Draw Media

لەبارەی کۆبوونەوەکەی (دۆناڵد تڕەمپ و کیم جۆنگ ئون) ەوە

لەبارەی کۆبوونەوەکەی (دۆناڵد تڕەمپ و کیم جۆنگ ئون) ەوە

2019-02-27 18:30:57


پەیڕەو ئەنوەر 

وا بڕیارە بەیانی تڕەمپ و کیم جۆنگ ئون لە هانۆی پایتەختی ڤێتنام دیدارێک لەگەڵ یەکتردا ساز بکەن. سەرەتا دەگەرێینەوە بۆ (ڤێتنام) وەک پانتایی، مەیدانی جەنگ و ململانێ لە ئەدەبیاتی سیاسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. دیارە ڤێتنام وەک رووبەرێکی سیاسی لای ئەمەریکییەکان گەڕانەوەیە بۆ یادەوەرییەکی تاڵ، خەمناک و پڕ کێشە! ڤێتنام لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا نوێنەرایەتی بەشێکی جەنگی سارد دەکات؛ ڤێتنام وەک سێوێکی دوو لەت دەردەکەوێت! دوو ئایدۆلۆژیا (کاپیتاڵیزم و سۆسیالیزم) خانەکانی خۆیان لەنێو جەستەی ڤێتنامدا بەرهەمدێننەوە! بەدوای هەژموون و باڵایی و سەروەری ئایدۆلۆژی و سیاسیدا دەگەڕێن.

بڕیار وایە بەیانی ئەم دوو سەرۆکەی جیهان باس لە موشەکی ئەتۆمی و ئاشتی نیمچە دوورگەی کۆریا بکەن! یەکێک لە کێشەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دۆخی ئەنارکیزم و کەیۆس/پاشاگەردانی و ئاژاوەیە! لەدوای سەردەمی وێستفاڵیاوە هەوڵدراوە لەڕێگەی [هاوسەنگی هێز و ئاسایشی بە کۆمەڵ] دۆخێک بەرهەم بێت جۆرێک لە ئاسایش، دڵنیایی و مانەوەی تێدابێت. دیارە تڕەمپ لەژێر فشاری دیمۆکراتەکان دایە! دەیەوێت بەیانی جۆرێک لە ڕێککەوتننامە، تێگەیشتن دروستبێت. رێککەوتن لەگەڵ کۆریای باکوور بۆ تڕەمپ و کۆمارییەکان خاڵێکە پڕە لە ئاسایش و گەیشتن بەماناکانی ئاسایش؛ گەڕانەوەیە بۆ هاوسەنگی هێز.

دیارە مەبەست لە هاوسەنگی هێز ئەوەیە کە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا هەموو ئەکتەرەکان لەڕووی قەبارە و توانای هێزەوە لەیەکتر نزیک بن تا جۆرێک لە دڵنیایی لەنێوان ئەکتەرەکان ئامادەبێت! دواتریش ئەم دڵنیاییە بگۆڕن بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی! ئەم دیدە زیاتر ریاڵیستەکان پێداگری لەسەر دەکەن و پێیان وایە کە نەبوونی هێز، حکومەتێکی جیهانی، دەسەڵاتێکی سەروو-دەوڵەتی جۆرێک لە ئەنارکیزمی دروستکردووە تەنها لەرێگەی هاوسەنگی هێزەوە هێڵ و شەپۆلەکانی ئەو پاشاگەردانییە تێکدەشکێت و کەم دەبێتەوە.

لەڕاستیدا کیم جۆنگ ئونیش لەژێر فشاردایە. کۆریای باکوور وەک چوارچێوە تۆتالیتارە ! یەکەیەکە هەموو گۆشەکانی دونیا ناوەکییەکەی خۆی کۆنتڕۆڵ کردووە! دەسەڵات لە هەموو خاڵێکی کۆمەڵگەدا ئامادەیی هەیە و دەجوڵێت و چاودێری بونەوەرەکانی نێو جەستەی دەکات! لەڕاستیدا کۆریای باکوور بەتەواوی وێنەیەکی کۆپیکراوی دیمەنەکانی نێو رۆمانی ١٩٨٤ ی جۆرج ئۆروێڵە! کیم لەژێر فشاری بێدەنگی ئەندامانی کۆمەڵگەکەی دایە. بێدەنگبوون جۆرێکە لە بەرەنگاری و رووبەڕووبوونەوە، قسەکردن و بێداربوونەوە! ئامانجی سەرەکی کیم جۆنگ ئۆن لەگەڵ تڕەمپدا گەیشتنە بە چوارچێوە، دۆخێکی تایبەت لە ئارامی بۆ نیمچە دورگەی کۆریا.

ئەم دوو سەرۆکە بە دوو میتۆد و ئاڕگیۆمێنتەوە بەدوای ئاسایش و هاوسەنگی هێزدا دەگەڕێن. تڕەمپ دەیەوێت لەڕێگەی کۆریای باکوورەوە ئاسایش لە سیاسەتی نێودەوڵەتی بەرهەمبێنێت؛ کیم دەیەوێت لەڕێگەی ئەمەریکا و پڕۆسەی پارچە پارچەبووینی هێزەوە بگات بە ئاسایش لە نیمچە دورگەی کۆریادا. ئەم فۆڕمە لە پەیوەندیی و نزیکبوونەوە لەیەکتر ململانێیە لەسەر جیۆپۆلەتیک و ناسنامە؛ ئەمەریلا لەڕووی جیۆپۆلەتیکەوە گەردوون بە قوڵایی ستڕاتیژی خۆی دادەنێت، کۆریای باکوور نیمچە دوورگەیەکی کردووە بە قوڵایی ستڕاتیژی خۆی! ئەم ململانێی و قسەکردنە بەزمانی جیۆپۆلەتیک هەوڵ و گەڕانە بەدوای ئاسایش و هاوسەنگی هێز لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا`

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand