Draw Media

لە پەڕاوێزی واژۆکردنی رێککەوتنی پارتی و گۆڕان

لە پەڕاوێزی واژۆکردنی رێککەوتنی پارتی و گۆڕان

2019-02-23 10:36:11


محەمەد كیانی 

واژۆکردنی رێککەوتنی پارتی و گۆڕان پیرۆزی گۆڕان بێت. بەهیوای کۆتایی هاتنی چاوەشەکاری و گەوجاندنی خەڵك بەناوی کۆڕانکاری و چاکسازی و ئاشکرابوونی رووی راستەقینەی ئەو چەند کەسە هەڵپەرست و بەرژەوەندخوازەی بەها و مەقەدەراتی گەلی کورد بەناوی گۆڕانەوە بەکاردەهێنن بۆ رەواییدان بە لەباربردنی ویستی گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسی وئابووری و کلتوری و کۆمەڵایەتی  جەماوەری هەرێمی کوردستان و شێواندنی راستەڕێگای خەبات و هەڵمژینی رقی جەماوەر و سەرلێشێواندنی لە پێناو بەشداریکردنیان لە گەندەڵکاریەکانی دەسەڵاتدارێتی هەرێم و رەواییدان بە سەرکوتکردنی تاکی ئازادی کوردستان، رەواییدان بە دزی و جەردەییەکانی دەسەڵاتی بێموڕال و گەندەڵی هەرێـم کە تێیدا بەشدار و سودمەند بوونە لە رابردوو و لە داهاتوشدا، رەواییدان بە زەوتکردنی ئازادی بیروڕا و شکاندنی کەرامەتی مرۆڤی کورد. بەڵکو ئەم ئاشکرابوونەیان سەرەتایەك بێت بۆ دابڕانێکی یەکجارەکی لە کلتوری سیاسی فاسید و دواکەوتوو و خائینخولقێنی کوردستان بە بانگەشەی هەڵخەڵەتێنەری بێ ناوەرۆک و پوچەڵ بەناوی نەتەوایەتی و دادوەری و چاکسازی. با سەرەتای دورستبوونی رەوتێکی سیاسی پەیوەست بە گەل و بەها مرۆڤایەتیەکان و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکساونی پێشکەوتوو و شایستە بە مرۆڤی کەرامەتدار بێت.

پرسیار لەداوی واژۆکردنی رێککەوتنەکە. ئەرێ چی بۆ بەناو سەرکردایەتیە کارتۆنیەکەی گۆڕان، خانەی ڕاپەڕاندن، جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی، ماوە؟!!!! دیموکراتیەت و شەفایەت لەوپەڕیدایە لە ناو گۆڕان.

پارتی و یەکێتی وەك دوو هێزی باڵادەست لەوەتەی هەن، گۆڕانی ئێستاش وەك پاشکۆیەکی هەڵپەرست لەو ناوەندە، بۆ من هەومیان زادەی یەک مەدرەسە و هەڵگری هەمان عەقلیەتی مافیای و دزی و جەردەیی و خیانەتن لەو کاتەی گۆڕان بڕیاریدا بچێتە ناو حوکمەتی ''بنکە فراوان'' و وە بەتایبەت پاش هێنانی داعش بۆ موسڵ، تا دەگاتە بن کەرکوک و جەلەولا، لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤وە. عەبە بێ یان بلە حاکم بێ هەر هەمان کردار و هەمان حوکمڕانی دەبێت و گۆڕانکاریەکی گرنگ بەرهەم ناهێنن لە واقیعی پڕ چەرمەسەری هاوڵاتیانی هەرێم. هەموو ئاراستەکان بەرەو چەسپاندنی دەسەڵاتداری چەند بنەماڵێکە بەسەر هەرەمی دەستگای سیاسی (حیزب)ی ئەم هەرێمەدا و بەکارهێنانی هەرێم و خەڵکەکەشی بۆ بەرژەوەندی تایبەتیان وسەپاندنی حوکمی کلیپتۆکڕاسی گەندەڵ و لە گۆڕانانی ویستی گەشەی دیموکڕاتیەت و سیستەمی حوکمڕانی تەندورستە. ناکۆکیەکانی نێوان لایەنەکان لەسەر پارە و پلەیە و پشکی قەڵەوە، هێچی تر نییە.

 ئەوەی راستی بێ گۆڕان سێ جارە دەبێتە فریادڕەسی پارتی و بەرژەوەدنیەکانی بنەماڵەی بارزانی دەچەسپێنێ، بە هیوان ئەمجارە پشکێکی نەگۆڕ بۆ دەستڕۆیشتوەکان بەدەست بێنن. یەکەم جار ئەو رێککەوتنەبوو لە ٢٠١٣، کە گۆڕان بڕیاریدا واز لە ئۆپۆزیسیۆن بوون بێنێت وبچێتە بەرەی دەسەڵاتەوە لە دژی بەرژەوەندی جەماوەر. دووەم جار کە گۆڕان یاسای سەرۆکایەتیان بە بەرژەوەندی پارتی هەموار کردەوە و سێیەم جاریش ئەم رێککەوتنەی ئەمڕۆیە. ئەمەش شکستێکی گەورەی بەدواوەیە بۆ ئەوانەی هیوایان لەسەر گۆڕان هەڵچنیوە و تا ئێستا ئامادەن بگەوجێندرێن بە گۆڕانە چەلەحانیکەرەکانی سەر شاشەی تیڤیەکان و وەیان ئەوانەی دەروێش ئاسا دوای قەوارەی سیاسی دەکەون و مێگەل ئاسا لێدەخوڕدرێن بێ ئەوەی بیربکەنەوە.

 بینیمان بە وجودی کاك نەوشیروان رێککەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٣ی گۆڕان لەگەڵ پارتی چی بەسەرهات، دیارە ئەوەی ئێستایان بە وجودی ئەم بابردەڵە هەڵپەرست و گەندەڵانە لە پاشکۆیەتی و پشداری لە گەندەڵی زیاتر هیچی تری تیا نابێت. لە کۆبوونەوەکەی شەقڵاوەوە بەردی بناخەی ئەم رێککەوتنە داڕێژاوە، رەنگە زەلامێکی هەڵەوەڕی بێ ئەقڵی چەواشەکاری هەزەلییان نکۆڵی لەم کۆبوونەوە کردبێ، ئەمڕۆ ئەنجامەکەی دیار کەوت. زەلامێکی تریان، بێ ئەوەی شەرم لە رابردوو و قسە و پۆستی پێشوتری خۆی بکات، بە هاوەڵی ئەم زەلامە چووبوونە بەر قاپی دەربار تا بیکەنە جێگری دووەمی پەڕلەمانی عێراق، نزا و پاڕانەوەکانیان قبول نەبوون. رەنگە نکۆڵی لەمەش بکەن. ئەگەر وەك رۆژی رووناک لە هەواڵێك دلنیا نەبم باسی ناکەم. بە درۆ و دەلەسەی ئەوانەش پینە ناکرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand