Draw Media

گۆڕان و هاوپەیمانێتی

گۆڕان و هاوپەیمانێتی

2019-02-24 10:59:13


مەلا فەرمان  
بۆ سازکردنی زەمینەی لێکتێگەیشتن و کارکردن بۆ تەبایی و سازان نەک هەر لە بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتوە، بەڵکە دەیەوێ لە سلوکی رۆژانەی تەواوی هەڵسوڕاوەکانیدا رەنگبداتەوە. 

لێرەوە گۆڕان کار دەکات لە
1. سڕینەوەی رق و کینەی سیاسی بۆماوەیی.
2. رەوانەوەو نەهێشتنی شەڕی ناوخۆ و تارماییەکانی.
3. رێزگرتن لە بڕیاری زۆرینە.

بۆ رێکەوتنێکی سەرکەوتو و بەرهەمداریش پێمان وایە، پێویستە:
1. زەمینەسازی لە بنکەی جەماوەری حیزبەوە بۆ بکرێت، چونکە لەم سەردەمە زۆرێک لە لوتکەکان ئاشتی و تەباییان بەندە بە هاوجوتبونی بەرژەوەندیە بازرگانیەکانیانەوە نەک پرەنسیپە حیزبی و بەها نیشتمانیەکان.
2. گێڕانەوەی متمانە لە نێوان کادرە مەیدانیەکان.
3. بۆ گێڕانەوەی متمانە پابەندبونە بە بەڵێنەکان و جێبەجێکردنیان.

گۆڕان و رێکەوتنەکان
1. لە قۆناغی ئۆپۆزسیۆن و لە حکومەتدا دەتواندرێت پەیوەندیەکانی لەگەڵ کۆمەڵ و یەکگرتو بە رێکەوتنێکی سەرکەوتو دابنرێن.
2. گۆڕان و یەکێتی: ئەگەرچی لە نێوان بەشی زۆری بنکە جەماوەرییەکەی هەردولا پەیوەندیەک و لێکنزیکیەکی باش هەیە، تا ئەو رادەیەی لە هەندێ شوێن ناسینەوەیان ئاسان نیە، بەڵام پابەند نەبونی سەرکردایەتی یەکێتی بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێکەوتنەکان، لە دەباشانەوە تا رێکەوتن لەسەر ئیدارەی سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین و هەڵەبجە پەیوەندیەکانی هەردولای لاواز کردوە.
3. گۆڕان و پارتی: پەیوەندی نێوان بنکە جەماوەریەکەی ئەم دو حیزبە بە پێچەوانەی ئەوەی یەکێتی جۆرێک لە دوری لە ماوە و بۆچونەکان بۆ ژیان و حوکمڕانی دەبیندرێت. بۆیە سەرکەوتنی رێککەوتنی نێوان ئەم دو لایەنە پێویستە: - کار بکرێت بۆ گێڕانەوەی متمانە لە نێوان هەردولا لە سەرەوە بۆ خوارەوە.سەرکردایەتی پارتی پێویستە پابەندبێ بە بەڵێنەکانی و جێبەجێیان بکات. باشترە لە بری رێککەوتن ناوی هاوپەیمانی بۆ دامەزراندنی کابینەی نۆ دابنرێت. ئەم هاوپەیمانیە لە تیۆری و سەر کاغەز خاڵی باش و بەرهەمداری تێدایە، بۆ زەمانەتی جێبەجێکردنیشی باشترە چاوەڕوانی بواری کرداری بکرێت.

ئەوەی رۆشنبیران بە خەتەر دەیبینن لە کابینەی نۆ لەچوار ساڵی داهاتودا، بونی هەرسێ سەرۆکایەتیەکەیە لە دەست پارتی: پەرلەمان، حکومەت هەرێم. گۆڕان و دامەزراوەکانی حکومەت کاتێ کە دامەزراوەیەکی حکومەت وەک پێویست کارەکانی جێبەجێ ناکات، گۆڕان دەستکراوەیە لە رەخنە گرتن لە ئەدای ئەو دامەزراوەیە، ئەگەر کاری ئەو دامەزراوەیە هەڵسوڕاوێک بەڕێوەی ببات. بەجێهێشتن لە نیوەی رێگە قسەیەکە هەق نیە لە سیاسەت و لە رێکەوتنی سیاسی و هاوپەیمانیدا بگوترێت، چونکە هەرکاتێ کە لایەنێک بە بەڵێنەکانیەوە پابەند نابێت لایەنی دوەم هەنگاو دەنێ، ژن و مێرد با خاوەنی مناڵیش بن، کاتێ کە رێکنەبون باشترە بڕیاری جیابونەوە بدەن. لە کاتێکدا کەس هیوای بۆ ناخوازێ.

بێمتمانەیی لەم هاوپەیمانیەی نێوان گۆڕان و پارتی ئەگەرچی ناوەڕۆکی باشی هەیە، بەڵام لەسەر بنەمای ئەزمونی رابوردو، زۆرن ئەوانەی لە دڵسۆزی بۆ پرۆسەی دیموکراتی و بەرژەوەندیە نیشتمانیەکان لە لایەکەوە بە حەزەر و گومانەوە دەڕواننە تەمەندرێژی و جێبەجێکردنی ئەم هاوپەیمانیە. لە لایەکی تریشەوە خۆڕاپسکانی یەکێتی نیشتمانی تا رادەیەک ترس و دڵەڕاوکێی لا دروست کردون.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand