بزوتنەوەی گۆران و خەباتی مەدەنی
2019-02-24 18:50:35
د. شایان عەسکەری
هەرچەندە من یەکێک بووم لەوانەی کە بژاردەی ئۆپۆزسیۆنم پێ باشتر بوو بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و کارم بۆ دەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو رێکەوتنەی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرکەوتن دەزانم بۆ بزوتنەوەی گۆڕان، ئەم رێکەوتنە خۆی لە خۆیدا سەرکەوتنی خەباتی مەدەنیە کە مەبدەئی بزووتنەوەکەیە.
لە ساڵانی نەوەدەکان هەرکاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان رێک نەکەوتنایە دەبووە هۆی هەڵگیرسانی شەری ناوخۆ و بە کوشتدانی گەنجی کوردستان.
بەڵام لە دەسپێکی دامەزرانی بزووتنەوەی گۆڕان هیچ کاتێک چەکی هەڵنەگرتووە دژی هیچ حزبێک تەنانەت لە کاتە زۆر سەختەکانیش. لە کاتێکا بۆ نەوشێروان مصطفى چەک هەڵگرتن کارێکی ئاسان بوو بەتایبەتی کە خەلکێکی زۆر ئامادەباشی دەربری بۆ ئەو مەبەستە.
لێرەدا بزووتنەوەی گۆران بروایەکی بۆ خەڵکی کوردستان دروست کرد کە بە دیهێنانی ئامانجە سیاسیەکانی حزب بۆ خزمەتی بەرژەوەندی گشتی پێویست بە هەڵگرتنی چەک ناکات لە رێی خەباتی مەدەنیەوە دەتوانێ ئامانجەکانی بپێکێ.
گومانی تێدا نیە ئەم رێکەوتنە تەواوی خاڵەکانی لە بەرژەوەندی گەلی کوردستانە، دیارە پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر بە پەرۆش بوو بۆ بەشداریکردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هیوادارم بە هەمان نەفەس کار بکات بۆ جێبەجێ کردنی خاڵەکانی رێکەوتنەکە.
پەندێکی مصرى دەڵێ هەر کارێک سەرەتاکەی مەرج و رێکەوتن بێت کۆتاییەکەی رووناکی دەبێت.
ئەوەی کە زۆر گرنگە بە دیدی من بیرکردنەوەی جەرگ سووتاوەکانی حەڤدەی شوباتە بەرێز باوکی شەهید سورکێو وباوکی شەهید ئومێد کە فەرموویان ئەو رێکەوتنەمان پێ باشە، گەر بە بیرکردنەوەی ساڵی نەوەدەکان بوایە دەبوایە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن و تۆڵە سەندنەوە بوونایە.... بەڵام لەگەڵ هاتنی بزووتنەوەی گۆڕان ئەم جۆرە بیرکردنەوانەی تۆڵە سەندنەوە کۆتایی پێهات.
بزووتنەوەی گۆران بووە بە هەوێن بۆ خەباتی مەدەنی و کاریش بۆ ئەوە دەکات.