ناكۆكی هەیە.
سێیەم: رێككەوتننامەی ئەدەنە بە هەمان شێوەی رێككەوتننامەی جەزایر، دورنمایەكی سنووری هەیە و لە هەردووكیاندا هەوڵدراوە لە پاڵ چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان، كێشەكانی سنوریش چارەسەر بكرێن. پاشكۆی ژمارە 3ی رێككەوتننامەی ئەدەنە ناكۆكیی سنووری نێوان هەردوو لای كۆتایی پێ هێناوە و تێیدا هەردووكیان دانیان بەوەدا ناوە كە هیچ لایەكیان مافی لە خاكی ئەوی تر نیە. ئەمەش لەكاتێكدا كە ئەمە بەم واتایە دێت كە سوریا دەستبەرداری تەواوی ویلایەتی ئەنتاكیا بووە كە لەمەوبەر بە ناوی لیوای ئەسكەندەرۆن ناسرا بوو، بەم واتایەش دێ كە توركیا هیچ مافێكی لە باكوری سوریا نیەو ئەوەی كە لە پەیمانی نیشتمانیدا چەسپێنراوە كە گوایە تەواوی ویلایەتی موسڵ و باكوری سوریا بە حەلەب و ئیدلبەوە بەشێكی نیشتمانی گەورەی تورك پێكدێنن، هیچ بنەمایەكی نەماوە.
چوارەم: پاشكۆی ژمار 4 رێ بە توركیا دەدات لە كاتی پێویستدا تا قوڵایی پێنج كیلۆمەتر هێز بنێرێتە ناو خاكی سوریا. بەڵام ئەم خاڵە بە تەمومژی ماوەتەوە چونكە ناوەندە سیاسییەكانی توركیا دەڵێن رێككەوتننامەكە لە ساڵی 2010 پێداچونەوەی پێدا كراوە و ئەم بڕگەیەی لێ لابراوە. لەم رووەوە لێدوانێكی وەزیری دەرەوەی توركیا ئەحمەد داود ئۆغڵۆ هەیە كە وتویەتی "داڕشتنە تازەكە رێ بە توركیا نادا بچێتە ناو خاكی سوریا". لە كاتێكدا ئەوەی كە ئێستا دەبینرێ پێچەوانەی دەقەكەیە، چونكە هێزەكانی توركیا بە كردەوە لە ناو خاكی سوریا دان و پشتگیریی ئەو گروپانەش دەكەن كە حكومەتی سوریا بە تیرۆریستیان دادەنێ، لەوانە بەرەی نوسرە كە ناوی خۆی گۆڕیوە بە دەستەی رزگاركردنی شام.
پێنجەم: جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی ئەدەنە پێویستی بە هاوكاریی هەردوو حكومەتی سوریا و توركیا هەیە. تا پەیوەندیی نێوانیان گرژ و ئاڵۆز بێت، بە دڵنیاییەوە هیچ دەرفەتێك بۆ هاوكاری لە هیچ بوارێكدا نایەتە دی. لە لایەك دیمەشق سوپای توركیا بە داگیركەر دادەنێ و لە لایەكی ترەوە ئەنكەرە دان بە بەشار ئەسەد و رژێمەكەیدا نانێ و لە ساڵی 2011 وە لە هەوڵی رووخاندنیدایە. ئەوەش نیشانی دەدا كە لە دۆخێكی وادا هیچ ئومێدێك لەسەر چاكبوونەوەی پەیوەندییەكانی هەردوولا هەڵناچنرێ.
ئەمە دەمانباتەوە سەر بابەتە سەرەكییەكە، ئەویش ئەوەیە چی وای لە توركیا كردووە لاپەڕە كۆنەكان هەڵبداتەوەو باسی رێككەوتنێكی 21 ساڵ لەمەوبەر بكاتەوە؟ هەرچەند مەرج نیە هەموو سیاسەتەكانی دەوڵەتان بەپێی پێوانەكانی لۆجیك بەڕێوە بچن، بەڵام ئەگەر هەوڵی دۆزینەوەی هۆیەك بۆ وروژاندنی رێككەوتننامەیەكی خەوتوو لە ساڵی 1998ەوە بدەین، هەر ئەوەمان بۆ دەمێنێتەوە كە پرسەكە بە هەوڵەكانی دروستكردنی ناوچە ئارامەكەی باكوری سوریاوە ببەستینەوە. پاش بڕیارە كتوپڕەكەی ئەمریكا سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانی لە باكوری سوریا، پڕۆژەی ناوچەی ئارام سەری دەرهێنا. بەڵام پاش ئەوەی ئەمریكا پێداچونەوەی بە بڕیارەكەدا كرد، پرۆژەكە توشی چەقبەستن بوو.
لە لایەكی ترەوە روسەكان وای نابینن كە پرۆژەی ناوچەی ئارام لە بەرژەوەندییاندایە و بە دڵنیاییەوە رێگا بە توركیا نادەن كار بۆ دروستكردنی ئەو ناوچەیە بكا. بۆیە، لە هەلومەرجێكی وادا، دەشێ هێنانە ئارای رێككەوتننامەی ئەدەنە هەوڵێكی ئەنكەرە بێ بۆ قەرەبووكردنەوەی شكستی لە پێكهێنانی ناوچە خوازراوەكە.
بەڵام ئەستەمە توركیا بەپشت بەستن بە رێككەوتننامەی ئەدەنە دەرفەتێكی گونجاو بۆ پێكهێنانی ناوچەی ئارام بڕەخسێنێ، لانی كەم لەو روانگەیەوە كە رێككەوتننامەی ئەدەنە بە هیچ شێوەیەك نەچۆتە سەر باسكردنی ناوچەی ئارام لە باكوری سوریا و تەنانەت لە دەقە واژۆكراوەكانیش بوارێكی وایان تێدا نادۆزرێتەوە كە بتوانرێ لە شرۆڤەكاندا جێیەك بۆ ناوچەی ئارام بكرێتەوە. ئەم بابەتە لە ناوخۆی توركیا مشتومڕێكی زۆری ناوەتەوە و پێناچێ ئەو مشتومڕە بە سەرەنجامێكی دیاریكراو بگات. بەڵام لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، مەسەلەكە مشتومڕێكی ئەوتۆی نەناوەتەوە، چونكە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە بایەخێكی زۆرەوە ناڕوانێتە رێككەوتننامەی ئەدەنە و لەو بڕوایەشدا نیە كە ئەم رێككەوتننامەیە یارمەتیدەر بێ بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكان.