Draw Media

بۆچی له‌ رێكه‌وتنی گۆران و پارتی نارازیم (وه‌ڵام بۆ چه‌ند هاورێیه‌ك)

بۆچی له‌ رێكه‌وتنی گۆران و پارتی نارازیم (وه‌ڵام بۆ چه‌ند هاورێیه‌ك)

2019-02-22 21:14:26


رێبین هەردی 
هاورێیه‌ك له‌ فه‌یسبوك پرسیاری سه‌ره‌باره‌ت به‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ی گۆران و پارتی لێ كردووم و ئه‌ڵێ بۆ پێت خراپه‌.. یه‌كێك تر نوسیوێتی تۆ هه‌ر حه‌ز ده‌كه‌یت ئاژه‌وه و شه‌ر له‌نێوان گۆران وپارتیدا هه‌بێت..كاك عه‌لی حه‌مه‌ ساڵحیش له‌وه‌ڵامی قسه‌كانی مندا نوسیوێتی كه‌ ئه‌وان سوچیان له‌وه‌دا نیه‌ كه‌ دوو جێگر بۆ پارتی بووه‌ و ئه‌وه‌ رێكه‌وتنی یه‌كێتی و پارتی بووه‌..وام به‌ باش زانی وه‌لامی هه‌موو ئه‌م قسانه‌ به‌یه‌ك جار بده‌مه‌وه‌

١- خاڵی یه‌كجار گرنگ مه‌سه‌له‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه‌..شا دروشمی گۆران و راستان بوێت كورتكردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌كه‌ی له‌ یه‌ك رسته‌دایه‌: گوڕ‌ینی سیسته‌می سیاسی هه‌رێمه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی یان نیمچه‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانی. هیچ گومانی تیا نیه‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ ئێستا ته‌واو پشتی كردۆته‌وه‌ ئه‌م بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌ به‌ بێده‌نگبوون و رازیبوونی به‌وه‌ی پارتی دوو جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی هه‌بێت و به‌مه‌ش له‌ ده‌سته‌ی سه‌ر‌ۆكایه‌تیدا زۆرینه‌ بێت. كاك عه‌لی حه‌مه‌ ساڵحی ئازیز ئه‌ڵێت ئه‌مه‌ یه‌كێتی كردوێتی و ده‌ستی ئێمه‌ی تیا نه‌بووه‌ و ئێمه‌ش داوام كردووه‌ جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانمان هه‌بێت به‌س رێكه‌وتنی یه‌كێتی و پارتی ڕێگه‌ی نه‌داوه‌. ده‌ی برام گه‌ر ئه‌مه‌ بیانوی قه‌بولكردنی ئه‌م خاڵه‌ بێت، ده‌بوو گۆران به‌ هه‌موو یاساكانی دیش رازی بێت و قسه‌ نه‌كات چونكه‌ چی بكه‌ین یه‌كێتی و پارتی كردویانه‌..یاسای سه‌رۆكایه‌تی، یاسای ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، یاسای خۆپیشنادان و هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی گۆران له‌سه‌ر هه‌ر یه‌كێكیان تا سه‌ر په‌ته‌كه‌ رۆیشت و بۆ رێگه‌ لێگرتنی چی توانی كردی، هه‌روابوو یه‌كێتی و پارتی كردبوویان..به‌س ئه‌و كات گۆران، گۆران بوو..بیرورا و هێڵی سوری هه‌بوو كه‌ ئاماده‌ نه‌بوو بۆ هیچ شتێك سازشی له‌سه‌ر بكات..گه‌ر گۆران گۆڕانی جاران بوایه‌ ده‌بوو له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش هه‌ر وای كردبا..هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م خاله‌ كه‌ به‌ پێی به‌رنامه‌ و دروشی سه‌ره‌كی گۆڕان گرنگترین شته‌، هه‌ڵوێستی گه‌و‌ره‌ه‌ی بنواندایه‌ و هه‌ر ئه‌م خاله‌ش به‌س بوو پاڵی پێوه‌ نێت به‌شداری له‌و رێكه‌وتنه‌ی یه‌كێتی و پارتیدا نه‌كات و بچێته‌وه‌ ریزه‌كانی ئۆپزسێۆن..ده‌بوو ئه‌و بیكاته‌ هه‌را و بیگووتایه‌ ئه‌مه‌ ته‌سلیمكردنی په‌ر‌له‌مانه‌ به‌ پارتی..واته‌ تاكه‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌ك كه‌ پارتی به‌ ده‌ستیه‌وه‌ نیه‌، ئه‌ویشی داگیر كرد. نه‌ك‌ به‌ پاساوی ئه‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی كردوویانه‌ پاساو بۆ وازهێنانی له‌ گرنگترین دروشمی خۆی بێنێته‌وه‌. برام گه‌ر بڕیار بێت هه‌رچیه‌ك پارتی و یه‌كێتی كردیان و ئێوه‌ ناچار بن قه‌بوڵی بكه‌ن، ده‌ی به‌خودای هه‌ق نیه‌ وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی سیاسی بمێنه‌وه‌ و واباشتره‌ واز بهێنن.

