Draw Media

دیموکراسیەتی یەکێتی

دیموکراسیەتی یەکێتی

2019-02-25 13:06:33


ئاسۆ حاجی                                                                            
 
یەکێتی تا دێ بە گژ ھەموو ئەو دروشمانەی خۆیدا دەچێتەوە کە چل ساڵ زیاترە بە خەڵکی دەفرۆشنەوە، لە پرسی مافی چارەنووسەوە بگرە کە لە شازدەی ئۆکتۆبەر لە ئاوێیان کرد تا پرسی دیموکراسیەت کە ئێستا بەھەموو ھێزیەوە لە دژی وەساتوەتەوە و تەنھا لە بەر ئەوەی لە ھەڵبژاردن نیوە کەمتر لە کورسیەکانی رکابەرە تەقلیدیەکەی خۆی پارتی دیموکراتی کوردستانی ھێناوە خەریکە بیانگە بە دار و بەرد بگرێ و رێگری بکا لە پێکھێنانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە گوێرەی بەرکەوتەی ھەر ھێزێک کە دەرئەنجامی ھەڵبژاردن پێی بەخشیوە.

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە لە ھەردوو ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق و پەڕلەمانی کوردستان زۆرترین تەزویری بەسەر ساغ بۆوە ئەوجا قەبارەکەی وەک ئەوەی ئێستا ماوەتەوە، ئێستا پەنا بۆ ھەندێک دەستەواژە دەباتەوە کە پێشتر بەخۆی رەخنەی لێدەگرت و بە حیساب لە دژیان بوو، یەکێتی بەھێنانەوە گۆڕێی پرسی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی و مێژووی خەبات و ژمارەی شەھیدان و قوربانی دان کە بۆی بخرێتە سەر ژمارەی کورسیەکانی لە پەڕلەمان و بەوە ژمارەکەی بۆ زیاد بکرێ تا ڕادەی پەنجا بە پەنجا لەگەڵ پارتی، ئەوە لە پوچ کردنی ھەلبژاردن و پڕۆسەی دیموکراسی و بەگژداچوونەوەی بڕیار و ئیرادەی خەڵک زیاتر نیە.

یەکێتی بە درێژایی تەمەنی ھەڵگری دروشمی ئەوەندە قەبە و خواستراو و داتاشراو بووە کە ئێستا شانی لە بنیانەوە خوار بووە و جۆڕکی دیرۆکەکەی کوون بووە و ھێدی ھێدی ئەو دروشمانەی بە پاشەڵی دا دێنەخوارێ، یەکێتی لە سەرەتای دروست بوونی و دواتر بە دەنگی بڵند بانگەشەی بۆ ئەوە دەکرد کە ئەوان دژی حیزبی بنەماڵەیین،بانگەشەی ئەوەشیان دەکرد کە لە ناو یەکێتی ئازادی بۆچوون ھەیە و بڕیاردان بە شێوازێکی دیموکراسیە، بەڵام ئێستا بە راست و چەپیان خۆزگە بە گۆپاڵەکەی مام جەلال دەخوازنەوە تا بگەڕێتەوە سەرپشتیان و لە ترسی گۆپاڵەکە وەک برا بن لەگەڵ یەکدی، ئێستا یەکێتی نەک حیزبی بنەماڵەیەکە بەڵکو حیزبێکە بنەماڵەکان ئەوەندە لێکیان ڕاکێشاوە شەنگیان لێ بڕیوە، ئازادیەکەشیان تا ئەو ڕادەیە کە ھەموو کەس لە نێو یەکێتی ئازادە رەخنە لە نەیارانی یەکێتی بگرێ و جوێنیان پێبدا وخۆپیشاندانیان لە دژ بکات،بەڵام بینیمان کاتێک مامۆستایان بۆ موچە ھاتە سەر شەقام و ناوی یەکێتی و ئەندامانی بنەماڵەی تاڵەبانی بوونە بەشێک لە دروشمی ناڕەزایی مامۆستایان بە کەمتر لە نیو کاتژمێر زیاتر لە سەت و سی کەسیان ڕاپێچی زیندان کرد، ئەوەشمان بینی چۆن بارەگا و بنەکەی تەڤگەری ئازادی سەر بە پەکەکەیان پێچایەوە و لە سلێمانیان وەدەرنان.

ھەڕەشە و چاوسوورکردنەوەکانی یەکێتی ئێستا کە لە گۆڕانی دەکا بەوەی رێککەوتنی لەگەڵ پارتی کردووە بۆ چوار ساڵی ئایندە بەبێ پرسی یەکێتی، ھەروەھا ھەڕەشەکانی لە پارتی کە ئەگەر بە خواست و ویستی یەکێتی رازی نەبێت ئەوە دۆخەکە باش نابێ و ئاڵۆز دەبێ،ھەروەھا لە ھەموویان سەیرتر ھەڕەشەکانی یەکێتی لە خەڵک و قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان بەوەی ئەگەر پارتی و گۆڕان لە بەغدا پاڵپشتی نەکەن بۆ وەرگرتنی وەزارەتی داد و لە کەرکوک پارێزگارێکی یەکێتی لە گرووپی سازدەی ئۆکتۆبەر و لە ھەولێریش ھەر پەنجا بە پەنجای جاران نەبێ ئەوە یەکێتی دوو ئیدارەیی بە چارەسەرێکی گونجاو دەزانێ و کاری بۆ دەکا!

بە وردبوونەوە لە مێژووی یەکێتی و ھەڵوێستەکانی رێک ئەو گووتنەی بۆ دەشێ کە دەربارەی سیاسەتی ئینگلیز گوتراوە، کە دەڵێ:"ئامادەم ھەموو دونیا بسوتێنم تا ھێلکەیەک بۆ خۆم بکوڵێنم".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand