یەكێتی پاشای عەرشی كەلاوەیە
2019-02-25 12:34:20
رێبوار کەریم وەلی
(1)
ئەڵبەتە جارێ لانیكەم تا چوار ساڵی دیكەش پارتی بیر لەوە ناكاتەوە كە بەبێ یەكێتی (وەك شەریكێكی سەرەكی) حكومەت پێكبێنێ و حوكمڕانی بكات. بۆیە ئەمجارەش یەكێتی دوای شكستی لە دانوستاندنەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەت، وەك ساڵی 2014 دەبێتە (بەشێك) لە حوكمڕانی.
لە كاتێكدا كە دەبوو رێككەوتنی سیاسی پارتی و یەكێتی ببێتە بناغەی حوكمی كوردستان، ئێستا رێككەوتنەكەی گۆڕان و پارتی حوكم دەكات و، هەر رێككەوتنێكی دیكە لە نێوان پارتی و یەكێتیدا ئیمزا بكرێ، دەبێ بە پاشكۆی ئەو رێككەوتنەی گۆڕان و پارتی.
لە دوای دووی ئۆكتۆبەرەوە كە یەكێتی تاكلایەنە پۆستی سەرۆك كۆماری بەغدای برد، پارتیش بەهەمان نەزمی یەكێتی یاری دەكات؛ كارتی بەغدای لە دەست یەكێتی دەرهێنا. بەشێوەیەك كە ئێستا حزووری سەرۆككۆمار لە بەغدا بۆ یەكێتی هیچ دەستكەوتێكی نییە و ناتوانێ وەزیرێك بۆ یەكێتی دابنێت.
لە دانانی پارێزگارێكی یەكێتیش بۆ كەركووك فەشەلیان هێنا، عاقیبەت لە هەردوو بابەتەكەدا پەنایان هێنایەوە بەر پارتی. 18ی شوباتیش ئیسپاتی كرد كە یەكێتی لەسەر ئاستی كوردستان هێزێكی بێ پەنایە و تەنها وجودی پارتییە كە مانا بە یەكێتی دەبەخشێت. ئەوەی لە 19ی ئابی 2015 ویسترا دەرهەق بە پارتی بكرێت و سەری نەگرت، ئەمجارەیان زۆر بە ئاسانی لە 18ی شوبات دەرهەق بە یەكێتی كرا.
مەبەستی پارتی تەنها نیشاندانی هێز سیاسیی خۆی بوو. ویستی بڵێ كە بەبێ یەكێتیش دەتوانم، چونكە پارتی زۆر لەوە دڵنیایە كە یەكێتی نە دەتوانێ لە دەرەوەی دەسەڵات بێت و نە دەشتوانێ (تەنانەت ئەگەر لە رووی نێودەوڵەتیشەوە رێگەپێدراو بێت) دوو ئیدارەیی رابگەیەنێت. بۆیە ئەو گەمە مەترسیدارەی سەركردایەتی یەكێتی بەناوی هەستانەوەی یەكێتی و مل لەبەر مل نانی پارتی دەیكات، تەنها و تەنها بریتییە لە تەسفیە حیساباتی پێش و پاش شانزدەی ئۆكتۆبەر و نیشاندانی ئەوەی ئەمڕۆ قسەی ئەوەڵ و ئاخیر لای بازنەیەكی ناو سەركردایەتییە كە هەمیشە 38 ئیمزایان حازرە و، مەكتەبی سیاسیش بەدوای خۆیاندا پەلكێش دەكەن.
یەكێتی زۆر لەوە وێرانترە كە خۆشیان مەزەندەی دەكەن. 112 رۆژ بەسەر سوێندخواردنی ئەندامانی پەرلەماندا تێپەڕی نەیانتوانی لەسەر كاندیدێك بۆ سەرۆكی پەرلەمان رێكبكەون (ئێستا گوایە دوو ساڵ بە دوو ساڵ بۆ رێواس و بێگەرد دەبێ)! ئەوەش خەتای پارتی بوو؟ ئینجا ئەگەر یەكێتی راست دەكات، با دوای پێكهاتنی حكومەت بوێرێ كۆنگرە ببەستێ، ئەوجا دەردەكەوێ كە یەكێتی ماوە یان نا؟
پارتی دێتە پێش
(2)
بیانووەكانی یەكێتی كۆتاییان نایەت و پارتیش ناچارە نەرمی بنوێنێ. سەیرترین شت ئەوەیە كە یەكێتی لە مەسەلەی دانانی پارێزگاری كەركووك بە شێوەیەك رەفتار دەكات وەك ئەوەی پارتی موسەبیبی شانزدەی ئۆكتۆبەر بووبێت و، پارتی نەجمەدین كەریمی لادابێت (تەنانەت هەوڵی كوشتنیشی دابێت) و راكان جبووریی لە جێگە دانابێت! بەڵام دیسانیش پارتی ئەم داوایەی یەكێتی قەبوڵ دەكات و هەوڵی بیانووبڕكردنی یەكێتی دەدات.
سیغەی پارتی بۆ رێككەوتن لەسەر ئەو بابەتە ئەوەیە كە ئەو باسە تەنها پەیوەست نییە بە پارتی و یەكێتی و پێكهاتەكانی دیكەش دەبێ تێیدا بەشدار بن. ئەڵبەتە من لەجیاتی پارتی بام، رەزامەندیم لەسەر ئەوە دەدا كە یەكێتی كێ دەكاتە پارێزگار (تەنانەت ئۆكتۆبەرچییەكانیش) ؛ ئەو كاتە دەردەكەوت كە یەكێتی بە چ مەرامێك بەردی كەركووك و موڵكدارێتیی ئەو شارە لە سینگی خۆی دەدات!
شینی یەكێتی بۆ كەركووك نییە و بۆ تەنكەرە نەوتەكانیەتی، ئەگەرنا بە دەیان خەڵكی تێكۆشەری كوردپەروەر هەن كە دەتوانن كەركوك لەو دۆخە نەخوازراوەی ئێستا رزگار بكەن.
یەكێتی تا پێش 18ی شوبات وایدەزانی پارتیی بەگیر هێناوە و دەتوانێ هەموو شەرتەكانی خۆی بەسەردا فەڕز بكات، بەڵام دەركەوت پارتی وا بە ئاسانی تەسلیم نابێت. بۆیە نەرمی دەنوێنێ، بەڵام ملكەچی هیچ ئەمری واقیعێك نابێت كە یەكێتی بیەوێ بەسەریدا بسەپێنێ. یەكێتی لە ئاستانەی پارچە پارچە بوونێكی دیكەدایە كە دوور نییە گەورەترین كوتلەیان بەقەدەر ئێستای گۆڕان بێت. هەر لەبەر ئەوەشە كە پارتی گۆڕانێكی 12 كورسیی راستەقینەی پێ لە یەكێتییەكی 21 كورسی باشترە.
پارتی مار و یەكێتی شوان
(3)
حیكایەتێك هەیە دەڵێ كابرایەكی شوان هەموو رۆژێ قاپە شیرێكی لەپێش كونی مارێك دادەنا و مارەكەش كە شیرەكەی دەخوارد، لیرەیەكی زێڕی بۆ لەبەردەمی كونەكەی دادەنا. رۆژێك كابرای شوان نەخۆش كەوت و كوڕەكەی چووە بەر مەڕان، باوكی پێیگوت هەمان كاری ئەو بكات. كوڕە تەماحی لێ نیشت و گوتی بۆ مارەكە نەكوژم و بە یەكجار هەموو لیرەكان ببەم؟ بە قەسدی كوشتن پەلاماری مارەی دا و كلكی قرتاند، مارەش پێیوەدا و كوشتی.
كە كابرای شوان چا بووەوە، دیسان بە رەسمی جاران قاپێك شیری لەبەردەم كونی مارە دانا، مارە شیرەكەی خوارد و لیرەیەكی دیكەی دایە، بەڵام گوتی چیدیكە شیرم بۆ مەهێنە. شوانە گوتی: بۆ؟ گوتی: نە من ئازاری كلكی قرتاوم لە بیر دەچێتەوە و نە تۆش ئازاری كوڕی مردووت.!
راستە پارتی و یەكێتی مەحكومن بەوەی پێكەوە ئەو وڵاتە بەڕێوەبەرن، بەڵام بە راستی برینی هێندە قووڵ لە نێوانیان درووست بووە كە وا بە ئاسانی لەبیرناچنەوە و بچووكترین پریشك بەسە بۆ ئەوەی ئاوڕێكی وای لێ بكەوێتەوە كە دانەمركێ.