ماڵە گەورەکەی تەندروستی لە سلێمانی !
2019-02-25 10:58:57
محەمەد گەردش
ساڵانێ بوو دانیشتوانی شاری سلێمانی ئەیان ناڵاند بەدەس کێشەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنەوە، کێشەکەش لەوەدابوو کە ئەم نەخۆشخانەیە هەم بچوک بوو لەڕووی ڕووبەرەوە کە نەدەکرا ژمارەیەکی زۆر قەرەوێڵە لەخۆبگرێ، هەم ژمارەی کارمەندەکانی بەگوێرەی قەرەباڵغیەکەی نەبوو.
لەگەڵ ئەمانەشدا تەنیا نەخۆشخانەیەک بوو لەم شارە گەورەیەدا کە تایبەت کرابوو بە حاڵەتی کت وپڕی وەک ڕووداوی هاتوچۆ و فیشەک و چەقۆ و شکستەوە.. هتد، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ببووە نەخۆشخانەیەکی سەربازیش کە لەبری نەخۆشخانەکانی شۆڕش کاری دەکرد، ئەم بارگرانیەش زۆر بە زەقی دەرکەوتبوو لەکاتی شەڕی نەگریسی داعشدا.
ئەوکاتانەو ئێستەشی لەگەڵ بێ هاوارەکان بۆئەوە بوون کە بوونی تەنها یەک نەخۆشخانەی لەوجۆرە فریای خەڵکی شارەکەو میوانەکانی ناکەوێ، بەڵکو پێویستە لەسەر بەرپرسانی شارەکەو کەرتی تەندروستی کە بیرێکی جدی و بەپەلە بکەنەوە لەوەی دوو یان سێ نەخۆشخانەی فریاکەوتن لەم شارەدا دابنێن، کە بەوشێوەیە لەڕووی زانستی یەوە هاوتای ژمارەی دانیشتوان دەبێتەوە. جا ئیتر نان لەدەمی هەرکەسێک ئەگرنەوە یان لەهەرکوێ بودجەی بۆئەهێنن با بیهێنن چونکە ئەمە بووەتە پێویستیەکی حەتمی و بەپەلە.
ساڵ هات و ڕۆیشت نەخۆشخانەی شار ( چوارسەد قەرەوێڵەیی ) کرایەوە، کە هەموان بەهیوابوون ئەم نەخۆشخانەیە لەپاڵ نەخۆشخانەی فریاکەوتندا ببنە دوو نەخۆشخانەی تایبەت بە حاڵەتی کت و پڕ.
کەچی نەک هەروا دەرنەچوو بەڵکو زۆرجار بەهەرهۆکارێک بووبێ ئەبوایە نەخۆش، پاش چوونی بۆ شار، دووبارە بۆ چارەسەر یان پشکنین بگەڕێتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتن، ئەم حاڵەتەش ئەوەندە دووبارە بــبووەوە کە وای لێهاتبوو بە نەخۆشخانەی فریاکەوتن بووترێ (مــاڵە گــەورەکە).
هەرچۆنێک بێت نەخۆشخانەی شار بەشی فریاکەوتنی تیاکرایەوە کە تاڕادەیەک بارگرانیی لەسەر خەڵک و کارمەندان هەڵپەساردبوو، هەرچەن نەخۆشخانەی شار بەتەنها تایبەت نەکرابوو بە وەرگرتنی حاڵەتی کت وپڕ بەڵام بە شار و ماڵەگەورەکە ئەرکی سەرشانی خەڵکیان ئاسان کرد .
بەڵام ئەوە بۆ ماوەیەکە ماڵەگەورەکە خەریکە ئەڕمێ، چونکە دەنگوباسی تێکدان یان تەعمیرکردنەوەی لەئارادایە و هیچ ئاسۆیەکی ڕوونیش بەدی ناکرێ لە دووبارە بنیاتنانەوەی، نەک هەرئەوە بەڵکو واباس دەکرێ کە ئەو زەویەی نەخۆشخانەکەی لەسەر بنیاتنراوە بکرێتە شتێکی تر یان پرۆژەی بازرگانی.
ئەم دەنگوباسە ڕاست بێ یان نا بەقەد ئەوە گرنگ نیە کە سلێمانی دووبارە گەڕاوەتەوە خاڵی سەرەتا، بەوەی دیسان شارەکە دەبێتەوە خاوەنی تەنها یەک نەخۆشانەی فریاکەوتن لە ئێستادا، هەرچەن بوونی نەخۆشخانەی ئەهلی شوێنی ئەم جۆرە نەخۆشخانانە ناگرێتەوە لەبەر گرانیی نرخەکانیان لەسەر گیرفانی بەتاڵی خەڵک .
بەهەرحاڵ تەنهایی نەخۆشخانەی شار و هەڵکەوتەی شوێنەکەی کە لە دەروازە سەرەکیەکانی شاردا هەڵنەکەوتووە، دیسان ئاستەنگ بۆ گەیاندنی حاڵەتی کت و پڕ دروست دەکاتەوە، چونکە سەرەڕای گۆڕینی ئاڕاستەی هەندێ لە شەقامەکانی سلێمانی، بەڵام هێشتا ئامبولانسەکان بەخێرایی پێویست ناگەنە شار، کە ئەمەش بۆ خەڵکی ئاسایی کە بە ئوتومبیلی خۆیان دەچنە نەخۆشخانە سەختترە.
جا پرسیارەکە لەوەدایە کە چارەنوسی ماڵەگەورەکە چی دەبێ ؟! یان ئایا بەرپرسانی کەرتی تەندروستی و سلێمانی لێ ئەگەڕێن دووبارە شار تەنها بکەوێتەوە ؟! یان پلانی خێرایان هەیە بۆ ئەم کێشەیە.
وەیان دەبێ لەمەولا بەمەحزونی بەنزیک شوێنی ماڵەگەورەکەیا تێپەڕبین و گۆرانیەکەی هونەرمەندی کۆچکردوو (ڕەفیق چالاک )مان بیربێتەوە کە دەیوت:
دووئاوانەکەی شوێن ماڵەگەورە
سەرەوخوار ئەڕۆن بە پێچ و دەورە