١_رێكه‌وتنی گۆران و پارتیم پێ خراپه‌ چونكه‌ ئه‌و رێكه‌وتنه‌ جگه‌ له رێكه‌وتنێكی‌ نیئینشئائی و وه‌عدی داهاتووی كه‌ هیچ پابه‌ندبونێكی تیا نیه‌ ، شتێكی تری تیا نیه‌. له‌یادمه‌ له‌ سه‌روبه‌ندی كێشه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی له‌ خولی پێشوودا، وه‌فدێكی پله‌ به‌رزی پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تی كاك نێچیر سه‌ردانی گرده‌كه‌یان كرد و داوایان له‌ كاك نه‌شیروانی به‌هه‌شتیی كرد چاره‌ی ئه‌م كێشه‌یه‌ بكات..ئه‌وه‌ی كاك نه‌شیروان له‌و دانیشتنه‌ بۆی گێرامه‌وه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ به‌ڕێزی گوتوێتی باشه‌ وا ئێمه‌ نه‌رمیمان نواند ئێوه‌ له‌به‌رامبه‌ردا چیمان پێ ئه‌ده‌ن..ئایا یاسای سه‌رۆكایه‌تی ده‌گۆڕن، سیسته‌مه‌كه‌ ده‌كه‌ن به‌ په‌رله‌مانی. ده‌ستوور چی لێ ده‌كه‌ن..وه‌فده‌كه‌ی پارتی گوتوبوویان بۆ هه‌مووی ئاماده‌ین، به‌س جارێ با ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین، دوای هه‌موو شتێك به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌كه‌ین..وه‌لامه‌كه‌ی به‌هه‌شتی روون بوو.،،ئه‌م به‌ڵێنه‌ داهاتوویه‌ كه‌ هیچ گرنتێكی نیه‌، به‌كه‌ڵك نایه‌ت..له‌ سه‌ر هه‌لوێسته‌كه‌ی سوور بوو،،له‌سه‌ر ئه‌و هه‌لوێسته‌ش تووشی سه‌رئێشه‌ی زۆر بوو..ئه‌م رێكه‌وتنه‌ یه‌ك شتی تیا نیه‌ پابه‌ندبوون درووست بكات و هه‌ر هه‌مووی پڕه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك به‌ڵێنی داهاتوویی كه‌ پارتی و یه‌كێتی ده‌ینجار تیایدا تاقی كراونته‌وه‌ كه‌ زۆر به‌ ئاسانی لێی لاده‌ده‌ن و پابه‌ند نابن پێّوه‌ی..ته‌نانه‌ت ئه‌و خاڵه‌ی كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێرێت كاتیه‌..به‌ڕوونی هاتووه‌ كه‌ سه‌رۆك ئه‌مجاره‌ له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێرێت تا ئه‌و كاته‌ی ده‌ستوور داده‌نرێت..واته‌ مه‌رج نیه‌ ئه‌م بڕیاره‌ بۆ هه‌میشه‌یی بێت و زۆر ئاسان پارتی به‌ناوی تێپه‌ڕاندنی ده‌ستووره‌وه‌،له‌م خاڵه‌ پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه‌. گه‌ر له‌و رێكه‌وتنه‌دا به‌ روونی بهاتایه‌ گۆرینی یاسای سه‌رۆكایه‌تی و كه‌مكردنه‌وه‌ ده‌سه‌لاته‌كانی و هه‌ڵبژاردنی له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌..ئه‌مه‌ شتێكی باش بوو..به‌س ماده‌كه‌ وانیه‌ به‌ جۆرێك نووسراوه‌ پارتی پاش ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ ئاسانی لێی په‌شیمان ده‌بێته‌وه

٢- كاك عه‌لی گوتوێتی ئه‌مه‌ رێك كه‌وتین هه‌موو شتێك به‌ ته‌وافق بێت،،،راستان بوێت ئه‌م بریاره‌ هه‌مشه‌ هه‌بووه‌..ده‌ی پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ گه‌ر به‌ ته‌وافق رێگه‌یه‌ك بۆ ته‌وافق نه‌مایه‌وه‌ و وه‌ك جاره‌كه‌ی دی به‌یه‌ك نه‌گه‌یشتن چی؟ خۆ جاره‌كه‌ی دیش چ گۆران و چ هێزه‌كانی دیش هه‌وڵی زۆریان دا شته‌كه‌ به‌ ته‌وافق بروات،،به‌س كه‌ له‌ خاڵێكدا كه‌ نه‌گه‌یشتیته‌ ته‌وافق چی ده‌كه‌یت؟ بێگومان ئه‌وكات هه‌ر په‌نا بۆ زورینه‌ ده‌به‌یته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش كارێكی راسته‌
٣- هه‌ندێك هاوڕێ زۆر به‌ هه‌له‌ له‌مه‌سه‌له‌ی رق و كینه‌ و دوژمنایه‌تی تێگه‌یشتوون..ئێمه‌ و مانان تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌وه‌ی به‌ رو ق كینه‌ سیاسه‌ت ده‌كه‌ین و حه‌زمان له‌ نه‌بوونی رێكه‌وتنه‌..راستیه‌كه‌ی رێك پێچه‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌ی دژی دوژمنایه‌تی ئه‌م هێزانه‌ بێت و بروایه‌كی ته‌واوی به‌وه‌ هه‌بێت هه‌میشه‌ ده‌بێت دیالۆگ پێش هه‌موو شتێكی دی بێت، ئێمه‌ین..گه‌ر ره‌خنه‌شمان له‌و رێكه‌تونانه‌ هه‌بێت كه‌ ده‌كرێت له‌به‌ ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ دژی رێكه‌وتنین، به‌لكو رێك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌به‌رئه‌‌وه‌ی زۆر بڕوامان به‌ ڕێكه‌وتن و دیالۆگ هه‌یه‌، پێمان وایه‌ ئه‌و رێكه‌وتنانه‌ درۆزنانه‌یه‌ و راست نین. هه‌ندێك هاورێی دی هه‌ڵه‌كه‌یان گه‌وره‌ ده‌كه‌ن و واده‌زانن كاتێك داوای ئه‌ووه‌ ده‌كه‌ین گۆران بچێته‌ ئۆپزسێۆن، واته‌ داومان كردووه‌ ببێ به‌ دوژمنی پارتی...هه‌ڵه‌ی ئه‌م براده‌رانه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر له‌ كاری ئۆپزسێۆن تێنه‌گه‌یشتوون..ئۆپزسێۆن دوژمنی سیاسی نیه‌، به‌لكو نه‌یاری سیاسیه‌ كه‌ له‌رێگه‌ی سیستمه‌كه‌ خۆیه‌وه‌ نارازای خۆی ده‌رده‌بڕێ..نه‌ وه‌ك دوژمن ته‌ماشای هێزه‌كان ده‌كات و نه‌ دیالۆگ و قسه‌كردن و رێكه‌وتنیش له‌گه‌ڵیاندا ده‌وه‌ستێنێت..ئۆپزسێۆن بوون به‌شێكه‌ له‌ سیسته‌مه‌ سیاسیه‌كه‌ و له‌هه‌مان چوارچێوه‌ی سیاسیدا كارد ه‌كات..هێزێك كه‌ ده‌بێت به‌ ئۆپزسێۆن به‌مانای ئه‌وه‌ نیه‌ چه‌ك دژی هێزه‌كانی دی هه‌ڵده‌گرێت (هه‌ندێك‌ كه‌س زۆر به‌ هه‌ڵه‌ واتێگه‌یشتوون) به‌ڵكو ته‌نیا به‌و مانایه‌یه‌ كه‌ بروای وایه‌ ئه‌م یان ئه‌و حكومه‌ته‌ له‌ ئاست چاوه‌ڕوانی و مژده‌كانی ئه‌ودا نیه‌ و له‌به‌رئه‌وه‌ بریار ده‌دات چاودێر وره‌خنه‌گر بێت به‌سه‌ریه‌وه‌ و ئوبالی حوكمرانیه‌كه‌ نه‌خاته‌ ئه‌ستۆی خۆی
