Draw Media

گۆران چی دەبەخشێ و چی وەردەگرێت ..؟

گۆران چی دەبەخشێ و چی وەردەگرێت ..؟

2019-02-22 21:25:19


گۆران عەلی كەریم 

گۆڕان لەمێژە دەگەڕێت بەشوێن فرسەتێكدا خۆی لە رابردوە سیاسییەكەی جیابكاتەوە و دابرانێكی قوڵ دروست بكات، ئەم هەوڵەی گۆڕان كاتێك بووە قەناعەتی زۆرینە، كە بەو ئەنجامە گەیشتن، لەرابردودا نەیانتوانیوە دەستكەوتی سیاسی بەدەستبهێنن و جەماوەرەكەشیان تارادەیەك سارد بونەتەوە لەپشتیونیان، هەڵبژاردنی 12/5 و 30/9 بەڵگەی ئەو راستیەن كە بەشێكی زۆری جەماوەرەكەیان بەشداری هەڵبژاردنیان نەكرد.
ئەوەی لەم رێككەوتنە تازەیی  گۆڕان و پارتیدا دەبینرێت و تارادەیەك جێگەی سەرنجە ئەوەیە، ئەم هێزە هەمان سیناریۆی كابینەی پێشووی لەگەڵ پارتی دوبارە كردەوە و پەرلەمانی بەبێ‌ یەكێتی لەگەڵ  پێكهێنا و بەخۆشبینیەكی زۆریشەوە حكومەتی لەگەڵ دروستكرد، بەڵام دواتر بەشێوەیەكی نایاسایی و مەزاجی  پەرلەمانی پێچۆڵكرا و وەزیرەكانیشی  نێردرانە ماڵەوە.
سەرەتای دروستبوونی گۆڕان، هەندێك لایان وابوو ئەم هێزە لە سەر لۆژیكی تۆڵە دروست بووە، بەڵام هەم هەنگاوەی ئاخری ئەوە بەبیر دەهێنێتەوە، گۆڕان گەر لەسەر ئەم سیاسەتەی بەردەوام بێت، ئەوا لە دواساتدا ئەو هێزە هیچی بەدەستەوە نامێت بۆ رەتكردنەوەی ئەو بۆچوونانەی و بەتەواوەتی دەكەوێتە بەرامبەر یەكێتی و ئەوەش وادەكات كە بەتەواوەتی بچێتە سەنگەری پارتیەوە.
رێككەوتنی گۆڕان و پارتی هەروەها لەگەڵ یەكێتیش، ئەگەر ئامانج لێی بەشداریكردنی شەرو ململانێیەتی مێژینەی نێوان ئەو دوو هێزە بێت، ئەوا دۆراوی یەكەمی ئەم گەمەیە گۆڕانەوە، چونكە پارتی و یەكێتی وەك ئەمری واقیع یەكتری قبوڵ دەكەن و دواتر پێكدینەوە، بەڵام بۆ گۆران ئەو واقیعە سیاسییە جیاوازە، بۆیە دەبوو گۆڕان بەئاسانی ئەو كارتەی دەستی تەسلیم بەلایەنێك نەكردایەو بەردەوام خاڵی ناوكۆیی لەنێوان هەردوو هێزدا بپاراستایە و ئەو كارتەی بەكار بهێنایە كە ئەو یەكلاكەرەوەی كێشەكانە نەك بەشێكە لە كێشەكان.
خۆ ئەگەر كاری سەرەتای خاوەن بریار بەدەستانی گۆڕان چاك كردنی هەڵەكانی ڕابردویی بۆ پارتی ئەوە بێت كە پەرلەمان پێشكەشی پارتی بكات و هەنگاوی دوەمیشی بەخشینی پۆستی سەرۆكی هەرێم بێت بۆ پارتی و دواتریش نیشاندانی نەمری چاونوقاندن لە كەموكورتیەكان، ئەوا دواتر ئەو پرسیارە جدییە لەسەر خۆی دروست دەكات، كە چیتر حەرام بوون، لای كادرو ئەندامەكانی نەهێڵێتەوە بۆ هەر نزیك بوونەوەیەك بە پارتی و تەنانەت یەكێتیش، دیارە ئەمەش سەرەتای ئەو خلبونەوەیە كە گۆڕان لەبزووتنەوەیەكی یاخییەوە بكات بە لایەنێكی دەستەمۆی و چاو لەدەستی پارتی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand