رێکەوتنی گۆڕان و پارتی، نیگەرانی یەکێتی و هەڵسەنگاندنێکی واقیعیانە
2019-02-19 11:33:32
دڵشاد ئەنوەر
رێکەوتنەکەی گۆڕان و پارتی کێشمەکێشی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا. زۆری لەسەر وتراو زۆریشی لەسەر نوسرا، بەڵام وتن و نوسینەکان زۆربەیان لەچوارچێوەی پەرچەکردار و خۆ خاڵی کردنەوەدا بوون.
عادەتەن، وتن و نوسینی بەرئەنجامی پەرچەکدار، واقیعی بوون لەدەست دەدات، روانین لە ڕووداو و هاوکێشەکان وەکو ئەوەی کەهەن ، نەک وەکو ئەوەی حەزمان لێ یەتی، دەمانگەیەنێتە ئەنجام و تێروانینی واقیعی.
.
پەرچە کردار
.
رووداوەکانی دوێنێ و پێشوتریش هەموویان دەرئەنجامی پەرچە کردار بوون. پارتی لە پەرچە کرداری یەکێتی دا ، لەگەڵ گۆڕان رێککەوت ، گۆڕانیش لە دەرئەنجامی نیگەران بوونی لە یەکێتی ، لە پارتی نزیک بوویەوە.
پارتی بەهۆی رووداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەر و دانانی بەرهەم ساڵەح بەسەرۆک کۆمار لە یەکێتی توڕە بوو، بۆیە بەدوای تۆڵەدا دەگەڕا بۆی .
تا دواجار بە نزیک بونەوە لە گۆڕان و واژۆ کردنی رێککەوتنێک لەگەڵی، پەرچە کرداری بەرانبەر یەکێتی نواند.....
گۆڕانیش لە یەکێتی نیگەران بوو، بەهۆی جێبەجێ نەکردنی رێککەوتنامەی دەباشان ، چوونە سەر گردەکە و تەقەکردن لە بارەگا سەرەکیەکەی ، جێبەجێ نەکردنی هیچکام لەو لێک تێگەیشتن و رێککەوتنانەی پێشتر لەنێوانیان دا هەبووە، بۆیە لەگەڵ پارتی رێککەوتن.
یەکێتیش لەم نێوەندەدا نەیتوانی یاریـەکی جوان بکات، تا لە پەرچە کرداری ئەو دوو هێزە خۆی دەرباز بکات ، بەڵکو غرور گرتی.
غروری یەکێتی دەرئەنجامی شکست هێنان بوو بە پارتی لە مەسەلەی سەرخستنی دکتۆر بەرهەم دا لەبەغدا ، ئەم غرورە وایکرد رووداوەکان بە لێڵی ببینێ، نەتوانی دانوستان و یاریەکی عەقڵانی لەگەڵ دوو هێزەکەی تر بکات . دەرئەنجامەکەشی ئەوەیە کە لە رۆژی ١٨ شوبات دا بینیمان، کاریگەریەکەشی بەوەوە ناوەستێ ، شتی تری بەدوادا دێت، کە دواتر لە خوارەوە دێمە سەری.
.
یەکێتی لە ئێستاو رابردوودا
.
یەکێتی لە رابردوودا زۆر شتی لە دەست دابوو، هەر لە بەشێکی زۆر لە جەماوەرەکەیەوە تا دەگاتە سلێمانی پێگە سەرەکیەکەی و تەنانەت بەشێک لە هێزەکانیشی.
ئەوەی یەکێتی هێشتەوە، یاریکردن و دانوستانە عاقڵانەکانی بوو لەگەڵ پارتی دا، یەکێتی هەر بە دانوستان، لە ٢٠٠٩ و لە لوتکەی لاوازی دا ، بەقەد پارتی کورسی برد.
لە حکومەت و جومگە سەرەکیەکان دا شەریک بوو، زۆرجاریش بەهۆی ناعەقڵانی کارکردنی گۆڕانەوە، هێزی پارتیش بۆ بەرژەوەندی خۆی و لەدژی رکابەرەکەی کە گۆڕان بوو بەکار دەهێنا.
واتە یاریکردن لەنێوان پارتی و گۆڕان دا، لەرابردوودا سودی گەورەی بە یەکێتی گەیاند، بەڵام ئێستا لە زۆر ڕووەوە یەکێتی لە جاران بەهێز ترە ، بەڵام نەیتوانی یاریکەرێکی سەرەکی بێت، بۆیە روداوەکەی ١٨ ی شوبات توشی شۆکی کرد.
یەکێتی لە گێمی یەکەمی یاریەکەدا لە بەغدا لە پارتی بردەوە، گەر توشی غرور نەبایە و عاقڵانە لەگەڵ پارتی دا بڕوایەتە پێشەوە ، شتی زۆر تری بە دەست دەهێنا و ئەو کەلێنەش دروست نەدەبوو، تا گۆڕان لێی برواتە ژوورەوە و سودمەند بێت لێی .
هەڵبژاردنی ستافی پەرلەمان بێ یەکێتی ، شکستێکی ئاسایی نیە بۆ ئەو حیزبە، بۆ لەمەودواش کاریگەری دەبێت تەنانەت لەسەر مامەڵەی هێزە عێراقیەکانیش لەگەڵی.
پێشتر پارتی رێگر بووە لە پێدانی وەزارەتی داد بەیەکێتی، لە پێدانی پارێزگاری کەرکوک پێی، لەمەودوا هێزە عێراقیەکان بە حەزەری زیاترەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن، چونکە رووداوەکەی ١٨ ی شوبات نیشانەی پرسیاری لەسەر پێگەی یەکێتی لەناوخۆی هەرێم دروستکرد، بێگومان مامەڵەی دەرەکیش لەگەڵ حزبی کوردی دا، لەسەر بنەمای بەهێزی و لاوازی پێگەیەتی لەسەر ئاستی هەرێم.
.
گۆڕان و قۆستنەوەی دەرفەت
.
گۆڕان لە رابردوودا خاوەن نفوزێکی گەورەبوو لە سلێمانی ، پارتی ملی بۆ دەدا و دەیتوانی ببێتە بەدیلی یەکێتی ، بەڵام نەزانێ و غرور و کەوتنە ژیر کاریگەری فەیسبوک، ئەو هێزەی بەمرۆ گەیاند.
حیزبایەتی بریتی نیە لە شەڕە جنێو و هێنانە پێشەوەی خەڵکی زۆر بڵێ، بەڵکو حیزبایەتی یاریکردنە، قۆستنەوەی دەرفەت و چونە پێشەوە و کشانەوەیە.
گۆڕان لە پاڵ ئەو هێزە جەماوەریەیدا کەلەرابردوودا هەیبوو، بیزانیبا مامەڵە لەگەڵ حزبەکانی تر بکات و یاریەکی جوان بکات، ئێستا شانۆکە بەجۆرێ تر دەبوو.
نەزانینی گۆڕان، دەرفەتی دایە یەکێتی تا لەگەڵ پارتی یاریەکی جوان بکات و تەنانەت هێزی پارتیش بۆ لاواز کردنی گۆڕان بەکار بهێنێ، دەرئەنجام گەیاندنی گۆرانبوو بەمرۆژە.
.
گۆڕان لە رێککەوتنە تازەکەی لەگەڵ پارتی ، توانی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی بۆ بەرژەوەندی خۆی بقۆزێتەوە ، کۆمەڵێک پۆستی زۆر بەدەست بێنێ ، وەرەقەیەکی باشی لەگەڵ ئیمزا بکات، واتە ئەوەی ئەمجارە گۆڕان کردی ، یاریەکی زیرەکانە و سیاسەت کردن بوو بە مانا دروستەکەی...
.
پارتی لەنێوان گۆڕان و یەکێتی دا
.
پارتی دۆستی هیچکام لە یەکێتی و گۆڕان نیە ، سەرکەوتنی هیچکامیانی پێخۆش نیە، بۆشی بکرێ ، دنەی ناکۆکیەکانی نێوانیان دەدات.
یەکێتی و گۆڕان لە ئێستا و رابردوودا، چەندێک پشتیوانی پارتی یان لە دژی یەکتری بەدەست هێنابێت، پارتیش زۆر زیاتر ناکۆکی و درزی نێوان ئەم دوو هێزەی بۆ بەهێزتر کردنی پێگەی خۆی و چنینەوەی پۆست و ئیمتیازاتەکان بەکار هێناوە.
نەوشیروان مستەفا ، کاتێک لە ئەوروپا گەرایەوە و خۆی گەیاندە دەباشان بۆ رێکەوتن لەگەڵ یەکێتی، باش لەوە تێگەیشتبوو پارتی چەندە سودمەندە لە ناکۆکی نێوانیان.
.
ئەوەشی رێگر بوو لە سەرگرتنی رێکەوتنەکەی دەباشان ی یەکێتی و گۆران، خۆ راگرتنی پارتی بوو، دەیزانی فاکتەر زۆرە بۆ شکستهێنانی رێککەوتنەکە و یەکدەنگ بوونی ئەم دوو هێزە لەبەرانبەری دا، هەروەک فرە کوێخایی نێو یەکێتی کە هەندێکیان دژی رێککەوتنەکە بوون، رێککەوتنەکەی شکست پێهێنا.
واتە پارتی لە رابڕدوودا، لەگەڵ هیچکام لەگۆران و یەکێتی تا سەر نەبووە ، بەڵام هەندێک هۆکار هەن کە رەنگە ئەمجارە جیاواز تر بێت.
پارتی ئەمجارە مەسرور بارزانی کاندیدیەتی بۆ سەرۆکی حکومەت ، دەیەوێت هەر چۆنێک بێت سەریخات ، موعارزی کەم بێت، کاری زیاتر لە کابینەی پێشوی بۆ بکات ، ئەمە ئەو تەنها ئومێدو تروسکایەیە کە رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی پارتی بەشێک لە وەرەقە چاکسازیەکەی تەک گۆران جێبەجێ بکات..
بە مانایە تر ، پارتی لە نێوان دوو بەرداشدایە، گەر کاری باشتر لەرابردوو نەکات، بۆ ئایندەی مەسرور بارزانی خراپە و گۆرانیش دەخاتە بەردەم لێشاوی تورەیی زیاتری جەماوەر کە لەگەڵی رێککەوتوە، گەر ئیشی باشتر و جیاوازتریش بکات ، ئەوا گۆران دەیکاتە دەستکەوتی خۆی و بالفعلیش لێی سود مەند دەبێت.
لێرەشدا بۆ گۆرانیش پرسیارێ تر دێتە پێشەوە، ئایا ئەو کارەکتەرانەی دەیاننێرێ بۆ ناو حکومەت وەکو ئەوانەی پێشوو لاوازن و کرینیان ئاسانە، یاخود کارەکتەری دامەزرا و خۆگر دەنێرێ و کار بۆ بەرنامەکەی دەکات لەنێو حکومەت دا؟