٤_ راستان بوێت پێده‌چێت له‌بری ئێمه‌ گۆران به‌ رق و په‌رچه‌ كرداری بیر لێنه‌كراوه‌ كار بكات..هه‌ڵوێستی خراپی یه‌كێتی چ له‌ ته‌زویر و چ له‌ په‌لاماردانه‌كه‌ی دوای هه‌لبژاردندا وای لێ كردوون پتر سه‌یری ئه‌ولا بكه‌ن. مرۆڤ ئه‌وه‌شی لا سه‌یره‌ وه‌ك ئه‌ولا ته‌زویری لێّ نه‌كردبن، له‌سه‌ر خستنه‌ به‌رباسی یاسایه‌ك په‌رله‌مانی لێ دانه‌خستبن و هه‌موویان ئاودیوی دێگه‌له‌ نه‌كردبێت. وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌ولا قه‌ت په‌لاماری هیچ باره‌گایه‌كی گۆرانیان نه‌دابێت...ده‌ی كاكی من پارتی زیاتر له‌یه‌كێتی زۆر شتی ناشرینی دژ به‌ گۆران كردووه‌..هه‌له‌ی سیاسی ئه‌وه‌یه‌ به‌ په‌رچه‌كرداری ئه‌م روادانه‌ بریاری سیاسی بده‌یت. نه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م مادام پارتی پێشتر هێرشی كردۆته‌ سه‌ر گۆران و وه‌زیره‌كان و سه‌رۆكی په‌ره‌له‌مانی ده‌ركردووه‌ له‌گه‌ڵی دانه‌نیشی و قسه‌ بكه‌یت، نه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شم له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌كێتی ته‌قه‌ی له‌ باره‌گای گۆران كردووه‌ ده‌رگای دیالۆگ دابخه‌یت..گۆران ئه‌بێت ئه‌و شتانه‌ بكات كه‌ خۆی ده‌یه‌وێت نه‌ له‌به‌ر خاتری پارتی و نه‌ له‌به‌ر خاتری یه‌كێتی، نه‌ دژی پارتی و نه‌ دژی یه‌كێتی.،.ته‌نیا ئه‌و شته‌ بكه‌ كه‌ به‌رنامه‌ی سیاسی خۆته‌. 
من وای ده‌بینم گۆران هچ پاساوێكی مه‌نتقی و قه‌بوڵكراوی بۆ ئه‌م رێكه‌وتنه‌ نیه‌، ئه‌وه‌ نه‌بێت به‌راست ئه‌مجاره‌ براده‌رانی پارتی زۆر سه‌خی بوون و به‌ ١٢ كورسیه‌وه‌ پۆستی وای داونه‌تێ كه‌ به‌ ٢٤ كورسیه‌كه‌وه‌ وه‌ریان نه‌گرت. به‌داخیشم هێزێك ئه‌و هه‌موو حه‌ماسه‌ت و خه‌ڵكه‌ی لێ كۆبۆوه‌ ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م ئیغرائاتانه‌ لاوازی ناكات، وا ئێستا بێده‌نگ و رازی و ته‌بایه‌ له‌گه‌ل هێزگه‌لێكدا كه‌ یه‌ك ئاماژه‌ش نیه‌ پێمان بڵێت گۆرانیان به‌سه‌ردا هاتووه‌..من ماوه‌یكی زۆر هاوڕێ و هاوكاری نزیكی گۆران بووم و هه‌موو سه‌ركرده‌ و هه‌لسوراوه‌كانیانم هاوڕێمن وبه‌خودای خۆشم ده‌وێن، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م له‌ ده‌ست دێت هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ بخوازم و هیوداریشم من له‌م بۆچونانه‌دا من هه‌ڵه‌ بم و ئه‌وان راست بكه‌ن. ئه‌وه‌ی من ده‌یبینم و هه‌ستی پێده‌كه‌م ئه‌م گۆرانه‌ ئه‌و گۆرانه‌ نیه‌ كه‌ ده‌مانناسی و به‌ حه‌ماسه‌ته‌وه‌ هه‌موو پشتگیریمان كردن

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand