راستییەك سەبارەت بە ١٧ شوبات
2019-02-17 13:59:28
نەژاد جەلال
دوای سەردانی هیلاری كلینتنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وتنی هەندێك رستەی سامناك بۆ وڵاتانی ناوچەكە، سەبارەت بە ئازادی و مافی مرۆڤ. دوای خۆسوتاندنی بو عەزیز لە تونس. بەهاری عەرەبی وردە وردە وڵاتانی دیكتاتۆری عەرەبی ئەگرتەوە، هەرێمی كوردستانیش كەم تازۆر جوڵەی نائاسایی پەیداببو، نەوشیروان مستەفاش وەك مرۆڤێكی دوربین و خاوەن پلان، زۆر بەدیقەتەوە لە روداوەكانی ئەڕوانی... جار جار لەگەڵ ئێمەومانایش باس و خواسی لەوبارەیەوە ئەكرد.
بەیانی ٢٩-١-٢٠١١ كاك نەوشیروان لەگەڵ زۆرێك لە هەڵسوڕاوە دیارەكانی گۆڕان كۆبونەوەیەكی كرد، دەقی ٧ خاڵی بەبێ پێشەكی بۆخوێندنەوە، برادەران ببون بە دو بەشی تەواو پێچەوانەی یەك، گەنجەكان زیاتر ئەیانویست توندتر و ئیعلانی بەهاری كوردی بێ، بەتەمەن و كۆنەخەباتكارەكانیش تێبینییان هەبو لەسەر ناوەڕۆكی خاڵەكان و كاتەكەی.
هەمان رۆژ دەمەو ئێوارە كە ئەوكات سەرنوسەری سایتی سبەی بوم، لە ئۆفیسی سبەی سەرقاڵی چالاكییەكانی بەهاری عەرەبی بوین. دۆسیەیەكی تایبەتمان كردبۆوە بۆی، زەنگی تێل لێیدا كاك نەوشیروان بو، وتم: بەڵێ كاكە، وتی: تا ماڵی ئێمە دێیت ئیشم پێتە، یەكسەر بەڕێكەوتم بە نزیكەی ٥ دەقیقە گەیشتمە عەلی ناجی.
لە ژورە بچوكەكەی بەرامبەر قادرمەكان، كاك نەوشیروان و كاك مستەفای سەیدقادر و د.شاهۆ سەعیدی لێبو، سڵاوم كرد یەكسەر سێ ئەیفۆڕی دامێ وتی: ئەمە بخوێنەرەوە. زۆر بەوردی دوجار خوێندمەوە. كە ٧ خاڵەكەی بەیانی بو بە پێشەكیەكی ئامادەسازی بەهاری كوردی.
وەرەقەكانم دایەوە دەستی و وتم: كاكە یەكێتی و پارتی بۆ ئەمە رەدفعلی زۆر توندیان ئەبێ. بە توڕەییەوە وتی: چی ئەكەن بابیكەن، ئەم ماڵە دو قەنەفشڕی تێدایە بابیبەن، وتم: مەسەلەكە لەوە گەورەترە. ئەبێ خۆمان ئامادەكەین بۆ هەمو ئەگەرێك، تا من لەوێ بوم كاك مستەفا و د. شاهۆ هیچی ئەوتۆیان نەوت، دیاربو لەگەڵ ئەوانیش مناقەشەیان كردبو، سەرقاڵی چاكردنی بون.
دوای گفتوگۆ پێی وتم ئەوە لەسەر ئەوفلاشەیە، بیبەن بۆ بڵاوكردنەوە با لە كەی ئێن ئێن و رادیۆ و سبەی پێكەوە بڵاوبێتەوە، منیش بەپێكەنینەوە وتم پێكەوە بیتەقێنینەوە،. ئەوەی لەو روداوە مێژویەدا بیرم ناچێ مێزێكی بچوك لە ژورەكەدا بو تەزبیحێكی قەزوانی زۆر نایابی لەسەر بو، هێندەی بەیاننامەكە سەرنجم لەسەر تەزبیحەكە بو، حەتمەن كاتێكی ئاسایی بوایە داوای ئەو تەسبیحەم ئەكرد.
١٧-شوبات وەك روداوێكی نەخوازراو:
پاش ماوەیەكی زۆر و سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكان، بەیانیەكیان لەگەڵ كاك نەوشیروان دانیشتبوم باسی خۆپیشاندانەكان و دەرئەنجامەكانیمان كرد، بەوردی پلانەكەی خۆی بۆ باسكردم، خۆشم هەندێك زانیاریم هەبو لەسەری، ئەمە دەقی قسەكانی رەوانشاد خۆیەتی: ”پلانی ئێمە ئەمە نەبو، لەدوای حەوت خاڵەكە خەڵكمان ئامادە ئەكرد چ بە مەیدانی و چ بەگشتی لەڕێی راگەیاندنەوە، كۆمەڵێك خەڵكی باشمان ئامادەكرد كە لە هەولێر هەندێكیان برادەری خۆتن، پلانمان وابو ١-٥خۆپیشاندان بۆ گێڕانەوەی مافخوراوانی بازاڕی نیشتمان لەبەردەم بازاڕەكە دەست پێ بكات، دواتر گروپەكانی زانكۆ پشتیوانی خۆپیشاندانەكە ئەكەن، لەچەند رۆژێكی كەمدا زۆرینەی هەولێر بگرێتەوە، دواتر سلێمانی دەستی پێ ئەكرد و هەمو شت كۆتایی ئەهات، بەڵام پلانەكەمان دزەی كردو پارتی و یەكێتی هەستیان كرد، كۆمەنیستەكانیان هاندا پلانێكی گەورەیان شكستپێهێنا بەناوی خۆپیشاندان بۆ ئاو و كارەبا، بۆیە ١٧ شوبات روداوێكە بە ملماندا درا، ویستمان كۆتایی بێت، بەڵام كە خوێنی خەڵك رژا ناچار بوینە خاوەنی”