Draw Media

چۆن لە (17) ی شوبات تێبگەین؟

چۆن لە (17) ی شوبات تێبگەین؟

2019-02-17 08:46:46


ئەحمەد میرە
 
هەرچەندە ڕەنگە نوسین و قسەکردن دەربارەی ڕوداوەکانی (17) ی شوباتی ٢٠١١ لە ئێستادا کاریگەریی ئەوتۆیان نەمابێت و نەیشتوانێت ڕەهەندێکی نوێی ئەو ڕوداوانە بخاتەڕوو، تەنها لە چوارچێوەی جوینەوەی یادەوەرییەکی سیاسیی گرنگدا لە هەرێمی کوردستان خۆی بەرجەستەبکات.
ڕەنگە هەندێک کەسی تریش قسەکردن دەربارەی ئەو ڕوداوانە وەک تێڕوانینێکی سەرپێیانە نرخاندنێکی سادە بۆ ئەو ڕوداوانە دایبنێت، بەڵام خۆپیشاندانەکانی (17) ی شوباتی ٢٠١١ بوارێکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە مێژووی حوکمڕانیی ناتەندروستی کورد لە باشوری کوردستاندا، هەروەها هۆکارێک بوو بۆ بەرهەمهێنانەوەی ئومێدێکی لەدەستچوو، کە پاش بیست ساڵ لە حوکمڕانیی کورد لە باشووری کوردستان بەرەو نەمان چووبوو. ڕەنگە بە پێوانەکانی ئێستا ڕوداوەکانی (17) ی شوبات جگە لە سەرقاڵکردنێکی جەماوەریی و بێزارکردنی دەستەڵات، هیچی تر نەبووبێت، بەڵام لە ڕاستییدا (17) ی شوبات بەشێکە لەو ساتەوەختە زیندووەی، کە هەموو نەتەوەیەکی کپکراو لە ساتێکی دیاریکراوی مێژووییدا دەبێت ئەنجامیبدات. واتە دەتوانین ناویبنێین ساتەوەختی ڕەتکردنەوەیەکی کوردییانە بۆ دەستەڵاتی کوردیی. پشتکردنە ئەو مێژووە پڕ درۆو بڵاوەی، کە بە ناوی شۆڕش و کوردایەتییەوە بۆ خەڵک دروستکرابوو. چونکە ئەو ساتەوەختەی مرۆڤی ناو کۆمەڵگایەکی قوربانیی لە شۆڕشگێڕەکانی خۆی یاخیدەبێت، ساتەوەختێکی هێجگار گرنگەو پڕە لە وزەی یاخییانەو هەنگاونان بۆ شۆڕشێکی تر. 
لەلایەکی ترەوە (17) ی شوبات بووە هۆی ئەوەی، کە چیی تر شۆڕش و شۆڕشگێڕەکان لە فەرهەنگی سیاسیی کورددا وەک کردەیەکی پیرۆز و مرۆڤگەلی پیرۆز وێنانەکرێن، بەڵکو وێنەی شۆڕشگێڕەکان لە قوربانییەوە گۆڕا بۆ جەللادێکی گرژ و مۆن. ئەگەر ڕونتر بڵێین، دەتوانین ئاماژە بۆ ئەوە بکەین، کە (17) ی شوبات توانیی قۆناغی قوربانیدان و قۆناغی دڕندەیەتیی لە مێژووی شۆڕشگێڕەکانی کورددا بەتەواوەتیی لەیەک نزیکبکاتەوە، بە واتایەکی تر دیواری جیاوازیی نێوان ئەم دوو قۆناغەی لەبەریەکهەڵتەکاند.
هەرچەندە پاش هەشت ساڵ لەو ڕوداوانە، بەدەر لە سیاسییە حوکمڕانەکان، بەشێک لە دەستەبژێری نوسەر و ڕۆشنبیرەکان پێیانوانیە، کە ڕوداوەکانی (17) ی شوبات و بکەرەکانیشی تەنها وێنەیەکی درێژکراوەی ناشیرینییەکانی دەستەڵات بوون، بەڵام لە فۆڕمێکی جیاوازدا. ئەم جۆرە تێڕوانینە بەتەواوەتیی لە دوا ڕۆمانی (بەختیار عەلی_ داریاس و لاشەکان) دا دەردەکەوێت. بەم پێوانەیە، هەموو ئەوەی، کە ڕویداوە، جگە لە وەهمێک هیچی تر نییە، تەنانەت شۆڕش و شۆڕشگێڕە نوێکانیش بەشێکن لەو دۆخە ناشیرینەی، کە لە وڵاتی ئێمەدا ڕودەدات.
بەڵام بەدەر لەو بۆچوونانە، (17) ی شوبات توانیی واتایەکی تر بە خەباتی شەقام بدات و تا ئەندازەیەکی زۆریش ئەو ئەرکە سیاسییەی لەسەر شانی بوو بەجێیبگەیەنێت، بەدەر لە هەموو گوتارێکی سۆزداریی، (17) ی شوبات پێویستییەکی سیاسیی بوو، کە هەموو کۆمەڵگایەک لە ڕەوتی بەرەوپێشچوون و گەشەپێدانی پرۆسەی دیموکراتیدا پێویستیی زۆری بەم جۆرە ڕوداوانە هەیە. هەر بۆیە ناکرێت ئەو ڕوداوانە لە یەک ڕەهەندەوە سەیربکرێن، واتە نابێت ڕوداوەکان وەک وەهمێکی سۆزداریی دەربخرێن، یاخود وەک مامەڵەی بەرژەوەندیخوازانەی هەندێک ڕەوتی سیاسیی لێکدانەوەیان بۆ بکرێت، بەڵکو پێویستە وەک ساتەوەختێکی زیندوو و پڕ لە جوڵەی بزاوتی ناڕەزایی و یاخیبوونی جەماوەریی لە مێژووی نوێی کورددا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand