كابینەی تازە یان چاوەڕوانی گۆدۆ
2019-02-23 16:51:37
هیوا سەید سەلیم
دوای چوار مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان وە هەنگاوەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوی دیارە تا ئێستا پەرلەمانی كوردستان دوو كۆبوونەوەی ئەنجامداوە، كۆبوونەوەی یەكەم كە بەتەمەنترین پەرلەمانتار سەرۆكایەتی كرد و دانیشتنەكەی بە كراوەی بۆ ماوەی چەند مانگێك خستە سەرپشت، كۆبوونەوەی 18 شوباتیش كە گوایە رێكەوتنی سیاسی بۆ كرابوو سەرۆكێكی كاتی و دوو جێگری هەر بەناو جێگر هەڵبژارد، بۆیە دەلێین بەناو جێگر چونكە دڵنیاین جێگری یەكەم دەسەڵاتی لە سەرۆكی ئێستا و ئایندەش زیاتر دەبێت ئەوە نەریتێكە بە پەرلەمانەوە نووساوە، باسی جێگری دووەمیش هەرناكەین، چونكە هەموو لایەك دەزانێن چۆن هاتوو چۆن بووە پەرلەمانتار؟ وە ئێستاش ئەركی لە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان چیە؟ هەر بڵێن سلاو بۆ دیموكراسیەت و مافی كۆتاكان !!
بە گەڕانەوە بۆ رۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردن تێدەگەین كە دەبوو ئێستا كوردستان حكومەتێكی بەهێز هەبێت، وە لەسایەی ئەو حكومەتە خەڵكی بە ئازادی شادبێت و چین و توێژەكان بە هەلی كاری زۆرەوە خەنی بونایە!
لە دوایین هەلبژاردنی پەرلەمانی كوردستان حزبەكان هەمووان وتیان:
دەنگمان پێبدەن كوردستانتان بۆ دەكەین بە مێرگی دیموكراسی، حكومەتێكتان دادەمەزرێنین كە هەركەسێ قاچی بە خواری دانا قاچی دەبڕین، هەر هێندە لەسەرمان بووەستن تا یاسای چاكسازی مووچەی هەموار دەكەینەوە، بزانن ئەو هەموو وەزیرە نا موستەحەقەتان چۆن بۆ نان بڕاودەكەین، ئەو لەشكرە خانەیشینەتان چۆن لە لیستی خانەنیشینە شایستەككان پاك و تەمیز دەكەینەوە، هەمووتان چاوەڕوان بن و تورەكە بۆ مووچەی پاشەكەوتكراوتان بدرون، هاكا مووچەی چەند مانگمان بەیەكەوە بۆ ناردن.
خەڵكی كوردستان لەگەل ئەوەی هەموو ئەوی لە كاتی بانگەشەدا هەموو ئەو بەڵێنانەی دەبیست، بەڵام هێشتان هەر باوەڕی نەكرد، وە بە رێژەی كەمتر لە 50% چوو بۆ سەر سندوقەكانی دەنگدان، ئێ خۆ گلەی لەخەڵك ناكرێت، ئەوان ئەزموونی خرابی 27 ساڵیان بینی بوو، بۆیە بەڵێن زۆر نەیتوانی ناچاریان بكات بچنە سەر سندوقی دەنگدان.
لە ئێستادا كە سەرۆكایەتی پەرلەمان بە نیوەناچڵی هەلبژێردراوە، دیارنیە كە پەرلەمان كەی دەتوانێت كۆبێتەوە، وە یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم هەمواربكاتەوە، تا سەرۆكی هەرێم ئەمجارەیان لە پەرلەمان هەڵببژێردرێت، هەروەها سەرۆكی هەرێمیش كوتلەی براوە بۆ پێكهێنانی كابینەی تازە ڕابسپێرێت، ئێنجا بەڵێنەكان دەكەونە بواری كرداری، هەوڵ بۆ حزبەكانی بەشدار لە كابینەی نۆیەم، لە پۆستی جۆراو جۆر بگرە تا بودجەی ئەم لاو ئەملا، ئینجا دەست بۆ جێبەجێكردنی بەلێنەكانی تردەبەن كە بەخەڵكی دراوە، ئەیش ئەگەر جێبەجێ بكرێت.
تا ئێرە دەتوانین بڵێین كە پرۆسەی حوكمڕانی بە تایبەت لە هەنگاوەكانی بۆ پێكهەنانی كابینەی تازە لە نیوەی رێگایە ، دەگەین بە حكومەتی بەهێز یان نا؟ ئەگەر بگەن تا سەر بەیەكەوە دەڕۆن یان لە نیوەی رێگای حكومەتی بەهێز لایەنەكان دەست لێك بەردەدەن؟ یان كاروانەكە بەیەكەوە تەواو دەكەن؟
ئەمانە و دەیان پرسیاری تر ماون بكرێن، بۆیە خەڵك بۆ گەڕانەوەی مووچەی زەوتكراو و ئازادی و هەلی كار دەبێت لە چاوەڕوانی گۆدۆ دابێت.